ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

بێهزاد قادری

 

بەشی دووەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

لە دوو بەشی پێشتری ئەم وتارەدا، بە هێنانەوەی نموونە شیعری کۆمەڵێک شاعیری کورد (فەقێ قادری هەمەوەند، جەمیل ڕەنجبەر، جەلال مەدحەت خۆشناو، سامی عەوداڵ، سەید کامیل ئیمامی، خادیم، نافیع مەزهەر، شێخ ئەحمەد شاکەلی و فایەق بێکەس) ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیمان بینی و بینیمان کە زۆرێک لە شاعیرانی کورد، نەتەنیا لە شیعرەکانیان بە شێوازی جۆراوجۆر باسی "نەورۆز"یان کردووە، تەنانەت شیعری تایبەتیان لەسەر "نەورۆز" هۆنیوەتەوە. لەم بەشەشدا بە هێنانەوەی چەند نموونە شیعری دیکە لە شاعیرانی کورد کۆتایی بەم وتارە دێنین کە مەبەستمان لێی سەلماندنی کوردستانیبوونی نەورۆز و هەروەها ڕەنگدانەوەی نەورۆز لە ئەدەبی کوردیدا بوو. پێویستە ئەوەش بڵێم کە بە سەدان شیعر و پەخشانی دیکەی کوردی هەن کە بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان تێدا کراوە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و گەڕانی زۆرترە و پۆتانسییەلی ئەوەی هەیە کە چەندین کتێبیان لەسەر بنووسرێت.

نەورۆز لە شیعری "خوا کە شەو دێنێ ڕۆژ ئەباتەوە"ی پیرەمێرد

پیرەمێرد (١٩٥٠ – ١٨٦٧) یان حاجی تۆفیق بەگ، شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەوانێکی بەتوانای کورد بوو. لە سلێمانی لەدایک بووە و لە لاویدا زانستی ئایینیی لەوێ خوێندووە. پیرەمێرد مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە، ئەوسا ڕووی کردووەتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. پیرەمێرد بەرھەمی وێژەییی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەریی کوردیی کردووە. ھەندێک لەو خزمەتانە بریتیین لە "دامەزراندنی ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب، ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی، ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین." پیرەمێرد لە بواری شیعریشدا دەستێکی باڵای ھەبووە.

جگە لە کاری ڕۆژنامەوانی، یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە پیرەمێرد گرینگییەکی زۆری پێ داوە، نەورۆز بووە. بە لای پیرەمێردەوە نەورۆز تەنیا کردنەوەی ئاھەنگێک و گێڕانی ئاھەنگ نەبووە، بەڵکوو شتێکی لەوە گەورەتر بووە، لای ئەو ھاوکێشەی مەرگ و ژیانەوەی وەرگرتووە، لەلایەکەوە سروشتی مردوو ژیاوەتەوە، لەلایەکی تریشەوە ڕەمزی شۆڕش و ڕزگاربوونی گەل بووە. ئەمەش بەشێک لە شیعری "خوا کە شەو دێنێ ڕۆژ ئەباتەوە"ی پیرەمێرد:

ساڵە و ساڵ زەوی نوێ ئەبێتەوە  /  گژ و گیای لەگەڵ ئەبووژێتەوە

کە زستان ڕۆیی ئیتر نەورۆزە  /  بولبول لە عەشقی گوڵدا بە سۆزە

بەشی دوو ساڵمان لە نەورۆز دایە  /  یاڵڵا کوڕوکاڵ سا وەرنە کایە

پیرەمێرد لەم شیعرانەی تریشیدا باسی نەورۆزی کردووە: "ناوێرن بڵێین پەندی پێشینان، کە قەل قڕاندی بڵێ: یا غەففار، هەورە تریشقە گرمەی بڕاوە و شەوگاری پایز نەئەچووە سەر".

نەورۆز لە شیعری "حەوتەم: نەورۆز"ی دڵشاد مەریوانی

دڵشاد مەریوانی (١٩٨٩ – ١٩٤٧) نووسەر، ڕۆژنامەوان، شاعیر و ئەکتەری کوردی خەڵکی سلێمانی بوو. بەھۆی ئەوەی کە بە منداڵانی خوێندکار ئەلفوبێی کوردیی فێر کرد، وەک کەسێکی خراپەکار لەلایەن ڕێژیمی بەعسی عێراقەوە شەهید کرا. ئەو لە ساڵی ١٩٦٣ەوە دەستی بە کاری سیاسی و خەباتی ژێرزەمینی کرد و چەندین جار زیندانی کرا و ئازار و ئەشکەنجە و دەربەدەریی بینیوە. هەروەها لە شۆڕشەکەی ئەیلوولی ١٩٦١ و لە شۆڕشەکەی حوزەیرانی ١٩٧٦دا، ماوەی چەند ساڵ ژیانی پارتیزانانەی نێو شاری تاقی کردووەتەوە. ناوبراو کەسێکی زۆر نیشتمانپەروەر بووە و گرینگییەکی زۆری بە شیعری نێستمانپەروەرانە داوە. لێرەدا بەشێک لە شیعری "حەوتەم: نەورۆز"مان هێناوەتەوە:

دڵی پاساری بەو بچووکییە، کەوتە هەڵپەڕین  /  لەسەر ئەرخەوان، ئەیوت: خەڵکینە، با خەم لابەرین

- گوڵاڵەی نازدار زوو هەڵسە لە خەو، ئەمڕۆ نەورۆزە  /  من بە گۆرانی، تۆ بە پێکەنین، ئەڵێین: پیرۆزە

شایانی باسە کە "دڵشاد مەریوانی" لە شیعرەکانی "نەترازا، مامۆستا، بیست و نۆیەم: نامەی عیشقدۆزێک، چل و نۆیەم: نەورۆزی ١٩٧٥" باسی نەورۆزی کردووە.

نەورۆز لە شیعری "نەورۆزی ڕزگاری"ی هێمن

هێمن (١٩٨٦ – ١٩٢١) کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆری بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە. ھێمن، بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەهاباد لەدایک بووە. مامۆستا هێمن سەرەڕای ئەوەی شاعیرێکی بەتوانا بووە، سەرقاڵی کاری سیاسیش بووە و بیری نیشتمانپەروەریی ئەم شاعیرە بە جوانی لە شیعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.

مامۆستا هێمن لە کتێبی "هەواری خاڵی" وەها باسی "نەورۆز" دەکات:

"لەبارەی نەورۆزی پیرۆزدا زۆر شت گوتراوە و نووسراوە. مێژوونووسان دەڵێن ئەو ڕۆژە کە ئاور دۆزراوە خەڵک کردیە جێژن و ناوی نا نەورۆز، یا دەنووسن ئەو ڕۆژە کە کاوەی ئاسنگەر لە زەحاکی خوێنخۆر و زۆردار ڕاپەڕی و دوایی بە دەستەڵاتی زۆردارانەی هێنا، کرا بە نەورۆز.

تەنانەت لە هێندێک برادەری شیعەم بیستووە کە حەزرەتی عەلی سڵاوی خوای لێ بێ لەو ڕۆژەدا لەدایک بووە. هیچ کام لەم بۆچوونانە بۆ ڕەتکردنەوە نابن. دۆزینەوەی ئاگر ئەو نیعمەتە گەورەی خودا، ڕاپەڕینی کاوە و لە ناخ ڕۆ کردنی زەحاکی زۆردار و لەدایکبوونی حەزرەتی عەلی ئەو سەردارە بەناوبانگەی ئیسلام هەموو بۆیە دەبن جێژنیان بۆ بکەی، بەڵام بۆچوونی من لەبارەی نەورۆزدا بۆچوونێکی لادێییانە و کرمانجانەیە. لەوەش ناترسم مێژووزانەکانی شارستانی پێم بڵێن کەڕە کرمانجی مێژوونەزان و نەخوێندەوار ئەوەت لە کوێ هێناوە.

من پێم وایە ئەم ڕۆژە پیرۆزە و ئەم جێژنە گەورەی زۆربەی گەلانی ڕۆژهەڵات پێوەندیی بە ئابوورییەوە هەیە...".

بەشێک لە شیعری "نەورۆزی ڕزگاری" لە کتێبی "تاریک و ڕوون":

لە دنیادا کەمە هاوتای بەهاری جوانی کوردستان

ئەویش ئەوساڵ کە لایێکی نەجاتی بوو لەژێر دەستان

لە خۆشی ئەو وڵاتە شاعیریش بۆتە هەزار دەستان

ڕەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە، جێژنی نەورۆزە

بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە

مامۆستا هێمنیش لەم شیعرانەدا باسی نەورۆزی کردووە: "ڕێبەندان و شاعیر، پەری شیعر، مەتەرێزی شەرەف، دەسکەوتی خەبات، سازی ناساز و شەرابی خەست و...".

کۆتایی:

بەو جۆرەی کە لە سەرەتادا ئاماژەم پێ کرد، زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

 

 

 

 

KURDŞOP
202 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

لێکۆڵینەوەی دوو شیعر لە شاعیرانی کورد لەقەفقازی ڕووسیە

بەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ کوردەکانی ئەرمەنستان نەخوێندەوار بوون. بەڵام گەنجینەی ئەدەبیی ئەوان لە ناو کوردناسان و ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووس و ئەورووپی بووە هۆی سەرسوڕمان و دوای فێرکردنی خوێندەواری و پەرەپێدانی خوێندن لە نێو ئەوان، توانیان دەرگایەکی نوێ لە وێژەی کوردی بکەنەوە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!