خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ئاراس حسۆ

 

کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ " لە ٢٣ چیرۆک پێک هاتووە و سەرجەمیان لەلایەن نووسەرانی کۆبانییەوە نووسراون. ئەم کتێبە بەرهەمی هاوبەشی ١٢ نووسەر و مامۆستایە کە دوای بەرخۆدانی کۆبانی نووسیویانە و چاپیان کردووە. ئەو کەسانەی لەم بەرهەمەدا نووسیویانە بریتین لە: "ئاراس حسۆ، عەدنان حەسەن، حەیسەم موسلیم، جیهان حەسەن، ڕدوان دەهارۆ، شڤین ئەحمەد، سەلاح موسلیم، سۆزدار مەحموود، زیلان حەمۆ، ڕۆدین محیدین، نەسرین کەنان و مەهریڤان بەیرۆ".

هەر چیرۆکێک بە زمانێکی پاراو و بە کورمانجییەکی سادە و هەندێکجاریش "کۆبانکی" نووسراوە و ئازار و قەهری ئەو ڕۆژانەمان بیر دەخاتەوە. بەرخۆدانی کۆبانی قۆناغێکی چارەنووسسازە لە یادەوەریی کورداندا. ئەو شارە کە ڕەنگە پێشتر لەلایەن زۆرێک لە کوردانەوە نەناسرابێت، لە دڵ و مێشکدا کوردانی یەک خست.

ئەم کتێبە کە لە ١٤٤ لاپەڕە پێک هاتووە، هەم لەلایەن وەشانگەی "شلێر"ی ڕۆژاوای کوردستانەوە و هەم لەلایەن وەشانگەی "ئاریەن"ەوە چاپ کراوە. نووسەری کورد "حەلیم یووسڤ" کە پێشەکیی کتێبەکەی نووسیوە، سەبارەت بەم چیرۆکانە دەڵێت:

"چیرۆکەکانی ئەم کتێبە ئەوە دەردەخەن کە لەو ڕۆژانەدا چی لەم شارەدا دەقەوما. باوەڕم وایە ئێوە دەزانن کە من لێرەدا باسی کۆبانی دەکەم. ئەمە گۆشەیەکە. لەلایەکی ترەوە ئەم چیرۆکانە بە دەستی خودی منداڵانی کۆبانی، بە قەڵەمی کچ و کوڕەکانی کۆبانی نووسراون. بۆیە تەنیا ئەو چیرۆکانە نین کە بیستراون و گێڕدراونەتەوە، بەڵکوو زیاتر لەوەش چاوەدێریی ڕاستەقینەی خودی نووسەرانی چیرۆکەکانن. هەروەها بەشێک لەو چیرۆکنووسانە شاهیدی ئەو قۆناغە سەخت و گرینگەن کە کۆبانی نەتەنیا لە دیاریکردنی چارەنووسی کورد، بەڵکوو بە گشتی لە دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکەش ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە...

(...)

تایبەتمەندیی ئەم چیرۆکانە تەنیا لە ڕووی ناوەڕۆکەوە نییە، بەڵکوو بواری فۆڕم، زمان و شێوازی نووسینیش دەگرێتەوە".

نووسەرانی ئەم کتێبە بە ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمە، هەتا توانیبێتیان هەوڵیان داوە کە بەرهەمەکە وەک لە ناوەکەشییەوە دیارە، باسی بەرخۆدانی کۆبانی بکەن. ئەوان هەوڵیان داوە لە نووسینەکانیاندا باسی بەرخۆدان، سەربڵندی، دەربەدەری، هاوڕێیەتی، ئازار و خۆشییەکان بکەن. هەر جارەو سەرنج دەدەین، بۆمان دەردەکەوێت کە گۆشە شاراوەکانی ئەم بەرهەمە زۆرن، بۆ نموونە چیرۆکە نەگێڕدراو و شاراوەکان لە گۆشەکانی سەردەمی بەرخۆدان بە وردی دەردەبڕدرێن.

بۆ نموونە لە چیرۆکی "شەهیدێ وارێ کەچا خوە"دا شاهیدی ئەوە دەبین کە پاڵەوانی چیرۆکەکە (محەممەد تەکەرجی)، وێڕای بەساڵاچووییەوە، چۆن بە پیشەکەیەوە لە کاتی بەرخۆداندا یارمەتیی شەڕڤانان دەدات. لە چیرۆکی "قەدەرا قەدەرێ" دیسان شاهیدی سەفەری "کادەر ئۆرتاکایا" دەبین و دیسانەوە لەحنەت بۆ دڕندەیی دوژمن دەنێرین. هەروەها لە چیرۆکی "دودلی"، لە چاوی کچی "دەلال زانا"، ئەو ڕۆژانە سەرلەنوێ بەسەر دەکەینەوە کە قەدری قسەی خەڵکەکەی نەدەزانی کە دەیانگوت "تۆ جوانیت"، بەڵام دوای لەدەستدانی چاوێکی لە شەڕدا دەڵێت: "من بێدەنگ مام و پزیشک چوو. لە ئاوێنەدا سەیری خۆمم کرد، بەڵام ئەمجارە بە چاوێکی زۆر جوان خۆمم بینی...". لە چیرۆکی "ژیانەک ژ گۆرنێ" دەبینین چۆن لەو زستانە ساردەدا، حەمۆ و منداڵان لە بیابانی تلشیردا سێ گۆڕیان بۆ خۆیان هەڵکەندبوو، وەک کێبڕکێیەک لە دژی مردن ئەو گۆڕانەیان کردبووە گۆڕی هیوای ژیان.

"حەلیم یووسڤ" لە کۆتاییی پێشەکییەکەیدا بۆ ئەم کتێبە دەڵێت:

(...)

"ئەم چیرۆکانە هەم بە شوێنپێی مەرگ لە هەر چیرۆکێکدا ئازاریان دام و هەم بە تۆمارکردنی گرینگترین ساتەکانی مێژووی وڵاتەکەمان کە ئازادیی لێ کەوتەوە، دڵخۆشیان کردم. نازانم هەمووان چێژ لە چیرۆکەکانی ئەم کتێبە وەردەگرن یان نا، بەڵام دەزانم خوێنەری ئەم کتێبە ناتوانێت جارێکی تر بە ئاسانی سەیری دوو چاوی پڕ لە فرمێسکی نیشتمانەکەی بکاتەوە و دڵی تەنگ نەبێت".

 

KURDŞOP
453 بینین

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

لێکۆڵینەوەی دوو شیعر لە شاعیرانی کورد لەقەفقازی ڕووسیە

بەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ کوردەکانی ئەرمەنستان نەخوێندەوار بوون. بەڵام گەنجینەی ئەدەبیی ئەوان لە ناو کوردناسان و ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووس و ئەورووپی بووە هۆی سەرسوڕمان و دوای فێرکردنی خوێندەواری و پەرەپێدانی خوێندن لە نێو ئەوان، توانیان دەرگایەکی نوێ لە وێژەی کوردی بکەنەوە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!