کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان – بەشی دەیەم

زەینەلعابدین زنار

 

لێرە بەشی نۆهەمی ئەم وتارە بخوێننەوە

 

لە گرتنگەی ئەدەنە

کاتێک ئەو دە کەسە لەلایەن سەربازانی دەوڵەتەوە دەسبەسەر کران، خەڵکی گوندەکە ئەسپێکیان بۆ "بەکر بەگ"ی کوڕی قولیخان ئاغا هێنا تاکوو سواری بێت.

سەربازەکان دەستی نۆ کەسەکەی تریان بە یەکەوە بەست و خستیانیانە بەردەمیان و بردیانیان. جەندرمەکانی "خاموور" زیندانییەکانیان ڕادەستی جەندرمەکانی "دوتاخ" کرد. ئەوانەی دوتاخ زیندانییەکانیان ڕادەستی جەندرمەکانی "مەلازگ" کرد. بەم جۆرە جەندرمەکانی هەر ناوچەیەک زیندانییەکانیان ڕادەستی جەندرمەکانی ناوچەیەکی تر دەکرد و نزیکەی مانگێک لە گەرمەی ئەو هاوینەدا بە پێ بردیانیان بۆ ئەدەنە و خستیانیانە زیندانەوە.

قسەی سەربازانی دەوڵەت

سەربازێکی دەوڵەت کە بەشداریی لە کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان کردبوو، وەهای گوت:

- لە ٢٠٠ گوندی هەرێمی دۆڵی زیلان، یەک گوند نەمابوو کە نەسووتێنرابێت. گوندەکانی ناوچەی پاتنۆس هەموویان سووتێنران.

- سەربازێکی دیکەی دەوڵەتی تورک، کە لە کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلاندا بەشداریی کردووە، لە یادداشتنامەکەیدا نووسیویەتی و گوتوویەتی کە ژن، منداڵ، پیر، هەموو کەسێک، خەڵکی هەموو گوندەکان، دەیان هەزار کەسمان لە دۆڵی زیلان کۆ کردەوە و گەمارۆمان دان. ئێمەی سەرباز لەسەر سەریان بووین، چەکەکانمان ئاراستەی خەڵک کرابوون و پەنجەمان لەسەر پەلاپیتکەکان بوو. لە پشتمانەوەش سەربازەکانی "ئەرباش" ڕیز ببوون و چەکیان بەدەستەوە بوو، لوولەی چەکەکانیان لەسەر پشتمان بوون. ئەفسەرەکانیش لە پشت سەربازەکانی ئەرباشەوە بوون و دەمانچەیان بەدەستەوە بوو. ئەگەر ئێمە کوردەکانمان نەکوشتبا، ئەوانەی لە پشتمانەوە بوون ئێمەیان دەکوشت. ئەگەر ئەوانەی لە پشتی ئەوانەوە بوون ئێمەیان نەکوشتبا، ئەفسەرەکان ئەوانیان دەکوشت...

- بە فەرمانی فەرماندەکەمان هەموو ئەو کوردانەمان گولـلەباران کرد؛ ژن، منداڵ و پیر، هەموویان کوژران. کاتێک گولـلەباران کران، هاوارەکانیان گەیشتە ئاسمان. بەڵام هەر لە تەقەکردن لێیان بەردەوام بووین و دوای ماوەیەک دەنگەیان لێ نەبیسترا. تەرمی ئەو کوردانە لەبەر خۆردا مانەوە، گەنین و ڕزین.

- دادگایەکی تایبەت بۆ خەڵکی دۆڵی زیلان لە ئەدەنە دامەزرا. ئەو پیاوانەی لە کۆمەڵکوژییەکەدا نەکوژران، ڕەوانەی ئەو زیندانە کران. هەروەها ژن و منداڵەکانیان ڕەوانەی ناوچە جیاوازەکانی ئەنادۆڵ کران.

- فەرماندەی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان، "ئالبای دەروێش" بوو. پێش هاتنی دەروێش، پایەکەی "یووزباشی" بوو، بەڵام لە کۆمەڵکوژییەکە پایەی پێ درا و کرایە "ئالبای".

ئالبای دەروێش سەلانیکی (١٨٨١ – ١٩٣٢)

ناسنامەی ئالبای دەروێشی کوردکوژ:

ناوی ڕاستەقینەی بکوژی کوردانی ناوچەی دۆڵی زیلان، ئەحمەد دەروێشە. بەڵام تەنیا دەروێش ئالبای پێ دەگوترا.

لە بڵاوکراوەکانی کورددا بە دەروێش ئالبای ناوی هاتووە. ئەحمەد دەروێش ئالبای ساڵی ١٨٨٦ لە شاری "ڤاردار"ی سەلانیک لەدایک بووە. دایکی ناوی سدیقە و باوکی حاجی تۆفیق بووە. براکانی بریتی بوون لە عەلی، نوسرەت و محەممەد شوکری.

ساڵی ١٩١٣ دەروێش لەگەڵ بنەماڵەکەی لە شەڕی "یانیە" لە نزیک شاری مەککە بە دیل گیرا و ساڵی ١٩٢٠ ڕزگاری بوو.

مستەفا کەماڵ ئەتاتورک و دەروێش و براکانی پێکەوە خوێندوویانە. پاشان دەروێش لە ئەکادیمیای سەربازی خوێندوویەتی و لە ساڵی ١٩٠٩ دەرچووە. دەروێش ماوەیەک هاوسەرگیریی کرد و دواتر لە هاوسەرەکەی جیا بووەوە، بەڵام هیچ منداڵێکی نەبوو.

کەماڵ دەروێش، قەسابی دەرسیم، شەریکی ئەم ئەحمەد دەروێشە قەسابی دۆڵی زیلان بوو. نوورەدین پاشا، قەسابی قۆچگیریش خەزووری هەردوو دەروێشەکە بوو.

ئەحمەد دەروێش ئالبای

لەو ماوەیەدا ئەحمەد دەروێش کرا بە بەرپرسی ناوچەی ٧ و ٩ و ١١. ئەو دەروێشە سەرهەڵدانی شاری قونیە و هی ئووشاقیشی سەرکوت کرد. جگە لەوەش لەگەڵ "ئەدهەم چەرکەز" یەکیان گرت و هەموو سەرهەڵدانەکانی دژی مستەفا کەماڵیان سەرکوت کرد.

دوای ئەوەی ئەحمەد دەروێش شیعرێکی لەسەر مستەفا کەماڵ نووسی، هەم پایەکەی بەرز کرایەوە و هەم کرا بە ڕاوێژکاری وەزیری بەرگری. مستەفا کەماڵ هەروەها لە وتارێکیدا بە ناوی "نوتوک"، باسی قارەمانێتیی کوردکوژ "ئەحمەد دەروێش"ی کردووە.

دوای کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان، پلەکەی بەرز کرایەوە و کرا بە ئەندامی سوپای "یارگتای"ش. بەڵام لە ١٧/٠١/١٩٣٢ کاتێک لە شوێنی کارەکەی بوو، لەناکاو دەکەوێتە سەر زەوی و تەرمەکەی لە گۆڕستانی "زنجیرلقویوی" لە ستەنبوڵ چاڵ کرا.

بەڵام لە ٢٩/١١/١٩٨٨ ئێسکەکانی دەرهێنران و بردرانە ئەنقەرە و لە گۆڕستانی دەوڵەت چاڵ کرا.

ژنان و منداڵانی هەرێمی دۆڵی زیلان، تەمووزی ١٩٣٠

 

دەستنووسە ڕۆژانەکانی هەندێک لە سەربازەکان

بێگومان دەستنووسی ڕۆژانە لەلایەن زۆر کەسەوە بەکار دەهێنرێت. بەڵام دەستنووسی ئەو سەربازانەی دەوڵەت کە کوردیان قەتڵوعام کرد، زۆر سەرنجڕاکێشن.

سەربازێکی تورکیاش کە خۆی دەستی لە کۆمەڵکوژیی کورددا هەبووە، ڕۆژانە لەسەر ئەو ڕووداوانەی نووسیوە کە ڕوویانداوە و پێشتریش باسی لێوە کرا.

هەروەها هەندێک کوردی دیکە، چ بە زارەکی و چ بە نووسراو، باسیان لە دۆخی کۆمەڵکوژییەکە کردووە.

لە دۆڵی زیلان شایەتحاڵانی کۆمەڵکوژییەکە زۆر بوون و تەنانەت چەند ساڵێک لەمەوبەر هەندێک کەسیان گیانیان لەدەست داوە. لەنێویاندا سەرنجڕاکێشترینیان حاجی محێ لە گوندی حەسەن ئەڤدالە کە زانیارییەکانی لە دەمی ئەحمەدی زاوای وەرگیراوە.

ئەمانە کە لە خوارەوە ناویان هاتووە، هەندێک لەو کەسانەن کە چیرۆکی کۆمەڵکوژییەکەیان گێڕاوەتەوە و لە میدیاکاندا بڵاو کراونەتەوە:

"کاکل ئەردەم، میرزا ئەفەندی، ئەحمەد یەڵدز، عەبدولقادر چەلەبی، میرزا ئاکماز، ڕەشید ئاکماز، مەلا ئەحمەد یەڵدز، تاهیر ناس، حاجی میرزا ئەکماز، جەمیل تۆنگوچ، مەهمەت تاش و شۆرەت شام".

یەکەم بکوژ، نوورەدین پاشا (١٨٧٣-١٩٣٢)

یەکێک لە بکوژانی کورد، "ساکالی نوورەدین پاشا"یە. ئەم بکوژە کوردە کە نەوەی "دەڤشرمەیان"ە، ساڵی ١٨٧٣ لە شاری بورسای لەدایک بووە، لە قوتابخانەیەکی سەربازی خوێندوویەتی و بە بکوژێکی بەناوبانگ ناسراوە. لە ١٨ی شوباتی ١٩٣٢ لە ستەنبوڵ مردووە.

یەکەم کەس کە بەرپرسی ئەو کۆمەڵکوژییە بوو، نوورەدین پاشا بوو کە بە "ساکالی نوورەدین پاشا" ناسرابوو و لەگەڵ "تۆپاڵ عوسمان ئاغا"، پێکەوە ڕاپەڕینی "قۆچگیر"یان سەرکوت کرد. لە دوای ئەویش ئەو دوو فەرماندەیە بە ناوی دەروێش، بکوژی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانیشن.

- ئەو دەروێشە، ١٤ کوڕی کۆر حوسێن پاشای حەیدەریی کوشت، تەنیا نادر بەگ و مەم بەگ ڕزگاریان بوو.

- سەرەتا ٤٩ گوندیان لە دۆڵی زیلان سووتاند.

- لە ٢٠٠ گوندی دۆڵی زیلان، هەموویان سووتاندن.

- لە کۆمەڵکوژییەکەی دۆڵی زیلان، ٤٧ هەزار کورد کوژران.

- ڕۆژنامەی جمهورییەت لە ساڵی ١٩٣٠ نووسی: ئەو کوردانەی لە دۆڵی زیلان دەژین، هەمان وەحشییەکانی ئەفریقان، زۆر دڕندەن و گۆشتی خاو دەخۆن.

- ١٣ی تەمووزی ١٩٣٠، لاپەڕەی ٤، پاکسازی کرا. کوردانی دۆڵی زیلان بە تەواوی لەنێو چوون.

- بکوژی کورد، دەروێش گوتی: نرخی فیشەک زۆرە، ژن و منداڵ بە فیشەک مەکوژن، بەڵکوو بە قۆنداغی چەک بیانکوژن.

(وێنە: ساکالی نوورەدین پاشا لە لای چەپی ئەتاتورک، ١٨٧٣-١٩٣٢)

ئەم وتارە درێژەی هەیە...

KURDŞOP
443 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!