جلوبەرگی کوردان لە چاوی گەشتیارانەوە لە ساڵانی ١٥٠١-١٩٧٩زایینی - بەشی سێهەم (کۆتایی)

 

چیا عەزیزی

 

 

دێمۆرگان جلوبەرگی ژنانی موکریی کوردستانی بە تەنوورەیەکی کورت، نیوتەنەیێکی لۆکەییی،  لەتێک قوماشی گەورەی شینی لۆکەیی و عەمامە یان سەروێن دەزانێت، بەو جیاوازییەی کە عەمامەی پیاوان سپییە و سەروێنی ئافرەتان زۆرتر شین و سوور بووە.(١)

داگلاس کە لە سەردەمی محەممەد ڕەزا شای پەهلەویدا سەفەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی کردووە، جلوبەرگی ژنانی مهابادی بەم شێوەیە وەسف کردووە: «تەنوورەیێکی درێژ و ڕەشیان لەبەردا بوو و شاڵگەلی ڕیشکداری درێژ و ڕەشیان لەسەردا بوو کە کراسەکانیانی بە تەواوی دادەپۆشی.»(٢) «سەروێنی ڕیشکدار» لەڕاستیدا هەر ئەو سەروێنانەیە کە ڕیشکدارن کە ژنان و پیاوان لەسەری دەکەن، بەڵام بەوتەی گاسپار، دڵڕەفێنیی سەروێنی ژنانی کورد(٣) زۆرتر لە پیاوان بووە(٤)  و ئەو جۆرەی ویڵیام هی دەیڵێت، ژنانی کورد تەنیا ژنانێکن کەلە خاوەر زەویندا (وڵاتانی رۆژهەڵات) ئەم جۆرە سەرپۆشانە لەسەر دەکەن.(٥)

خاڵێکی گرنگ کە پێویستە لەسەر جلوبەرگی ژنانی کورد ئاماژەی پێ بکرێت، ئەو جیاوازییەیە کە گەشتیاران لە تێبینییەکانیاندا سەبارەت بە جلوبەرگی ژنان ئاماژەیان پێ کردووە؛  بۆ نمونە سۆن جلوبەرگی ژنانی کوردی لە باکوور بە سادە و لە ناوەڕاست و باشووری کوردستان ئاڵۆزتر و وردتر زانیوە؛ ئەو لە وەسفکردنی پێشوودا دەڵێت: «ژنانی موکری و ئەردەڵانی بەهۆی ئەو سەروێنە گەورانەی کە لەسەر سەریان دەیبەستن، و ئەو کۆمەڵە دەسماڵە ئاوریشمی ڕەنگاوڕەنگە کە تەنیا لە لایێکی سەریانەوە گرێی دەدەن، لە نێو ژنانی کۆچەریی دیکەدا جیاوازن.»(٦) لەسەر بنەمای ئەمجۆرە سەروێنەش، فاکتۆری جیاکردنەوەی ژنان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە یان لە چینێکەوە بۆ چینێکی دیکە دادەنرێت، بەجۆرێک کە پۆشینی باوی ژنانی موکری، کە پێی دەوترێت سەرداری یان چارۆکییە(٧)، هێمایێک بۆ ناسینەوەی ژنانی ئەو ناوچەیە له ڕێگەی پۆشاکەوە بووە. دێمۆرگان جیاوازیی جلوبەرگی ژنانی سنەی(٨) بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی دیکە، تەنیا لە سەرپێچەوە ڕاگەیاندووە.(٩)

مەحموودی دانشوەر، ڕێبوارێکی ئێرانی، جلوبەرگی خەڵکی هەورامانی جیاواز لە کوردەکانی دیکە بینیوە و بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە: «جلوبەرگی خەڵکەکە پێچەوانەی کوردەکانە و زۆرجار شریتی سەوز بە قاچی پانتۆڵەکەیانەوە هەڵدەواسن و لەسەر کڵاوەکان کە بە فێس ناسراون، چ ژنان و چ پیاوانی دەوڵەمەند، بە مەرجان و مووری شین و  گەوهەرەکانەوە دەیبەستنەوە.»(١٠)

لە وێنەی خوارەوە لە سۆرۆگین(١١)، جلوبەرگی ئافرەتانی کوردی پێکهاتووە لە بلوز (کراس) و لەچکەگەلێک کە شریتی بچووک بە درێژایی لێوارەکانیەوە هەیە کە دەچەمێنرێنەوە و دواتر بە سەرەوە دەپێچرێنەوە. زنجیرێ کە لە ژێر چەناگەی ژنەکەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کڵاوێکی بچووک لە ژێر سەروێنەکەدا دانراوە. سەرێکی چارۆکەکە بە دەوری خۆی و دواتر بە ملی ژنەکەوە دەپێچرێتەوە.(١٢) سۆن لەم پێوەندییەدا ئاماژە بەوە دەکات کە «سەرپۆشی ژنانی کورد، لە کڵاوێکی بچووکی دیکۆڕی پێکهاتووە کە سەرێکی، دەستماڵێکی ڕەنگاوڕەنگ بە ناوی جامانە(١٣) دەبەستن کە بەشێکی لە پشت سەرەوە هەڵواسراوە و زۆرجار یەک کەڕەت بە دەوری ملدا دەپێچرێتەوە. عەمامەی کوردەکان بە پارچەگەلێک لە قوماشی ڕەش، بەیەکەوە دەبەسترێتەوە و هاوشێوەی ماری بوا پێکدەهێنێت. ئەم پۆشینە بە دەوری سەرەوە، بەسەر جامانەکە دەپێچرێتەوە. جلوبەرگەکەیان بە گشتی ڕەنگین و شکۆمەندە، بەتایبەت کاتێک کە ئەوکەسەی لەبەری دەکات باڵا بەرزبێت، بەجۆرێک کە زۆربەی ژنانی سلێمانی بەم شێوەیەن.»(١٤)

ڕیچ سەبارەت بە قورسیی سەروێنی ژنانی کورد، کە نیکیتین پێشتر باسی لێوە کردبوو،  دەڵێت: «سەروێنی ژنەکانیان زۆر قورسە و تا ڕادەیەک بە لەبەرکردنی، ئازارێکی زۆر دەچێژن لە زۆر حاڵەتیشدا بڕێکی زۆر لەقژیان هەڵدەکەنرێت.  یەکێک لەو شتانەی سەختە باوەڕیان پێ بکرێت ئەوەیە کە کاتێک دەخەون بەم سەروێنانەوە دەخەون و سەرینێکی بچووک لە ژێر سەریان دادەنێن.»(١٥)

  واڵتەر هەریس لە گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس لەوە دەکات کە ژنانی کورد سەروێنە ڕەشە گەورەکانیان دەخستە سەر سەریان و قژە هۆنیاوەکانیان کە شۆڕ دەبوونە سەرشانیان بە ئەڵقەی گەورە، لە پشت سەریانەوە توند دەبەستەوە(١٦)، ڕەنگە ئەو ئەڵقەیانە کە هاریس باسی کردووە، دەبێ هەمان «سەرپەلکە» بێت کە شێوەی لە کتێبی "پوشاک ایلها، چادرنشینان و روستائیان ایران"  هاتووە.(١٧) (١٨)

 

سەرچاوە و تێبینییەکان.

١-دمورگان، ژان ژاک ماری دو(١٣٩٨)، سفرنامه ی دمورگان، ترجمه ی کاظم ودیعی، ج دوم، تهران، دنیای کتاب.ص٢٢.

٢-داگلاس، ویلیام او(١٣٧٧)، سرزمین شگفت انگیز و مردمی مهربان و دوست داشتنی، ترجمه ی فریدون سنجری، چ اول، تهران، انشارات گوتنبرگ. ص١٠٦.

٣-نیکۆلاس سانسۆن Nicolas Sanson، میسیۆنێرێکی مەسیحی فەڕەنسی کە لە سەردەمی شا سلێمانی سەفەویدا بۆئێران هاتووە، وێڕای ڕوونکردنەوە لە بارەی جلوبەرگی ژنانی ئێرانی دەڵێت: «ژنان هیچ جۆرە سەروێنێک وەک پیاوان لەسەر ناکەن» و بێگومان ئەمەش پێچەوانەی قسەی هەموو ئەو گەشتیارانەی کە باسیان لە سەروێنی ژنانی کورد کردووە. ( سانسۆن، ١٣٤٦: ١٢٢).

٤-دروویل، گاسپر (١٣٦٥)، سفر در ایران، ترجمۀ منوچهر اعتماد مقدم، چ دوم، بیجا، بینا. ص٣٢٢_٣٢١.

5-Hay, William Rupert (1921) Two years in Kurdistan: experiences of a political officer, 1918-1920, London: Sidgwick & Jackson, ltd٫ 1921: 42.

٦-نیکیتین، موسیو ب(١٣٥٦)، خاطرات و سفرنامه ی موسیو نیکتین، ترجمه ی علی محمد فرەوشی( مترجم همایون)، با مقدمه ای از ملک الشعرا بهار و بهرام فرەوشی، چ دوم، تهران، ناشر کانون معرفت. ص ٢١٦_٢١٥.

٧-نیکیتین، موسیو ب(١٣٥٦)، خاطرات و سفرنامه ی موسیو نیکتین، ترجمه ی علی محمد فرەوشی( مترجم همایون)، با مقدمه ای از ملک الشعرا بهار و بهرام فرەوشی، چ دوم، تهران، ناشر کانون معرفت. ص٢١٥ Tcharoukhiya ؛ چارۆکە.

٨- نیکیتین، جل و بەرگی ژنانی سلێمانی سەرەڕای ئەوەی تایبەتمەندی جلوبەرگی کوردی هەیە، کاریگەری لە سەلیقەی عەرەبی زانییوە.  (نیکیتین، ص ٢١٥).

٩-دمورگان، ژان ژاک ماری دو(١٣٩٨)، سفرنامه ی دمورگان، ترجمه ی کاظم ودیعی، ج دوم، تهران، دنیای کتاب.ص ٥٢.

١٠-دانشوەر،محمود(١٣٨٧)، دیدنی ها و شنیدنی های ایران، چ اول، تهران، انتاشارات دنیای کتاب.ص ٧٣١.

11- Sevruguin Antoin.

12- Barjasteh L. A Ferydoun van Waalwijk van Doorn and Dr Gillian M. Vogelsang-Eastwood(1999)٫ Late Nineteenth Century Photographs of Iran from the National Museum of Ethnology in Leiden٫ the Netherlands٫ Tehran: Zaman and Rotterdam.٫114.

١٣-Jamana له فەڕهەنگی هەنبانە بۆرینەدا، جامانە جۆرێکی سەروێنی پیاوان مانا کراوەتەوە و پۆشین، سەروێنی ڕەشی ژنانە.( شەرەفکەندی،١٣٦٩: ١١٥و١٨٠).

14-Soane E. B(1926)٫ To Mesopotamia and Kurdistan in Disguise٫ Boston٫ Small٫ Maynard and Company Publishers. 1926: 402.

١٥-ریچ، کلودیوس جیمز (١٣٩٨)، سفرنامۀ کلودیوس جیمز ریچ (بخش کردستان)، ترجمه و تعلیق حسن جاف، تصحیح فرامرز آقابیگی، چ اول، تهران، انتشارات ایرانشناسی، ص٢٣٠-٢٣١. ١٣٩٨: ٢٣.

16-Harris٫  B. Walter (1896)٫ From Batum to Baghdad: Viâ Tiflis٫ Tabriz٫ and Persian Kurdistan٫ William Blackwood and Sons٫ Edinburgh and London.237.

١٧-زیاءپوور،جلیل (بی تا)، پوشاک ایل ها، چادر نشینان و روستائیان ایران، بی جا، انتشارات اداره ی فرهنگ عامه از انتشارات وزارت فرهنگ وهنر.

١٨- آقابیگی، فرامرز (١٤٠٠)، کرد در سفرنامهها (از صفوی تا پایان پهلوی)، چاپ اول، تهران، انتشارات ایرانشناسی.

 

KURDŞOP
126 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!