ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ڕۆژان سۆفیزادە

 

ڕەنگە ژینگە و چالاکییە پەیوەندیدارەکانی، لە قەبارەی کۆکردنەوەی زبڵ لە سروشت یان دەرمانکردنی گیانلەبەرێکی زیانبەرکەوتوو سنووردار بکرێتەوە؛ چالاکیگەلێکی ناسیاسی کە ئەنجامدانیان، نەتەنیا مەترسیدار نییە، بەڵکوو کارێکی خێرخوازانەیشە! کەسانێک تەنیا ژینگە لەم چوارچێوەیەدا دەبیننەوە و لەسەری سوورن کە ئەو چالاکییانە بۆ هەوڵێکی سۆزدار و هەستەکی بەرتەسک بکەنەوە.

ئەم ڕوانگەیە و ئەم هەڵسوکەوتانە، لە مەڵبەندێکدا کە چوونە نێو بواری سیاسی مەترسیی گیانیی هەیە (وەک وڵاتی ئێران)، ڕەنگە بە ڕواڵەت پەراوێزێکی ئەمن و ئارام بۆ کۆمەڵێک لە ژینگەپارێزان دروست بکات؛ بەڵام سیاسەتوانان و بەرپرسان واکسینە دەکات! ئەوان دەپارێزێت تاکوو هەڵسوکەوتی بەکاربەری و دژە سروشتیی خۆیان بە توانایەکی زۆرترەوە درێژە پێ بدەن. واکسەنی ناسیاسی ناونانی ژینگە، هەروەها سیاسەتوانان لەهەمبەری داواکارییە ژینگەتەوەرییەکانەوە ئەمن ڕادەگرێت.

لە پێوانەیەکی گەورەدا، ئەو شوێنەی کە بڕیاردان بۆ بوارە بەرفراوانەکان لە مەیداندایە، ژینگە دەبێتە بابەتێکی بەتەواوی سیاسی. سیاسەتوانان بە بیانووی گەشە و چاکسازیی دۆخی خەڵک و لە کردەوەدا بەهۆی بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندیی خۆیان، بەگشتی بڕیارگەلێک دەردەکەن کە تێچووەکانی لە گیرفانی سروشت و شارۆمەندانەوە بدرێت.

ئیرادەی هاوئاهەنگیی خەڵک بۆ ڕزگارکردنی گۆی زەوی، بۆ کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ی زایینی  دەگەڕێتەوە. لە بەریتانیادا، دوای چەندین ساڵ هەوڵ و تێکۆشان، یەکیەتیی "پێلامیج" کە دواتر ناوی "ئەنجومەنی سەڵتەنەتیی پشتیوانی لە باڵداران"ی لەسەر نرا، کەسانی خاوەن دەسەڵاتی هێنایە سەر ئەو بڕوایە و توانی یاسای قەدەغەکردنی کەڵکوەرگرتن لە پەڕی باڵدارەکان لە پیشەی جلوبەرگدا پەسند بکرێت. لە پێوانەیەکی ورددا، هەوڵی ئەم یەکیەتییە، پارێزگاری لە باڵدارەکان بوو. بەڵام لە پێوانەیەکی گەورەدا، بێ ڕۆڵگێڕیی سیاسەتوانان و پەسەندکردنی یاسا، ئەو چالاکییە نەیدەتوانی ئاوەها بەرفراوان بێت.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە لە بەریتانیادا ڕووی دەدا، ژینگەناسێک بە ناوی "جان می یێر" لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئامریکادا، ئەنجومەنی "سی یێرا کڵاب"ی دامەزراند. ئەو ئەنجومەنە لەو کاتەوە هەتا ئێستا، سیاسەتوانانی لەژێر گوشار خستووە تاکوو بە پەسەندکردنی یاسا لە بوارە جۆربەجۆرەکانی ژینگە، مەترسییەکانی سەر ژینگە کەم بکەنەوە. بێ یاسا و ڕێسای کارامە و بەڕێوەبەریی دروستی ئەو چالاکییانە، پاراستنی ژینگە لە نەمامچاندنی بەکۆمەڵ، دەرمانکردنی گیانلەبەرانی بریندار و کۆکردنەوەی زبڵ، زیاتر پەرەی نەدەسەند.

لە ماوەی ئەم نیو سەدەیەدا، هەوڵگەلێکی جیهانی بۆ گەشەی دۆخی پاراستنی ژینگە ئەنجام دراوە. لە زۆربەی ئەوانەدا، سیاسەتوانان حوزووریان هەبووە. پەیمانی نێونەتەوەییی گۆڕانی کەش و هەوا لە پاریسدا، یەکێک لەم هەوڵانەیە. هەندێک لە وڵاتان، وەکوو هیند، عەرەبستان و چین، لەگەڵ بەشگەلێکی ئەم پەیماننامەیە نەبوون. "باراک ئۆباما"، سەرکۆماری پێشووی ئامریکا، ئەم پەیماننامەیەی واژۆ کرد؛ بەڵام ساڵ و نیوێک دواتر، "ترامپ"، لە پەیماننامەی پاریس چووە دەرەوە. ئەگەر ئەم چیرۆکە و وردەکارییەکانی سیاسی نین، دەتوانین چ سەردێڕێکی تری پێ بدەین؟

بوونی وەزیر یان سەرۆکی ڕێکخراوەی ژینگە لە کابینەی دەوڵەتەکاندا، نیشانەیەکی دیکەیە لە سیاسیبوونی پرسی ژینگە. زۆرێک لە بڕیارەکان کە دەوڵەتەکان لە بوارەکانی ئاوەدانی و گەشەدا دەیدەن، لەسەر ژینگە کاریگەرییان هەیە. ئەو ڕوانگانەی کە پاراستنی ژینگە لە چالاکیی ئەنجومەنەکان و کۆکردنەوەی زبڵ لە سروشت سنووردار دەکەنەوە، دەستی بڕیاردەران بۆ وێرانکردنی ژینگە ئاوەڵاتر دەکەنەوە، بێ ئەوەی کە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی پڕۆژەکان لە سروشتدا بە جیددی وەربگیرێن.

درێژەدان بە بەڕێوەبردنی پرۆژە وێرانکەرەکان و کەڵکوەرگرتنی نابەجێ لە سروشت لە درێژماوەدا، باسەکە لە ڕواڵەتە سیاسییەکەی بۆ ڕواڵەتی ئەمنییەتی دەگۆڕێت. ئەم ڕووداوە لە ئێراندا ڕووی داوە. ساڵانێکە کە پرسی ئاو کە بەشێکی هەرەگرینگی ژینگەیە، بووەتە باسێکی ئەمنییەتی.

لە ئێراندا، سیاسەت کە لە ڕۆژە سەرەتاییەکانی چالاکییە ژینگەییەکانەوە هاتە نێو ئەم پرۆسەیەوە، لە ئەمڕۆدا زۆرتر لە هەموو کات خۆی دەردەخات. بەجێی حاشاکردن لە سیاسیبوونی باسی ژینگە لە پێوانە گەورە و بڕیارەکاندا، دەبێ قەبووڵی بکەین و لەبیری چارەیەکدا بین کە ژینگەپارێزان هێزی سیاسەتوانی فێر ببن و بۆ فەراهەمکردنی ڕۆژگارێکی باش، بەردەوام داواکارییان هەبێت.

بێ وزەی بەهێزی سیاسی لە بواری ژینگەدا کە بتوانرێت یاسا و ڕێسای گونجاوی پێ پەسەند بکرێت، هەوڵە ژینگەپارێزییەکان لە خاوێنکردنی سروشت لە زبڵ و تیمارکردنی گیاندارێکی بریندار، زۆرتر پەرە ناستێنێت، هەروەها توانایی و تایبەتمەندیی ئێکۆلۆژیکی ئێکۆسیستمەکان لاواز دەبێت و هەموو جۆرە بەڵایەک، وەکوو تەپوتۆز یان تەنانەت بێکاریش، بۆ خەڵک دێتە پێشەوە. سیاسیزانینی ژینگە، ڕێگا بۆ بەهێزکردنی ژینگەپارێزان ئاوەڵا دەکاتەوە و داوێنی کاریگەریدانانی ئەوانیش بەهێزتر دەکاتەوە.

 

KURDŞOP
191 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!