محەممەد ئەوراز؛ ناودارترین شاخەوانی کورد

 

شنۆ ڕەسووڵی

 

لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی (1969ی زایینی) لە شاری نەغەدە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات منداڵێک لە باوک و دایکێکی کورد و تورک لەدایک دەبێت کە دواتر دەبێتە قارەمانی جیهان. ناوی ئەو  قارەمانەی نەتەوەی کورد "محەممەد ئەوراز"ه. ئەو لە ئاستی ئێراندا دوای هومان ئاپرین و جەلال قەسابانی، سێهەمین کەسە کە بەسەر کێوی ئێوێرێستدا سەرکەوتووە.

تواناییی محەممەد ئەوراز لە ئاستی جیهاندا بێ وێنە بووە؛ چونکە ئەو لە کاتی شاخەوانیدا، لە بەرزاییی ٨ هەزار میتری، بێ ئەوەی کەڵک لە کەپسوولی ئۆکسیژێن وەربگرێ بەسەر ئەو کێوانەدا سەر کەوتووە.

کاتێک ئەو لەدایک دەبێ باوکی له زیندانی فەلەکولئەفلاکی شاری خوڕەم ئاوای سەر بە پارێزگای لوڕستان لە زینداندا دەبێت. باوکی ناوبراو بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە دەخرێتە زیندان. محەممەد ئەوراز هەر لە سەرەتای منداڵییەوە بەهۆی ئەوەی باوکی لە زیندان بووە، تووشی کێشە و گرفتی زۆر دەبێ و دواتریش وێڕای بنەماڵەکەی بۆ شاری کاشمەر لە پارێزگای خۆراسان دوور دەخرێنەوە. ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ دوور لە زێدی خۆیان دەژین و دوای ئەو سێ ساڵه دەگەڕێنەوە بۆ شاری نەغەدە.

 ئەو ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی (1976ی زایینی) دوو ساڵ پێش شۆڕشی ئێران وەبەر خوێندن دەنرێت و قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی لە شاری نەغەدە تەواو دەکات و لە بەشی ئابووری و زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا دەتوانێت دیپڵۆم وەربگرێ. ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی (1994ی زایینی) لە بەشی وەرزشی زانکۆی ورمێ دەست بە خوێندن دەکات.

محەممەد ئەوراز پێش ئەوەی بڕواتە زانکۆ، لە گرووپەکانی شاخەوانیی قەندیل و سامڕەندی نەغەدەدا کاری شاخەوانی دەکات؛ بەڵام ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی بە فەرمی ناوەندی شاخەوانانی نەغەدەی دامەزراند. دواتر لەبەر ئەوەی لە شاخەوانیدا کەسێکی زۆر توانا بوو، لەگەڵ تیمی شاخەوانیی ئێران بەسەر چیاکانی گاشربرۆمی ٢ و ڕاکاپووشی لە وڵاتی پاکستان سەر کەوتن و ئیتر ئەو سەرکەوتنە بۆ بە هۆی ئەوەی محەممەد ئەوراز شانازیی دیکە بۆ نەتەوەکەی تۆمار بکات.

چوار ساڵ دوای ئەو سەرکەوتنەی محەممەد ئەوراز بەسەر ئەو دوو کێوەی پاکستاندا؛ سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی (1998ی زایینی) لەگەڵ سێ شاخەوانی دیکەی ئێرانی توانی بەسەر بەرزترین لووتکەی جیهان واتا ئێوێرێستدا سەر کەوێ و ئەمەش خاڵێكی وەرچەرخان لە ژیانی ئەودا بوو.

کاتێک محەممەد ئەوراز ئەو شانازییانە تۆمار دەکات لاوێكی تازە پێگەیشتوو بوو. بەڵام چارەنووسی ئەو جۆرێکی دیکە نووسرابوو. ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی (2003ی زایینی) کاتێک تەنیا تەمەنی ٣٤ ساڵ دەبێ، لەگەڵ تیمێکی شاخەوانی وێڕای موقبیل هونەرپەژوو کە خەڵکی بۆکان بوو؛ دەیانهەوێ بەسەر چیای گاشربرۆمی ١دا سەر کەون. بەڵام ئەو تیمە وەبەر ڕنووی بەفر دەکەون و لەو ڕووداوەدا محەممەد ئەوراز بە سەختی بریندار دەبێت و سەرئەنجام دوای ٢٠ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شەفای ئیسلام ئابادی پاکستان، گیانی لەدەست دەدات و بۆ هەمیشە ناوی لە مێژوودا دەمێنێتەوە. ئەو لەسەر وەسیەتی خۆی لە کێوی سوڵتان یاقووبی نەغەدە بە خاک دەسپێردرێت.

جوانەمەرگ بوونی محەممەد ئەوراز، ئیزنی پێ ئەو نەدا شانازیی زیاتر بۆ نەتەوەکەی تۆمار بکات. ئەو لە ماوەی تەمەنیدا بەسەر چەندین چیای بەرزی جیهاندا سەر کەوت و لە بوارە جیاوازەکانی شاخەوانیشدا توانی بڕوانامە وەربگرێت.

مەرگی ئەو شاخەوانە ناودارەی کورد بووەتە سەرباشقەی لاوانی کورد و هەستی گرێدراوی لە نێو خەڵکی کورددا دروست کردووە. خۆی گوت بووی لە چیای قەندیلی کوردستان پەروەردە بووە بۆیە توانیویەتی ئێوێرێست ببەزێنێت. لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات شوێنێکی گشتی هەیە کە بە ناوی ئەو شاخەوانە کوردە کرابێت. ئەو کەسێکە ئێستا لە نێو نەتەوەی کورددا وەک شانازیی نەتەوەیی سەیری دەکرێت و کورد وەک نموونەیەک بۆ خۆناساندنی بە جیهان ئاماژە بە ناوی دەکات.

 

KURDŞOP
161 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!