ئاکرێ، شارێکی دێرین و پایتەختی نەورۆزی کوردەواری

 

هانی مورتەزا

 

جوگرافیای ئاکرێ

قەزای ئاکرێ یەکێک لە گرنگترین قەزاکانی باشووری کوردستانە کە سەر بە پارێزگای دهۆکە و یەکێکە لە قەزا ڕازاوەکان و دێرینەکانی کوردستان و خاوەن ئاوهەوایەکی فێنکە. ئاکرێ لە سێ لاوە بە شاخ و کێوی بەرز دەورە دراوە. لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئامێدی هاوسنوورە. پارێزگای موسڵ لە باشوورەوە لێوەی نزیکە. ڕووبەرەکەی دەگاتە 6418 کیلۆمەتر چوارگۆشە.

لە ڕووی بەرزییەوە نزیکەی 280 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ساڵی بە قەزا بوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1877.

قەزای ئاکرێ دەوڵەمەندە بە بەرووبومی خۆراکی و بەرهەمی سروشتی.

لە ساڵی 2010 دا ژمارەی دانیشتوانی ئەم قەزایە 152,124 کەس بووە. قەزاکە  چوار ناحییە لە خۆ دەگرێت کە پێکدێن لەمانە :

١- بجیل.

٢- ئاکرێ.

٣- دینارتێ.

٤- گردەسێن.

 

مێژووی ئاکرێ

قەزای ئاکرێ یەکێک بوە لە شارە ناسراوەکان لە کۆندا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی تەباشیرییەکان کە دەکەوێتە حەوت سەد ساڵ پێش زاین. دەگوترێت و بیروڕای زۆر هەیە لەسەر ئەوەی ئاکرێ لەسەر دەستی کەسێک دامەزراوە ناوەکەی "الامیر زید" بووە کە پاشایەکی زەردەشتی بووە.

لە چەند کتێب و ئەتڵەسی وڵاتاندا ناوی ئاکرێ هاتووە. لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکان ئاکرێ سەر بە میرنشینی بادینان بووە. بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2010زۆرینەی دانیشتووانی ئاکرێ کوردن.

ئاکرێ خاوەنی چەندین شوێنەواری کۆنە. یەک لەوانە قەڵای ئاکرێیە کە دەکەوێتە بەشی باکووری شارەکە و بە دیاریکراوی لەسەر شاخێکی بەرز دروست کراوە. ئەم قەڵایە بە دووریی 450 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و 580 ساڵ پێش زایین بنیات نراوە. ئەم قەڵایە بە پێی سەردەمەکان جێگا و مەکانی پاشا و میرنشینە جیاوازەکان بووە. قەڵاکە لە چەند نهۆمێک پێکهاتووە و چوار ستوونی تێدایە هەر یەکێکیان بەرزییەکەی 11 مەترە و لە ناوەڕاستی قەڵاکە بەردێکی پان و گەورەی تێدایە.

 

ناوی ئاکرێ

دەگوترێت ناوی ئاکرێ ناوێکی ئایینیە و لە وشەی ئاگرەوە هاتووە چونکە لە سەردەمی "ئەمیر زەید" ئایینی زەردەشتییان پەیڕەو کردووە و ئاگر پەرەست بوون بۆیە ناوی لێ نراوە ئاکرێ.

بوچوونی تر هەیە وەک مێژوونوسی موسڵی "یاسین خیرللە العمری" دەڵێ ئاکرێ لە سەردەمانێکدا ناسراو بووە بە "ئەستەموڵی بچووک". ئەم شارە لە بەشێکی سەرچاوە عەرەبیەکاندا بە "عقرە" ناوی هاتووە.

گەشتوگوزار لە قەزای ئاکرێ

لە ڕووی دابەشبوون و هەڵکەوتەی جوگرافیایی، قەزای ئاکرێ بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ کەرتی گەشتوگوزار. بەتایبەتی بە هۆکاری هەبوونی ئاو و هەوایەکی گونجاو و فێنک، بووەتە ناوچەیەکی ناوداری گەشتیاری لە کوردستان. لە وەرزی بەهاراندا کە بە شێوەیەکی جیاواز و ڕازاوە ئاگری جەژنی نەورۆز لەسەر چیای "کەلێی کۆن"ی ئاکرێ دەکرێتەوە، کە ئاڵای کوردستانی لەسەر شاخەکەوە هەڵدەدرێ و هەزاران مەشخەڵ دادەگیرسێنرێت، گەشتیارێکی زۆر ڕوو لەم ناوچەیە دەکەن.

گەلی زەنتا لە ئاکرێش بەهۆی هەبوونی سەرچاوەی ئاو و دار و درەختی زۆر لە ناوچەکەدا، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێ دەکەن. هەروەها قشڵەی عوسمانی لە ئاکرێ یەکێکە لە بینا مێژووییەکانی قەزای ئاکرێ و دەکەوێتە سەنتەری بازاڕی ئاکرێی کۆن و بە یەکێک لە شوێنەوارە مێژووییە گرنگەکانی قەزاکە دادەنرێت.

هەروەها کومەڵێک گەڕەکی کۆن و خانوو و ئاسەواری کۆن لە ناوەندی قەزاکەدا هەن.

کشتوکاڵ لە قەزای ئاکرێ

 ئاکرێ لە ڕووی چالاکیی کشتوکاڵییەوە گرنگییەکی زۆری لە ئاستی باشووری کوردستاندا هەیە. چەندین جۆر بەرووبومی کشتوکاڵیی تێدا دەچێنرێت کە بووەتە هۆی پڕ کردنەوەی پێداویستیی ناوخۆی قەزاکە و هەناردە کردنیشی بۆ زۆربەی ناوچەکانی تری کوردستان. تەنانەت هەندێک لە بەرووبومەکانی خواستی کەسانی بیانیی لەسەرە. چەند پیشەسازییەکی گرنگیش لە خۆ دەگرێ بۆ گۆڕینی کەرەستەی خاوی کشتوکاڵی بۆ بەرووبومی تەواو دروست کراو وەک : کارگەی دروستکردنی زەیتی زەیتوون.

گرنگترین ئەو بەرووبومە کشتوکاڵییانەی لە قەزای ئاکرێ ناوبانگیان هەیە

١- هەنجیر

٢- سماق

٣- زەیتوون

٤- فستق

٥- تەماتە

٦- برنج

ئەمانە و چەندین بەرووبومی تر لە سنوری قەزاکەدا دەچێنرێن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی گرنگی دەستنیشان کردووە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی توانستە سروشتی و مرۆییەکانی قەزای ئاکرێ.

KURDŞOP
214 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!