پەسار
1. شوێنی سێبەر، نسار، نسرم؛ 2. پەنای با، پەنای باراننەگر؛ 3. حەشارگەی راوچی.
هۆنیا
خۆنیا، خۆن لە زاراوەی پالەوی یان کەڵوڕی کۆندا مانای خۆش و ئاواز دەدا. ئەم وشەیە لە کۆندا بە پێی نووسراوەیەکی (خاتوو ماری بۆییس)، کە لەمەڕ خونیاگەریی یان بەیتبێژی لە کۆپەڕی (خونیاگەری لە ئێرانی گەورەدا!!!) بڵاوی کردۆتەوە و وەرگێڕدراوەتە سەر فارسی، ئاماژەی بەوە کردووە: وشەی خونیا لە بنەڕەتدا هۆنیا بووە کە تیپی یەکەمی واتە: (هـ) ، کراوە بە (خ)! وشەی خونیاگەر لەم وشەیە بە ئاوێتەی دوو وشەی (خۆنیا و گەر)درووست کراوە کە لە بنەڕەتدا (هۆنیا واچ) بووە! دیتنەکەی ماری بۆییس، درووستە بەڵام، لە بنەڕەتدا وا نییە و هۆنیاواچ، لە زاراوەی هەورامیدا واتای بەیتبێژ دەدا. هۆنیا واتە: خۆش، گۆرانیی خۆش و واچیش یانێ: گوتن و خوێندن. لە ئێرانی کۆندا دوور نییە دوای ساسانییەکان، وشەی (هۆنیا واچیان کردووە بە خونیاگەر و خونیاگەریان کردووە بە ڕامشگەر و ڕامشگەریان کردووە بە چامەگوو!) خۆنیاگەر کەسێ بووە کە بەیتبێژ و گۆرانیبێژ بووە، واتە هەم هۆنراوەی داناوە، هەمیش بە گۆرانیی گوتوویەتی. ئەم شێوە گۆرانیگوتنە تەنیا لەناو کوردەکاندا باو بووە و ئەمڕۆش شوێنەوارەکەی ماوەتەوە و لە باکووری کوردستانی گەورە، واتە لە کوردستانی ژێردەستی تورکیە و ئێراق و سووریە و ئێران و تەنانەت ئەو کوردانەی کە ئەرمەنستان و ئازەرباییجان و گورجستان و ئەو وڵاتانەی کە کوردی بۆ هەڵداژراوە باوە و ماوە. بەو گۆرانیبێژانەش کە ئەم گۆرانییانە دەچڕن، دەڵێن: بەیتبێژ. بەیت کە هیچ پێوەندییەکی بە (بێت)ی عەرەبییەوە کە واتای خانوو دەدا، نییە، بەڵکوو واتە شعر کە ڕیشەی هەمان وشەی پادی ئاڤێستایی دەدا کە واتە شعر و لە ڕیشەی (پۆیێت)ی لاتینیی کەوتۆتەوە کە واتای شاعر دەدا. وەکوو بەیتی وەیس و ڕامین کە لە بنەڕەتدا کوردییە و بە زاراوەی کوردیی کەڵوڕی گوتراوە و بە هەڵە یان بە ئەنقەست لە ئێراندا پێیدەڵێن: زبان پهلوی!! و پاشان بە مەبەستی نزیککردنەوە لە فارسیی، وەکوو هۆنراوەکانی بابا تاهیری عوریان کە ئەویش بە زاراوەی کەڵوڕی گوتراوە دەستیان لێداوە!! لە زمانی کوردیدا بەو داستان و چیرۆکگەلەی کە لە کۆندا سینە بە سینە ماونەتەوە و زۆر داستانی حەماسی و کۆمەڵایەتی دیکە کە بە ئاواز دەگوترێ، دەڵێن: بەیت. بەیت لەگەڵ دەسگای بەیات کە لە فارسیدا شووری پێدەڵێن، یەک ڕیشەیە. بەیت لەباری کۆمەڵناسی و مێژوو و جوغرافیاوە گرنگە. ئاوازەکانی حەیران و لاوک و حەیرانۆک، کە لە مێلۆدییە کۆنەکانی کوردین، سەر بە بەیتن. بەیت جۆری جیاوازی هەیە، وەک چۆن لە ناوەڕۆکدا تەواو کوردییە، لە قاڵبیشدا هەروەهایە. بڕوانە بۆ گاتا.
ڤارکۆ
نێوی کێوێکە لە ناوچەی دەرسیم، لە کوردستانی تورکیە.
چەپکە
دهسکهگوڵ، چهپکه گوڵ.
ئیلام
ئالام، ئەیلام، ئیلام: بە زاراوەی ئاوێستایی مادی، واتە جێگای هەڵاتنی خۆر. هەرێمێکە لە کوردستان کە یەکێ لە زێدە کۆنەکانی کورد بووە لە درێژەی مێژوودا؛ زمانی خەڵکی ئیلام زاراوەیێکە لە زمانی کوردی کە پێیدەگوترێ: کەلهوڕی یان لەکی، بەڵام لە راستیدا دەبێ بە زاراوەی ئیلامییەکان بڵێین: فەیلی یان پالەوی کۆن کە هەمان زاراوەی کەلهوڕییە و زمانی گاتاکانی زەڕدشتە؛ ئیلام لە کۆندا بەر لەوەی کە ببێ بە ئوستان پێی گوتراوە: پشتکۆ؛ ئیلام لە کۆندا دەوڵەتێکی گەورە بووە و پایتەختەکەی شووش بووە، ئەو دەوڵەتە لە سەردەمی خۆیدا داگری: خووزستان و لورستان و پشتکۆ و کێوەکانی بەختیاری بووە؛ سنووری دەوڵەتی ئیلام لە رۆژهەڵاتەوە رۆباری دیجلەوە بووە و لە رۆژاواوە ویلایەتی فارس یان شیراز، لە باکوورەوە شارەکانی بابل و هەمەدان و لە باشووریشەوە کەنداوی فارس و بووشار، شارە بەنێوبانگەکانیشی: شووش و ماداکتۆ و خایدالوو، خاڵدا، یان (خوڕەماوا)ی ئێستا بووە. خەڵکی ئیلام زمان و خەتی تایبەت بە خۆیان هەبووە و بتپەرست بوونە. مێژووی ئەم دەوڵەتە سێ سەردەم بووە: سەردەمی یەکەم، هاوسەردەمی سۆمەرییەکان و ئەکەدەکان، سەردەمی دووهەم، هاوسەردەمی بابلییەکان و سەردەمی سێهەمیش هاوسەردەمی ئاشووریەکان بوونە، بەڵام ساڵی 645 ی بەر لە زایین بە دەست ئاشوورییەکان دەوڵەتەکەیان هەڵدەوەشرێ؛ دوای ئەوە ئیلامییەکان کە بە لۆلۆییەکانیش نێوبراون، لەگەڵ مادەکان و تیرەکانی دیکەی کوردستان یەک دەگرن و لە ساڵی 580 ی بەر لە زایین ئاشوورییەکان لەناو دەبەن و دەوڵەتی ماد دادەمەرزێنن. .
شۆڕەتوو
جۆرێ دار توو کە لقەکانی شۆڕ دەبنەوە.
پاوێرە
نێوی کوردیی گوندێک بووە لە باکووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.
ئاهوو
ئاسک، مامز، کهژاڵ.
دەنگار
کانیاوێکە لە بن چیای (هەندرێن) له باشووری کوردستان.
خرینگە
1. زڕهی بازنه و دهنگی پاوانه و زیوهری دیکه؛ 2. خشڵێکی ژنانهیه؛ 3. سهربهندی گۆرانییهکی کوردییه.