ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

بێهزاد قادری

 

لە کاتی گەڕان لە ماڵپەڕەکانی هەرێمی کوردستاندا، چاوم بە هەواڵێکی زۆر دڵخۆشکەر بۆ کوردستان و کوردستانییان کەوت. هەواڵێکی پەیوەندیدار بە ئێستا و ڕابردوومانەوە، هەواڵێک کە ڕاستەخۆ کاریگەریی لەسەر مێژوو و ناسنامەی ڕاستەقینەمان هەیە. هەواڵێک بە سەردێڕی: "ئەمریکا ٣٦٠ ئاسەواری مێژوویی بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە." سەرەتا پێم باشە وەک خۆی باسی ئەم هەواڵە بکەم و دواتر بە کورتی بپەرژێمە سەر گرینگیی ئەم بابەتە.

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی فێڤرییەی ٢٠٢٤ (١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی)، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، "کەیفی مستەفا"، ڕایگەیاند: "شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستانیان کردووە و بڕیارە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارچە ئاسەوارانەی کە لە ڕابردوودا خاوەندارێتییان بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کار بکەن."

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە شاندەکە پێیان گوتوون کە ٣٦٠ پارچە ئاسەوار لەلای ئەوانە. هەروەها زیادیشی کرد: "لە هەرشوێنێک ئاسەوارێک هەبێت، هی هەر سەردەم و ساڵێک بێت و پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە بێت و موڵکی هەرێمی کوردستان بێت، هەروەها لەلایەن لیژنەی پسپۆڕەوە پشتراست بکرێتەوە، ئەوا بۆیان دەگێڕنەوە."

شایانی باسە کە لەم هەواڵە دڵخۆشکەرەدا، بابەتێکی دڵخۆشکەری تریش هەیە؛ شاندەکە باسیان لەوەش کردووە کە ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار هەر پارچەیەکی ئاسەواریان لە وڵاتانی دەرەوە بەدی کرد و گەر خاوەندارێتییەکەی بۆ هەرێم بگەڕێتەوە، دەتوانن لە گەڕاندنەوەیان بۆ مۆزەخانەکانی هەرێمی کوردستان هاوکارییان بکەن.

پێویستە لەسەر ئەمە جەخت بکەمەوە کە هەواڵی لەم شێوەیە بۆ کوردستان و کوردستانییان زۆر گرینگە و دەبێ گرینگیی زیاتریشی پێ بدرێت، چونکە ئەمە بابەتێکی زۆر هەستیارە و کارکردنی زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە، کارکردنە لەسەر مێژووی ڕاستەقینەمان و جەختکردنەوەیە لەسەر ناسنامەمان. واتە، بە گەڕاندنەوەی ئەم ئاسەوارانە، پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد و زانستییان لەسەر بکرێت. هەروەها پێویستە لە مۆزەخانەکاندا بەباشی بپارێزرێن و دێکیۆمێنتاریی بەهێزیان لەسەر دروست بکرێت و لەم ڕێگایەوە هەوڵ بۆ گەڕانەوەی پارچە ئاسەوارەکانی تری کوردستان لە وڵاتانی تر بدرێت.

میراتی بەجێماو لە ڕابردووەکان لەسەر خوێندنەوە و زانینی مێژووی ڕاستەقینەمان کاریگەرە. بە دەیان ساڵە داگیرکەرانی کوردستان بە تاڵانکردنی ئاسەوارە مێژوویییەکانمان، هەوڵیان داوە مێژوویەکی چەواشەمان دەرخوارد بدەن. بەڵام خاوەندارێتیکردنمان لە ئاسەوار و شوێنەوارە مێژوویییەکانمان و هەروەها لێکۆڵینەوە لەسەریان، هەموو پلانەکانی داگیرکەران هەڵدەوەشێنێتەوە. هەروەها پاراستنی ئەم میراتانە، زۆر زۆر گرینگە، چونکە هەر کامەیان باس لە بەرەکانی ڕابردوومان دەکات و لە توێ‌توێی هەر کامدا ڕووداوێک، قۆناغێک، چیرۆکێک و بەسەرهاتێک شاردراوەتەوە. لە یەک ڕستەدا دەتوانین بڵێین کە میراتە مێژوویی و فەرهەنگییەکانمان، ئێمە و ڕابردوو و مێژوومان پێکەوە گرێ دەداتەوە.

"مێژوو"ی هەر نەتەوەیەک بۆ خۆی یەکێکە لە پێکهێنەرانی "ناسنامە"ی ئەو نەتەوەیە. لەم نێوانەدا، "میراتی فەرهەنگی و ئاسەوار و شوێنەوارە مێژووییەکان"، بە هەموو ڕەهەندەکانیانەوە، بەشێکن لە مێژوو. جیهان پڕە لە میرات و ئاسەواری کۆن؛ زۆرێک لە شار و گوندەکان، چەند بینا یان شوێنی مێژوویی، یان داب و نەریتێکی لۆکاڵییان هەیە کە هەوڵ دەدەن بە پاراستنیان، پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ڕابردووی خۆیان بپارێزن و خۆیانی پێ پێناسە بکەن. بەداخەوە لەمبارەوە ئێمەی کوردستانی، بەهۆی داگیرکرانی خاکمان لەلایەن داگیرکەرانەوە (فارس، تورک و عەرەب) و پلانە کۆلۆنیاڵیستییەکانی ئەوانەوە، نەمانتوانیوە بە شێوەیەکی زانستی و بەهێز، پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ مێژوو و ڕابردووی ڕاستەقینەی خۆمان بەباشی بپارێزین. بەڵام نموونەی ئەم هەواڵەی کە باسم لێوە کرد، هەنگاوێکی زۆر باش و کاریگەر دەبێت و دەبێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەوە هەوڵی زیاتر بدات؛ چونکە ئەم میرات و ئاسەوارانە بەشێکن لە میراتی نیشتمانیی ئێمە و نەتەنیا دەتوانن سەرنجی کوردستانییان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، بەڵکوو دەتوانن سەرنجی هەموو دونیا بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و ئێمەش بە شێوەیەکی جیددیتر لەسەر ناسنامەی کوردستانیبوونی خۆمان پێداگری بکەین و ناسنامەی ساختەی داگیرکەران کە بۆیان داتاشیوین، بە شێوەیەکی بەهێزتر و بە ڕێفرێنسەوە ڕەت بکەینەوە.

هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە ئاسەوار و شوێنەوارە مێژوویییەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا بەشێک لە ئاسەوار و شوێنەوارە مێژوویییەکانی کوردستانی گەورەن، بەڵام هەرێمی کوردستان لە سایەی حکوومەتی کوردییەوە لانیکەم دەتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خاوەندارێتی لە ئاسەوارە بەتاڵانبراوەکانی بکات. هەروەها ڕەنگە بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژاوای کوردستانیش بتوانێت ئەو کارە بکات، یان هەوڵی بۆ بدات. بەڵام بەداخەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی داگیرکراودا ئەم هەوڵانە لە ئێستادا ناشۆیە. ئەمە بەو واتایە نییە کە ڕۆژهەڵاتی و باکوورییەکان خاوەندارێتی لە ئاسەوار و شوێنەوارە مێژوویییەکانیان نەکەن؛ بەڵکوو دەبێ زۆرتر لە خەمی میراتی مێژووییی خۆیاندا بن و بیانپارێزن و نەبن بە بەشێک لەو سیستەمەی کە لە هەوڵی تاڵانکردنی ئاسەوارەکانمان و وێرانکردنی شوێنەوارە مێژوویییەکانمانن.

بۆ نموونە، دزین و تاڵانکردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێران و سپای پاسدارانەوە، کردەوەیەکی نوێی ئەم تاڵانچییە گەورانە نییە، بەڵکوو ساڵانێکی دوورودرێژە کە مافیاکانی ڕێژیم، لە ڕێگای کەسانی بەرژەوەندیخواز و پارەپەرستی کوردستان و لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە خەریکی تاڵانکردنی سەرجەم ئاسەوار و شوێنەوارەکانی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە زۆرێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان بەهۆی ئاوڕلێنەدان و نۆژەن نەکردنەوەوە، لەنێو چوون یان بەرەو لەنێوچوون دەڕۆن.

لە کۆتاییدا ئەوە بڵێم کە مەبەستی داگیرکەرانی کوردستان تەنیا بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان و لەنێوبردنی شوێنەوارە مێژوویییەکلانمان نییە، بەڵکوو دەیانەوێت ناسنامەی نەتەوەکەشمان بەتاڵان ببەن. ئێمەش بە هەموو توانامانەوە نابێ ڕێگەیان پێ بدەین و دەبێ خاوەندارێتی لە میراتە مێژوویییەکانمان و ناسنامەمان بکەین.

KURDŞOP
594 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

دەروونناسیی فاشیزم چییە؟

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!