70 لەسەدی گڵۆپی کەم مەسرەفی ئێران لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دێت.

کانی مەریوان

 

شاری سنووریی بانە بە ژمارەی دانیشتووانی ١٥٨ هەزار کەس، بە دووری ٢٧٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای شاری سنە واتە ناوەندی پارێزگای سنە هەڵکەوتووە. لە ڕۆژهەڵات بانە وەک شارێکی سنووری دەناسرێت کە زۆرینەی خەڵکەکەی بە کاری سەرسنوور و کۆڵبەریەوە سەرقاڵن و هەروەها خاوەن بازارچەی کەلووپەلە کە لە هەموو ئێرانەوە بۆ کڕینی شتوومەکی ناو ماڵ ڕوو دەکەنە ئەو شارە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لەم ساڵانەی دواییدا بانە بووەتە جەمسەری بەرهەمهێنانی گڵۆپی کەم مەسرەفی ڕۆژهەڵات و ئێران. بە گوێرەی ئامارەکانی پارێزگای سنە، پارێزگاکە بەرەو پیشەسازی هەنگاو دەنێت ئەمە لە کاتێکدایە بە بەراورد لە گەڵ پاریزگاکانی دیکەی ئێران، پارێزگای سنە لە بواری پیشەسازیدا هێشتا لەسەرەتای ڕیگەیەو زیاتر وەک کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی ئەناسرێت. بەرپرسان کێشەی سەرەکیی پیشەسازیی پارێزگاکە بۆ نەبوونی زەویی پیشەسازی دەگەڕێننەوەو وەک لەمپەڕی بەردەم وەبەرهێنەران ناوی دەبەن. جگە لە کێشەی زەوی، دابین کردنی سەرمایەش بووەتە کێشە لە بەردەم وەبەرهێنەران. پارێزگای سنە هەزار و ٢٧ یەکەی پیشەسازیی هەیە، کە ١٥ لەسەدی واتە ١٣١ یەکەی پیشەسازیی ئەم پارێزگایە ناچالاکن. ساڵانە ٥٠ ملیۆن دانە گڵۆپی کەم مەسرەف لە پارێزگای سنە بەرهەم دێت کە ٤٠ ملیۆن دانەی لە شاری بانە بەرهەم دێت، کە ئەم ڕێژەیە ٧٠ لەسەدی گڵۆپی کەم مەسرەفی ئێران لە خۆ دەگرێت.

لە کۆی ٧ یەکەی بەرهەم هێنانی گڵۆپی کەم مەسرەفی پارێزگای سنە، ٤یەکەیان لە بانە، ٢ یەکە لە سەقز و یەک یەکەش لە شاری سنە چالاکی دەکەن. بانە وەک یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی گڵۆپی کەم مەسرەف لە ئێراندا ناسراوە. یەکەکانی بەرهەمهێنانی گڵۆپی کەم مەسرەف  هەلی کاریان بۆ سەدان کەس لەم شارەدا ڕەخساندووە. سەبارەت بە وەبەرهێنانی گڵۆپی کەم مەسرەف ٦ یەکە چالاکی هەیە کە لە کۆی ئەو ٦ یەکەیە ٣یان بە ڕێژەی ٦٠ لەسەد پێشکەوتن و یەکی تریش بە ڕێژەی ٢٠ لەسەد پێشکەوتن خەریکی کارن.

گڵۆپی کەم مەسرەفی "تەک تاب" لە ساڵی ٢٠١٧وە بە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ٣٠ کەس دەستی بە چالاکی کرد و پاشان بە پەرەپێدانی ئەم یەکەیە ڕەخساندنی هەلی کار بەرز بووە بۆ ١٠٥ کەس. قۆناغی یەکەمی ئەو پڕۆژەیە بە بڕی ١١٠ ملیار تمەن سەرمایە دەستی بە کار کردووە و ڕۆژانە ٢٥ هەزار گڵۆپ بەرهەم دەهێنێت. بڕیارە لە ساڵانی داهاتوودا قۆناغی دووهەمی پڕۆژەکە بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە کە پێشبینی ئەکرێت ڕاستەوخۆ بۆ ٢٠٠ کەس هەلی کار دابین بکات.

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بە ڕووبەری هەزار و ٢٠٠ مەتری دووجا دەستی بە کار کرد، بڕیارە قۆناغی دووەمی ئەم یەکەیە لەسەر سێ نهۆم بە ڕووبەری حەوت هەزار مەتری دووجا دروست بکرێت. کارگەی بەرهەمهێنانی گڵۆپی کەم مەسرەفی "ئێران زەمین" لە ساڵی2012وە بە ڕەرخساندنی هەلی کار بۆ ٣٠ کەس دەستی بە کار کردووە و لەگەڵ پەرەپێدانی ئەم دامەزراوەیە ٣٠٠ کەس توانیان لەو کارگەیە کار بکەن. ئەم یەکەیە ساڵانە ١٦ ملیۆن گڵۆپی LED بەرهەم دەهێنێت و هەروەها ئەم یەکەیە یەک لە 5 کارگەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی گڵۆپی کەم مەسرەفی ئێرانە کە لە قۆناغی پەرەپێدانی ئەم کارگەیە، بەرهەمهێنانی فیوز(جۆزە) و پلاکی مینیاتۆری چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بەرپرسی بەشی پیشەسازی و کانزا و بازرگانیی بانە ڕایگەیاند: ئەو گڵۆپانەی لە بانە بەرهەم دەهێنرێن بریتین لە LED، پرۆژۆکتۆری LED، گلۆپی سۆندەیی  و گڵۆپی هالۆژن. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە  لە بارودۆخی ئێستادا ئەم یەکانە تەنها پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکەن و بە هۆی پێداویستیی ناوخۆیی ئەم بەرهەمە هەناردەی دەرەوەی وڵات ناکرێت. بە پێی توانای وەبەرهێنەران لە بەرهەمهێنانی گڵۆپی کەم مەسرەف بۆ پاشەکەوتکردنی وزە، وەبەرهێنەرانی دیکەش هەنگاویان ناوەتە ئەم بوارە. بەپەرەپێدانی یەکەکانی دیکە، شاری بانە دەتوانێت ببێتە هەناردەکاری گڵۆپی کەم مەسرەف بۆ وڵاتانی دراوسێ.

KURDŞOP
705 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!