کورتەباسێک لەسەر مێژوو و واتای نەورۆز

زارا عەلی

 

مانگی "ئادار" پڕە لە خۆشی و ناخۆشی. نەورۆزیش جەژنێکی نەتەوەییی گەلی کوردە کە هەموو ساڵێک لەم ڕۆژە پیرۆزەدا شاد و بەختەوەر دەبن. بۆ گەلی کورد نەورۆز ئازادترین و کۆنترین ڕۆژە.

لە ساڵی ٢٦١٣ی پێش زایینەوە گەلی کورد لە مانگی ئاداردا جەژنی نەورۆزی خۆی دەگێڕێت و لەسەر لووتکەی شاخەکان، لە شەقام و کۆڵانەکانی کوردستان، ئێوارەی ٢١ی ئادار ئاگری نەورۆز هەڵ دەکەن و گۆرانی و سروودی نەتەوەیی لەسەر نەورۆز دەڵێنەوە. نەورۆز بە واتای "نەوڕۆژ" یان "ڕۆژی نوێ" دێت. نەورۆز، جەژنی کورد و گەلی ئارییە. وەک نەریت و کەلتوورێک نەورۆز بۆ کورد بە واتای جەژنێکی پیرۆزە بۆ ساڵی نوێ.

سەردەمانێک لە وڵاتی باوباپیرانی کوردان، پاشایەک هەبوو ناوی "دەهاک" بوو. دەهاک کەسێکی زۆر ستەمکار بوو. ئەو وڵاتی کوردانی وێران کرد. لە گوند و شارەکاندا خەڵکی نەهێشت. زیندانەکانی هەمیشە پڕ بوون لە زیندانی و جەلادەکانی لە سەربڕین نەدەوەستان.

"دەهاک" هەمیشە بە شێوەیەکی لووتبەرزانە دادەنیشت، ئاڵتوون و زیو، بەردی بەنرخ، مرواری و مەرجانەکانی خەزێنەکەی خۆی دەژمارد. شانازیی بە ئەسپە ڕەوان و ڕەسەنەکانییەوە دەکرد و کەسی لە خۆی بە گەورەتر نەدەزانی. لە کوشتن و وێرانکردن تێر نەدەبوو، دەیویست هەموو ناوچەکان تاڵان بکات.

شەوێک دەهاک خەونێکی ناخۆشی بینی. لە نیوەی شەودا بەهۆی ئازارێکی زۆرەوە لە خەو هەستا. بانگی زانا و پزیشکانی کۆشکی کرد و پێی گوتن: "بەهۆی ئەم ئازارە زۆرەوە، خەو ناچێتە چاوم. خێرا دەرمانم بۆ بهێنن یان سەری هەمووتان دەپەڕێنم".

دکتۆر و پزیشکەکانی کۆشکەکە سەیری لەشی دەهاکیان کرد، چاویان کەوتە سەر دوو برینی سەر هەر دوو شانی. هەموویان سەریان سووڕمابوو!

یەک وشەش لە دەمی کەس نەبیسترا، چونکە هەتا ئەو ساتە هەرگیز برینێکی بەو ڕەنگەیان نەبینیبوو و ئازاری وایان نەبیستبوو، بەڵام دەهاک لەبەر ئازارەکەی بەردەوام هاواری دەکرد:

''چەندە بێدەسەڵات لەسەر سەرمدا وەستاون! خێرا دەرمانێکم پێ بدەن، مردم، سووتام! ئێوە لە باشترین و شارەزاترین پزیشکەکانن. ئەگەر ئێوە دەرمان پەیدا نەکەن، کێ پەیدای بکات؟''

دکتۆرێک دەسپێشخەریی کرد و گوتی: "هەتا ئێستا برینێکی وام نەبینیوە و نەمبیستووە. بەڵام ڕوونە کە مێشکێکی تازە دەتوانێت ببێتە مەرهەمێکی باش بۆ ئەم برینانە".

ڕەنگە دکتۆر ویستبێتی خۆی لەو بەرپرسیارێتییە ڕزگار بکات، بەڵام ئەم پێشنیارە بووە هۆی ئەوەی دەهاک "مێشکی تازە"ی منداڵان بۆ برینەکەی بەکار بهێنێت. فەرمانی دا هەموو ڕۆژێک مێشکی دوو منداڵ بهێنن و بیکەنە قوربانیی برینەکانی سەر شانی کە وەک دوو ماری ترسناک و دەم‌کراوە وا بوون.

بەم شێوەیە ڕۆژانە برینەکانی سەر شانی دەهاک بە مێشکی تازەی دوو منداڵ چارەسەر دەکران، بەڵام هەندێکجار منداڵەکان لەم بەڵایە ڕزگاریان دەبوو.

ئەو منداڵە ڕزگارکراوانە لە شاردا نەهێڵرانەوە و برانە شاخەکان و لەنێو ئەشکەوتەکاندا شاردرانەوە. بە تێپەڕینی کات شاخەکان پڕ بوون لە خەڵکی ڕزگاربوو. ژیان لە ئەشکەوتەکاندا بەردەوام بوو. ئاوی کانیاو، دار و میوەی شاخەکان تێریانی نەدەکرد.

ماوەیەکی زۆر تێپەڕی، بەڵام برینەکانی سەر شانی دەهاک چاک نەبوونەوە. تەنانەت خراپتر دەبوون. ئاگر لە دەمی دەهاک دەباری، ترس کەوتبووە گیانی هەموو کەس. دایکان و باوکان لە ترسی ئەوەی کە نۆرەی منداڵەکانیان دەگات، نەیانتدەوانی بخەون.

هیچ هێزێک نەبوو کە شتێک بە دەهاک بڵێت. لە ترسی منداڵەکانیان، زۆرێک لە خێزانەکان ڕوویان لە شاخە بەرزەکان کردبوو.

"کاوە" ئاسنگەرێکی کورد بوو، منداڵەکانی ببوونە قوربانیی دەهاک. ئیدی چەقۆ گەیشتبووە سەر ئێسکی.

کاوە لە ترسی ئەوەی دوایین منداڵی بکرێتە قوربانی، هاوڕێ و ناسیاوە متمانەپێکراوەکانی کۆ کردەوە و باسی دڕندەیی و پلانی کوشتنی دەهاکی بۆ کردن. پلانی کوشتنی دەهاکی بۆیان ڕوون کردەوە.

هەمووان بیرۆکە و پلانەکانی کاوەیان قەبووڵ کرد و چاوەڕێی بڕیاری ئەو بوون. کاوە گوتبووی کە دەهاک دەکوژم، دەچمە سەربانی کۆشکەکەی و ئاگری تێبەردەدەم. ئەگەر ئاگرەکەتان بینی، بزانن من دەهاکم کوشتووە.

کاوە دەستی کرد بە دروستکردنی چەک بۆ هاوڕێ و هاوکارەکانی و بە نهێنی دابەشی کرد. بۆ خۆی چەکوشێکی دروست کرد، لەوانەی کە ئاسنی پێ دەکوتن. کاتێک سەربازانی دەهاک هاتن تاکوو دوا کوڕی کاوە ببەن، کاوە پێی گوتن: "ئێوە بڕۆن، من دەستی کوڕەکەم دەگرم و دەیهێنم. من دەمەوێت کوڕەکەم بە دەستی خۆم بکەم بە قوربانی لە پێناو تەندروستیی پاشاکەم و بیخەمە بەر پێی پاشاکەم". کاتێک سەربازەکان ئەم هەواڵەیان هێنا، دەهاک دڵخۆش بوو و چاوەڕێی کاوەی کرد.

کاوە چەکوشەکەی بە دەستەوە گرت، کوڕەکەی برد و چووە کۆشکی دەهات. کە گەیشتە دەرگاکە، سەربازەکان دەرگاکەیان بۆ کردەوە. کاوە ڕاستەوخۆ چووە لای پاشا کە لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو.

دەهاک بە کاوەی گوت: تۆ پاڵەوانێکی ناوازەی، هێمای فیداکاریت. بژی!

دوای قسەکانی دەهاک، کاوە لێی نزیکتر بووەوە، قۆڵی کوڕەکەی گرت و لەبەر پێی دەهاکی خست. کاوە چەکوشەکەی بەرز کردەوە، بەڵام لەبری ئەوەی لە سەری کوڕەکەی بدات، بە هەموو هێزی خۆیەوە لە دەهاکی دا. تاجی سەری پەڕی. زۆربەی سەرباز و خزمەتکارەکانی کاتێک بینییان کە بەڕاستی دەهاک مردووە، دڵخۆش بوون و ئەوانی دیکەش پەشۆکان.

کاوە دەستی کوڕەکەی گرت و سەرکەوت بۆ سەربانی کۆشکەکە و لەوێ ئاگرێکی گەورەی کردەوە. کاتێک دۆست و هاوکارەکانی کاوە ئاگرەکەیان بینی، هێرشیان کردە سەر کۆشکەکە و باقیی سەرباز و هاوپەیمانەکانی دەهاکیان بە دیل گرت.

خەڵک کاتێک ئاگری ئازادییان بینی، بۆیان دەرکەوت کە پلانەکەی کاوە سەرکەوتوو بووە و دەهاک کوژراوە و کۆتایی بە ستەمەکەی هاتووە. ئەوانیش ئاگری ئازادییان لەسەر شاخەکان هەڵ کرد.

بەڵام ئەو ئێوارەیە نەک لە شاخەکان، بەڵکوو لە هەموو بەشەکانی وڵات ئاگر کرایەوە. خەڵک لە شوێنە بەرزەکان دەهاتنە خوارەوە و بە مەشخەڵەوە دەچوونە گوند و شارۆچکەکانی خۆیان. ڕۆژی دواتر هەمووان خۆیان ڕازاندەوە و لە گۆڕەپانەکاندا دیلانیان دەکرد و لە سەیرانگەکان کۆ دەبوونەوە و کاتێکی خۆشیان بەسەر دەبرد، ئەو ڕۆژە ٢١ی ئادار بوو.

نەورۆز جەژنی یەکیەتی، خۆڕاگری و ئازادییە.

 

KURDŞOP
123 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!