پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

 

- بێهزاد قادری

 

لەوەتەی کوردستان بەسەر چەند بەشدا دابەش کراوە و داگیرکەران دەسەڵاتی ئەو بەشانەی کوردستانیان بە زۆر بەدەستەوە گرتووە، هەمیشە مێژوو شاهیدی تاوانە جۆراوجۆرەکانی ئەو داگیرکەرانە (دەسەڵاتدارانی فارس، تورک و عەرەب) بە دژی نەتەوەی کورد بووە. داگیرکەرانی کوردستان نەتەنیا خاکی ئێمەیان داگیر کردووە و هەموو سەرچاوە سروشتی و ژێرزەوی و سەرزەوییەکانیان بەتاڵان بردوون، بەوەشەوە نەوەستاون و هەمیشە نکۆڵییان لە کوردستانیبوونی ئێمە کردووە. ئەوان هەمیشە کۆمەڵکوژیان کردووین، لە هەوڵی ئاسمیلەکردنی ئێمەدا بوون، مێژووی ئێمەیان چەواشە کردووە و ویستوویانە ئێمە لەنێو خۆیاندا بتوێننەوە.

بەداخەوە دەبێ دان بەوەشدا بنێین کە لە زۆر بواردا ئەوان سەرکەوتوو بوون، بۆ نموونە زۆرێک لە ئێمە مێژوویەک کە ئەوان دەرخواردی ئێمەیان داوە، قەبووڵمان کردووە؛ زۆرێک لە ئێمە خۆیان بە ئێرانی، تورکیایی، عێراقی و سووریایی دەزانن و خۆیان وەک قەومێکی سەر بەو وڵاتە ساختانە پێناسە دەکەن کە تەنانەت مێژووی ناوی ئەو وڵاتانەش لە سەد ساڵ تێناپەڕێت. بەداخەوە زۆرێک لە ئێمە تەنانەت نازانن بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و بنووسن و بگرە کەسانێکیش هەن کە قسەکردن بە زمانی کوردی بە شەرم دەزانن، واتە بەتەواوەتی مێشکیشیان وەک ئاو و خاکیان لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە داگیر کراوە. بە سەدان نموونەی تر هەن کە مرۆڤ دەتوانێت ئاماژەیان پێ بکات کە لە بابەتێکی وا کورتدا تەنانەت ناتوانین ئاوڕێکیشیان لێ بدەینەوە.

ئەوەی لەم ڕۆژانەدا دیسانەوە سەرنجی ڕاکێشام و هانی دام یادداشتێکی لەسەر بنووسم، دووبارە زەقبوونەوەی هەندێک ناکۆکیی نێوان کوردەکانی بەشەکانی کوردستان بوو کە بەبێ هیچ گومانێک دەستی داگیرکەرانی کوردستانی لە پشتە. لێرەدا نامەوێت بە دیاریکراوی ئاماژە بەو ناکۆکییانە بکەم و پێم وابێت هەڵەیە کە زەق بکرێنەوە، تەنیا پێویستە ئاماژە بەو دەستانەی پشتپەردەی ئەم ناکۆکییانە بکەم و لەمبارەوە هەستیارتر بین و سەرچاوەی ڕاستەقینەی کێشەکان بناسین. دەبێ بزانین کە ئەم بابەتانە ڕەگ و ڕیشەیەکی هەیە و دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شتە سەرەکییانەی کە لە سەرەتادا ئاماژەم پێ کردن.

ئەوەیکە خاکمان داگیر کراوە و وڵاتمان پارچەپارچە کراوە، حاشاهەڵنەگرە. داگیرکەرانی وڵاتەکەمان بەوەش ڕانەوەستاون و تەنانەت لەنێو وڵاتە ساختەکانی خۆیانیشدا پارچەپارچەیان کردووین، تاکوو زیاتر لێک دابڕێین، تاکوو زیاتر لێک بێگانە بین. ئێستا چونکە زۆرتر شارەزای دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم، باسی ئەم پارچەی کوردستان دەکەم. ڕۆژهەڵات لەلایەن داگیرکەری ئێرانییەوە کراوە بە چەند پارێزگایەک و تەنیا بەشێکی بچووکی ڕۆژهەڵاتی وەک کوردستان ناودێر کردووە و ناوی ناوە "پارێزگای کوردستان" کە ئێمە بە پارێزگای سنە ناوی دەبەین. داگیرکەر بەم کارە دەیەوێت بڵێت کە کوردستان هەر ئەو پارێزگایەیە و کوردەکان تەنیا قەومێکن لە قەومەکانی ئێران. هەروەها هەموو هەوڵی ئەوەیە کە ناسنامەی کوردستانیبوون لە پارێزگاکانی "ورمێ، کرماشان، ئیلام و لوڕستان" بسڕێتەوە و لەمبارەوە هەرجار و پیلانێک دادەڕێژێت. لەلایەکی ترەوە بە هاوردەکردنی خەڵکانی بیانی لە شارەکانی تری ئێرانەوە هەمیشە لە هەوڵی گۆڕینی دێمۆگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە نموونەکەی لە شارەکانی "ورمێ، کرماشان، سایین قەڵا، قوروە و بیجاڕ و..." دەبینین. هەموو ئەمانەش بۆ لێک دابڕانی زیاتری کوردانی ڕۆژهەڵاتە لە یەکتر (نموونەی ئەمەش لە باشوور دەبینین، بۆ نموونە تەعریبی کەرکووک لەلایەن حکوومەتەکانی عێراقەوە).

جا ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بە هەموو ئەوانەشەوە نەوەستاوە، بەڵکوو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا شاهیدی ئەوە بووین کە بەردەوام شەڕی دەروونیی جۆراوجۆری لەگەڵ نەتەوەکەمان کردووە. یەکێک لەو شەڕە دەروونییانە ئەوە بووە کە وا بکات خەڵکی گوندێکی کوردستان ڕقی لە خەڵکی گوندە جیرانەکەی بێت کە ئەوانیش هەر کوردن. خەڵکی شارێکی کوردستان ڕقی لە خەڵکی شارێکی جیرانی شارەکەی بێت کە ئەوانیش هەر کوردن. ماوەیەک وای لێ هاتبوو کە ڕێژیم لە ڕێگای دەستوپێوەندییەکانییەوە "جوک"ی (نوکتە) لەسەر خەڵکی شارە جیاجیاکانی کوردستان دروست دەکرد و بڵاوی دەکردنەوە. ئەمە لەنێو خەڵکدا بڵاو بووەوە، ئەم شار بە جوک و قسەی نەشیاو گاڵتەی بەو شاری دیکە دەکرد. بەکرێگیراوێکی لە شارێکی کوردستان دەبردە شارێکی تری کوردستان تاکوو بە کردەوە قێزەونەکانی ناوی شاری خۆی لەلای خەڵکی ئەو شارە ناشیرین بکات و دەیان نموونەی هاوشێوەی وا هەبووە. بەداخەوە زۆرێک لە خەڵکی کوردستان دەکەوتنە ژێر کاریگەریی ئەم جۆرە بابەتانەوە و ئێستاش دەبینین کەسانێک هەن کە ڕقیان لە خەڵکی شارێکی دیاریکراوە، لە حاڵێکدا ڕەنگە تەنیا خراپیی لە یەک تاکی ئەو شارەوە دیبێت! بەگشتی هەموو ئەمانە ئاکامی پیلانێکن کە داگیرکەر بۆ ئێمەی داڕشتووە تاکوو ڕقمان لە یەکتر بێت و قەت بیر لەوە نەکەینەوە کە کورد نەتەوەیەکە و پێویستە یەکگرتوو بن.

ئێستا ئەم بابەتە بەربڵاوتر بووەتەوە، واتە پیلانەکانی داگیرکەران جوغرافیایەکی گەورەتر لەخۆ دەگرێت. بە کورتی و بە پوختی دەیانەوێت وامان لێ بکەن کە خەڵکی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان ڕقیان لە یەکتر بێت و بە چاوی دوژمن سەیری یەکتر بکەن. بۆ نموونە دەیانەوێت وامان لێ بکەن کە قەت بیر لەوە نەکەینەوە کە کوردانی باشوور و ڕۆژهەڵات هاوخوێن و هاوزمانن و سەر بە نەتەوەیەکن. هەر لەم ڕۆژانەدا شاهیدی چەندین نموونەی وا بووین.

ڕێژیمی ئێران خاوەن هێزی سایبرییە کە بەشێک لە هێزەکانیشیان کوردی خۆفرۆشن. یەکێک لە کارەکانی ئەم هێزە دروستکردنی ناکۆکی لەنێو خەڵکی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەوان بە سەدان پەیجی فەیکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە و وا نیشان دەدەن کە خەڵکی باشوور یان ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. هەندێکجار لە هەردوو لای کوردستان پەیجانێک و خاوەنەکانیان کڕیوە و سیاسەتی خۆیانیان پێ پیادە دەکەن. کاری ئەم کەسانە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بابەتی چەواشەکارانەیە و ئامانجیان دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان پارچەکانی کوردستانە. ئەوان بە ناوی کوردانی ڕۆژهەڵات لەژێر پۆستی باشوورییەکان کامێنتی نەشیاو دادەنێن و بە پێچەوانەشەوە. ڕەنگە ئەم شتانە ئاسایی بێنە بەرچاو، بەڵام تۆوی ناکۆکی دەچێنن کە شتی گەورەتری لێ دەکەوێتەوە.

پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران تەنیا بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سنووردار نابێتەوە و دەیان نموونەی تر هەن. بۆ نموونە بێڕێزیکردن بە کوردێکی باشووری لە ڕۆژهەڵات و بێڕێزیکردن بە کوردێکی ڕۆژهەڵاتی لە باشووری کوردستان و زەقکردنەوەی ئەم بابەتە لە میدیاکان، دەستی ڕێژیمی ئێرانی لە پشتە و هەر لە ڕاستای ئەو ئامانجەیە کە لە سەرەوە باسمان کرد. ئێستا ئەو بێڕێزیکردنە دەتوانێت دزیکردن و ڕفاندن بێت، یان بێ حورمەتی و شکاندنی کەرامەت و کەسایەتیی تاکێک. کە هەردووکیانمان لەم ماوەیەدا لە هەر دوو بەشی کوردستان بینیوە و بەداخەوە شەپۆلێک هەڵوێستی نابەجێی دژ بە یەکی لێ کەوتەوە.

ئەوەی نابێ لەبیرمان بچێت ئەوەیە کە دوژمنی ئێمەی کورد داگیرکەرانی کوردستانە نەک هاوخوێن و هاوزمانەکەمان. دەبێ زۆر وریای پیلانەکانی داگیرکەرانی کوردستان بین کە دەیانەوێت ئیزۆلەمان بکەن، دەیانەوێت وامان لێ بکەن کە بێزمان لە یەک هەستێت و ڕقمان لە یەک بێت. ڕەنگە زۆر جار داگیرکەران بە سەرکەوتوویی پیلانەکانیان پیادە بکەن، بەڵام دەبێ ئێمە خێرا ئەو پیلانانە و دەستەکانی پشتی بخوێنینەوە و هەڵوێستی گونجاومان هەبێت و لە جێی ئەوەی خۆمان ڕیسوا بکەین، داگیرکەران ڕیسوا بکەین.

KURDŞOP
387 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!