تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

- ڕۆژ قادری

 

لە کاتی بەدواداچوون بۆ هەواڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاوم بە هەواڵێک کەوت، هەواڵێکی هەم دڵخۆشکەر و هەم ئازاردەر. هەواڵێکی تر لە شناساییی کۆمەڵێک ناوچەی کانزاییی نوێ لە پارێزگای سنە. دڵخۆشکەر لەو ڕووەوە کە ئەمە نیشانەی دەوڵەمەندیی خاکی کوردستانە و ئازاردەر لەو ڕووەوە کە هەمووی لەلایەن داگیرکەرەوە تاڵان دەکرێت، وەک چۆن بە درێژاییی ئەو ساڵانە سەرچاوە سروشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن حکوومەتە داگیرکەرەکانی تارانەوە تاڵان کراوە. لەو جۆرە هەواڵانە لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراودا زۆرە، بەڵام ئەم یەکەیان هەمیشە جێگای سەرنجی من بووە.

سەردێڕی هەواڵەکە بەم شێوەیە بوو: "شناساییکردنی ٢٧ ناوچەی کانزاییی نوێی زێڕ و بەردی ئاسن لە پارێزگای سنە."

لەمبارەوە "بەختیار خەلیقی"، سەرۆکی گشتیی "پیشە، کانزا و بازرگانی"ی حکوومەتی ئێران لە پارێزگای سنە لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕە حکوومەتییەکانیان لەو پارێزگایە گوتوویەتی: "بەپێی دۆزینەوە نوێیەکان، ٧ ناوچەی هیوابەخشی زێڕ و بەردی ئاسن لە سەقز، ٦ ناوچەی هیوابەخش لە بیجاڕ و ١٤ ناوچەی هیوابەخشی زێڕ و بەردی ئاسن لە قوروە شناسایی کراون."

لەم پەیوەندییەدا پێویستە بڵێم کە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی پارێزگای سنە، بە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک زێڕ و بەردە بەنرخەکانی دیکە زۆر دەوڵەمەندە و لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم سەرچاوانەی کوردستان هەمیشە لە قۆرغی دەسەڵات و سپای پاسداراندا بووە و هەمووی بە تاڵان براوە و کوردستان لەم سەروەت و سامانەدا هیچی دەست نەکەوتووە و هەمیشە لە ئاست پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران لە بواری خزمەتگوزارییەوە دوا خراوە.

لە هەواڵەکەدا، سەرۆکی گشتیی "پیشە، کانزا و بازرگانی"ی حکوومەتی ئێران لە پارێزگای سنە باسی لەوە کردووە کە ٤ هەزار و ١٣٩ کەس لە یەکە کانزاییەکانی پارێزگای سنە کار دەکەن.

پێویستە لەمبارەشەوە ئاماژە بەوە بکەم کە هیچکات ناوەندەکانی سەر بە حکوومەت و تەنانەت ناوەندی ئاماری ئێران، لە بوارە جیاجیاکانەوە ئامارێکی دروست بڵاو ناکەنەوە و هەمیشە بۆ بەلاڕێدابرنی ڕای گشتی، ئامارێکی هەڵە و ناڕاست و چەواشەکارانە بڵاو دەکەنەوە. لەم پەیوەندییەشدا هەر بەو جۆرەیە. لەلایەکی دیکەوە لە کانزا چالاکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کەمتر لە هێزی خۆجێیی کەڵک وەردەگیرێت و زۆرترین هێز لە شارەکانی دەوروبەر و بەتایبەتی شارە ناوەندییەکان دەهێنرێنە کوردستان. هەڵبەت ئەمە هەمیشە سیاسەتی دەسەڵات بووە کە ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی کوردستان لە سەرەوە بێت و نەتەوەی کورد هەمیشە لارەملی دەسەڵات بێت و بۆ بژێویی ژیانیان ڕوو لە کۆڵبەری بکەن. ئیتر با بمێنێت کە کۆڵبەری نە کارە و نە پیشەیە و تەنیا و تەنیا بۆ چەوساندنەوەی زیاتری نەتەوەی کوردە.

ئێستا بۆ نموونە و بەپێی قسەی "بەختیار خەلیقی"، ١٩٤ کانزای چالاک و ١٥٨ کانزای ناچالاک لە پارێزگای سنە بوونی هەیە و ٤ کانزاش لە حاڵی تەیارکردنە و بەگشتی پاشەکەوتی کانزاکانی پارێزگای سنە ٦٠٠ ملیۆن تۆنە کە ئەگەر لە خەڵکی ئەم پارێزگایە بۆ کارکردن لەو کانزاگەلە کەڵک وەربگیرێت، بەدڵنیاییەوە چیدی کەس ڕوو لە کۆڵبەری ناکات و ڕێژەی بێکاری و هەژاریش دادەبەزێت. لەلایەکی ترەوە ئەگەر بەشێکی زۆری داهاتی ئەو کانزاگەلە لە کوردستان خەرج بکرێت، بەدڵنیاییەوە کوردستان لە زۆر بوارەوە پێش دەکەوێت، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە حکوومەت وەها مەبەستێکی قەت نەبووە و تەنیا کاری، تاڵانکردن و لەنێوبردنی ژینگە و سروشتی کوردستانە.

هەر بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان، ١٢ هەزار و ٧٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی پارێزگای سنە لەژێر دۆزینەوەی کانزایی و زەویناسییە. بە واتایەکی تر حکوومەت دەیەوێت سەرچاوە سروشتییە نەدۆزراوەکانی کوردستان بدۆزێتەوە و وەک کانزاکانی تر ئەوانیش تاڵان بکات و لەم نێوانەدا پشکی کوردستان و خەڵکەکەی، تەنیا بێکاری، کۆڵبەری، هەژاری و لەنێوچوونی ژینگەکەیەتی.

ڕەهەندێکی تری ئەم بابەتە کە زۆر گرینگە و دەبێ سەرنجی بدرێتێ، لەنێوچوون و زیانگەیاندن بە ژینگەی کوردستانە لەلایەن ئەو کۆمپانیانەوە کە خەریکی دۆزینەوە و دەرهێنان و تاڵانکردنی کانزاکانی کوردستانن. بۆ نموونە ناوچەی دیواندەرە و ساراڵ و چلچەمە لە پارێزگای سنە یەکێک لە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی گۆشتن لە ئێران؛ جگە لە گۆشت، شیر و گەنم و هەنگوینیش بەرهەم دێنن. دەرهێنەرانی کانزاکان لەوەڕگەی ئاژەڵەکان و شوێنی هەنگەکان تێک دەدەن و ڕاستەوخۆ لەسەر ئابووریی خەڵک و ناوچە کاریگەریی دەبێت و تەپوتۆزەکانی کارکردن لە بەهاران لەسەر گیا و دار و گەنم کاریگەرە و ژێرخانی سروشتیی ناوچەکە تێک دەدات و دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی لەنێوچوونی ژینگە و خاک.

لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێم کە لەمبارەوە دەبێ ڕوونکاریی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان بکرێت تاکوو لە بەرامبەر ئەم تاڵانکارییانەدا بێدەنگ نەبن و نەهێڵن حکوومەت دەست بەسەر زەوییەکانیاندا بگرێت و نەهێڵن کانزاکانی کوردستان بەتاڵان ببرێن.

 

KURDŞOP
752 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!