پێشانگەی هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر

پێشانگەیەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی ماشەڵڵا محەممەدی (ئارێز)، هونەرمەندی شێوەکاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەولێر کرایەوە.

-  بێهزاد قادری

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ (٢٢ی ژوئەن)، کافێ و گەلەریی "کەونارا" لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، پێشانگەیەکی لەژێر ناوی "ژیلەمۆ" بۆ کارە هونەرییەکانی ماشەڵڵا محەممەدی ناسراو بە "ئارێز"، هونەرمەندی شێوەکاری خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە کە هەتا ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ (٢٨ی ژوئەن) بەردەوام دەبێت.

لەم پێشانگەیەدا چەندین تابلۆی نوێی هونەرمەند ماشەڵڵا محەممەدی، هەروەها ئەنیمەیشنێکی چەند خولەکیی ناوبراو بە ناوی "هۆمۆ فیوج"، نمایش کراون.

بەگشتی تابلۆکانی ئەم پێشانگەیە باس لە مرۆڤی کورد و ژیانی لادێنشینی دەکەن، لەمبارەوە هونەرمەند ماشەڵڵا محەممەدی لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی "کوردشۆپ" گوتی: "بەگشتی کارە هونەرییەکان بەشێکن لە ژیانی هونەرمەندان. لێرەشدا تابلۆکانم باس لە ژیانی کوردەواری دەکەن، ئەویش لە ڕوانگەی تایبەتی خۆمەوە، نەک وەک ڕوانینی وێنەگر یان مێعمارێک. من ئەو خانووانە وەک کارێکترێکی مرۆیی دەبینم؛ ئەو کارێکترانە بەگشتی لە کەشێکی سارددان و ڕەنگە باس لە زستانێک بکەن. هەروەها بەپێچەوانەی کەشی دەرەوە کە سارد و سەهۆڵبەندانە، نێو خانووەکان گەرمە و دەڵێی ئاگرە. ئەمە باس لە دەروونی مرۆڤی کورد دەکات. بەگشتی هەوڵم داوە ئەمە ببێتە ڕوانگەی تایبەتی خۆم بۆ پرسەکە".

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم پێشانگەیە، ڕەنگدانەوەی "ژنی کورد"ە لە تابلۆکاندا. هونەرمەند ماشەڵڵا محەممەدی لەمبارە گوتی: "من لە ٣٥ ساڵی ڕابردووەوە زۆرتر لە دووسەد تابلۆی ژنم کێشاوە و باسم لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ژنی کورد کردووە و زۆر جار باسم لە تەنیایی و ڕەنجەکانی کردووە. هەڵبەت باسکردن لە تەنیاییی ژن لای من بەو واتایە نییە کە کەس یان کەسانێک لەلای ئەو ژنە نین، بەڵکوو بە واتای تێنەگەیشتن لە ژنە لەلایەن نزیکترین کەسانیەوە، وەک کوڕ، مێرد، برا و باوک".

لە تابلۆکانی هونەرمەند "ماشەڵڵا محەممەدی"دا گرینگییەکی زۆر بە ژیانی لادێنشینی دراوە. لەم پەیوەندییەدا ناوبراو گوتی: "هەر لە منداڵییەوە حەزم لە گوندەکان بووە و هەر کات دەرفەتێکم بۆ هاتبێتە پێش، سەردانی گوندەکەمانم کردووە. ژیانی لادێنشینیم زۆر پێ خۆش و تایبەت بووە. تەنانەت شێوەی مێعماریی گوندەکانیش لەلام سەرنجڕاکێش بوون، چونکە ڕۆحییەی کوردیمان پیشان دەدەن، بۆیە هەمیشە ئەو وێنانە لە مێشک و خەیاڵمدا بوون و کاریگەرییان لەسەرم بووە".

هونەرمەند ماشەڵڵا محەممەدی لە کۆتاییدا و لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە چۆن بوو لە هەولێر بڕیاری کردنەوەی ئەم پێشانگەیەی دا و ڕێژەی سەردانی خەڵکی پێ چۆنە، گوتی: "کاتێک هونەرمەند کار دەکات، پێی خۆشە بە شێوەیەکی بەربڵاو کارەکانی پیشان بدات تاکوو ببینرێن. بەم مەبەستە، چەند مانگ پێش لە سلێمانی پێشانگەم بەڕێوە برد و ئێستاش لە هەولێر. هەڵبەت ١٠ ساڵ پێشیش لە باشووری کوردستان پێشانگەم بەڕێوە بردبوو و پێم خۆش بوو دیسانەوە ئەو ئەزموونەم هەبێت و لەگەڵ ئەو ساڵانە هەڵیسەنگێنم. دەتوانم بڵێم کوالێتیی پێشانگەکە و ڕێژەی سەردانیکەران بەرز بووەتەوە و پێم باشە، بەڵام هێشتا لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نییە. یەکێک لەو بابەتانە کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی هەر کارێک، ڕەخنەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕەخنەگرێکم لێرەدا نەبینیوە، بەتایبەتی میدیاکانی باشووری کوردستان لەمبارەوە کەمکارییان کردووە".

کورتەیەک لە ژیاننامە و چالاکییە هونەرییەکانی هونەرمەند ماشەڵڵا محەممەدی

ماشەڵڵا محەممەدی ساڵی ١٩٦٩ی زایینی لە گەڕەکی "جەوراوا"ی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەز و خولیایەکی زۆری بە نیگارکێشان بووە، بۆیە هەر لە تەمەنی ١١ ساڵییەوە بەشداریی لە پۆلەکانی نیگەرکێشانی هونەرمەند "هادی زیائەدینی" کردووە و ساڵی ١٩٨٧ی زایینی لە زانکۆی تاران بەشی شێوەکاریی تەواو کردووە. ئەم هونەرمەندە لە ٤٣ پێشانگەی گشتی و لە ١٦٣ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەشداریی کردووە و ٣٨ پێشانگەی تایبەتی کردووەتەوە کە ئەم پێشانگەیەی لە هەولێر، پێنجەمین پێشانگەیەتی لە باشووری کوردستان. ماشەڵڵا محەممەدی ١٧ خەڵاتی نێودەوڵەتی و ٣٤ خەڵاتی نێوخۆییی وەرگرتووە.

ناوبراو جگە لە کاری شێوەکاری، لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینییەوە دەستی بە دروستکردنی ئەنیمەیشن کردووە و ١٠ فیلمی کورتی ئەنیمەیشنی دروست کردووە. هەروەها یەکەمین زنجیرە ئەنیمەیشنی کوردیی ٤٥٩ خولەکیی بە ناوی "سارۆ" دروست کردووە و ئێستاش سەرقاڵی پرۆژەی ئەنیمەیشنێکە لەبارەی ژیانی هونەرمەندی گەورەی کورد، مامۆستا "سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی".

 

KURDŞOP
112 بینین

سەرکەوتنی ئامەدسپۆر پیرۆز بێت

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستانیش ئەگەرچی لە لایەن شۆڤێنییە دەسەڵاتدارەکانەوە زۆر دژایەتیی کراوە و دژایەتی دەکرێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا توانیویەتی بەردەوام ڕێگای سەرکەوتن بەرەو لووتکە بپێوێ و ئێستا بووەتە نوێنەری دەنگی کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە گۆڕەپانی وەرزشدا.

پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کوردان بەسەر فاشیسمدا لە باکووری کوردستان

لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان دوو سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد. یەکەمیان سەرکەوتنی حزبی کوردستانیی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ٨٥ شارەوانی و بە تایبەتیش شارەوانییەکانی ۱۱ گەورەشاری باکووری کوردستان بوو.

"خەلاتی نێ" خەڵاتێکی نیشتمانی

خەڵاتێکی ساڵانە لە لایەن ڕای گشتیی خەڵکێ گەورە دێی "نێ"ی مەریوانەوە دیاری کراوە کە بڕیارە لەمساڵەوە بدریت بە کەسانی هەڵکەوتووی بوارە جیاجیاکان لە دەڤەری مەریواندا.

جێژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پیرۆز بێت

جێژنی نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد جێژنی جەختکردنەوە لەسەر مافە ڕەوانەکانی و وەربیرهێنانەوەی مێژوویەکی درێژ لە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و ڕزگارییە و ئاگری گەشی نەورۆز کە لە لایەن نەتەوەی کوردەوە دادەگیرسێ، هێمای هیوا بە دواڕۆژی ڕووناک بۆ نەتەوە و نێشتمانەکەمانە.

سێهەم ساڵیادی دامەزراندنی کوردشۆپ پیرۆز بێت

کوردشۆپ لە ماوەی سێ ساڵ چالاکیی خۆیادا هەوڵی داوە دەنگ و ڕەنگی هەموو کوردان لە سەرانسەری کوردستان بێ و بە بێ جیاوازی ئاوڕ لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان بداتەوە و خەڵکی کوردستان بە مێژوو، جوگرافیا، هونەر، زمان، ئەدەبیات، کەلتوور و کەلەپووری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان زیاتر ئاشنا بکات.

کۆڕیک بۆ سینەمای کوردی لە مەریوان

ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان بە هاوکاریی سینەما کوردستان، کۆڕێکی بۆ سینەمای کوردی و نمایشی سێ فیلمە تازەکەی سێ دەرهێنەری مەریوانی بەڕێوە برد.

پێكەوە بەرەو نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری

داوا لە کوردستانییان دەكەین بە هەڵگرتنی مەشخەڵ لە ئێوارەی نەورۆز، یەکگرتووییی خۆیان نمایش بکەن و نەورۆزی ئەمساڵ بە "نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری" ناودێر بكەن و لە چوارچێوەیەکی هێماییدا بوون و ئیرادەی خۆیان پێشان بدەن.

هەژدەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەییی شانۆی کوردی لە سەقز بەڕێوە دەچێت

فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز چوار ڕۆژ دەخایەنێت و هەموو شانۆکانی بەشدار لەو فێستیڤاڵەدا بە زمانی کوردین و هەر دەرهێنەرێک تەنیا بە یەک شانۆ بەشدارە. هەروەها بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمە، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوە بچێت و گرووپ و کەسە یەکەمەکان لە بەشە جیاوازەکاندا بناسێنرێن.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!