رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

سیامەند شاسواری

 

سیستەمی هەڵبژاردن لە ئێراندا، هەر لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامییەوە پارادۆکسیکاڵ بووە. ئەو پاردۆکسەش لە ناوی سیستەمی سیاسیی ئێراندا بەرجەستە بووە کە ئەویش بریتییە لە لکاندنی پاشگری ئیسلامی بە سیستەمێکی سیاسییەوە کە لەسەر بنەمای کۆماری دامەزرابێ.

 کۆنترین دابەشکارییەک کە بۆ سیستەمی سیاسی کراوە هی یۆنانی کەونارایە و لە کتێبی پۆلیتیای ئەرەستوودا دەیخوێنینەوە. ئەرەستوو سیستەمە سیاسییەکان بە چەند هۆکار دابەش دەکا. یەکەم بەڕێوەبەرانی سیستەمێکی سیاسی چەند کەسن. دووهەم ڕادەی فەزیلەت و تێگەیشتوویی و پێگەیشتووییان چەندە. سێهەم ویست و خواستی بەڕێوەبەران چییە. واتە بە پێی ئەوەی کە چەند کەس بەڕێوبەری سیستەمێکن یا بە پێی ئەوەی ڕادەی تێگەیشتووییی کەسانی بەڕێوبەر چەندە یان بە پێی ئەوەی مەیل و ویستی حاکمەکان چییە، دەتوانین جۆری حکوومەتەکان بناسین. بە لەبەرچاوگرتنی هەر کام لەو دابەشکارییانە سێ جۆر حکوومەت دەتوانن لە دایک ببن.

ئەگەر بە پێی ژمارەی بەڕێوەبەران یا بڕیاردەرانی حکوومەت قسە بکەین؛ یا تاکێک یا تاقمێک یا هەمووی خەڵکی لە بڕیارداندا دەتوانن کاریگەر بن. واتە گەر کەسێک بە تەنیا بڕیا هەموو بڕیارەکانی سیستەمێکی سیاسیی بە دەستەوە بێت، حوکمی تاکەکەسی پێک دێ. ئەگەر تاقمێک بڕیار بدەن حکوومەتی گرووپی پێک دێ. ئەگەر هەموو خەڵکی لە بڕیاردانی سیاسیدا بەشدار بێت حکوومەتی زۆرینە مسۆگەر دەبێ.

 بەڵام ئەگەر حکوومەت بە پێی فەزیلەت یا تێگەیشتوویی تاوتوێ بکرێ دەبێ بڵێین؛ ئەگەر ئەو کەسەی بە تەنیا حکوومەت دەکا کەسێک بێ کە فەزیلەت و پێگەیشتووییی هەبێ، جۆری حکوومەتەکە دەبێتە حکوومەتی مۆناڕشی. ئەگەر ئەو تاقمەی کە بڕیار دەدەن بڕیاری پسپۆڕانە و تێگەیشتووانە بدەن حکوومەتێکی ئاریستۆکرات پێک دێنن. ئەگەر کۆی خەڵکی بە فەزیلەت و تێگەیشتوو لە بڕیارە سیاسییەکانی حاکمیەتێکدا بەشدار بن، یانی زۆرینەی ڕەهای تێگەیشتووی وڵاتێک بەشداری سیستەمی حوکمڕانی بن، حکوومەتی کۆماری پێکدێ.

 جۆری سێهەمی دابەشکاری لە حکوومەتەکاندا ئەوەیە کە حکوومەتی هەر کام لەو سێ جۆرە نەک بە پێی ڕادەی تێگەیشتوویی و زانایی و حیکمەتی حاکمەکان، بەڵکوو بە پێی ویست و و ئیڕادەی خۆیان حکوومەت بەڕێوە بەرن. ئەگەر تاکێک بەڕێوەی بەرێ حکوومەتێکی داپڵۆسێنەری ئیستیبدادی پێک دێنێ. ئەگەر تاقمێکی داپڵۆسێنەر و ڕانتخۆر بەڕێوەی بەرن، حکوومەتێکی ئۆلیگارشی پێک دێ. ئەگەر زۆرینەی خام و ناتێگەیشتووحکوومەتی بە دەستەوە بگرن بە پێی دابەشکاریەکانی ئەرستوو حکوومەتی دێموکراسی پێک دێ.

واتە لەو دابەشکارییانەی ئەرەستوودا خراپترین جۆری حکوومەت حکوومەتی تاکە کەسی لەسەر بنەمای ویستی ئەو تاکە کەسەیە. باشترین حکوومەت حکوومەتی کۆمارییە. لە لایەکی دیکەوە بە پێی تێگەیشتنی ئەرەستوو، حکوومەتی زۆرینەیەک کە تێگەیشتوو و پێگەیشتوو نەبێ دەبێ بە حکوومەتی دێموکراسی، لە بەرامبەر کۆماریدا. بۆیە چۆن زۆرینە کە بە پێی تێگەیشتن بەشداریی پرۆسەی سیاسی دەبن، سیستەمی کۆماری پێک دێنن، حکوومەتێکیش کە بە پێی ویستی زۆرینە ناتێگەیشتوو و بەژەوەندیخواز پێک دێ، دێموکڕاسییە و هەرچەند باشە بەڵام ناگاتە ئاستی کۆماری. لەبەر ئەو هۆکارە ئەرەستوو پێی وایە لە نێو خراپترین جۆرەکانی حکوومەتدا دێموکراسی باشترینیانە.

بە پێی ئەو شیکاری و بەراییە ئەگەر باس لە جۆری فۆڕمی حاکمییەت لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بکەین، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، ئاوێتەیەکی ناجۆر لە هەر سێ چەشنە خراپەکەی حکوومەتە کە ئەرەستوو باسیان دەکات. واتە لەسەر بنەمای حکوومەتێکی تاکەکەسی کە بە پێی بەرژەوەندیی ویستی ئەو تاکە کەسە بەڕێوە دەچی کە وەلی فەقێیە؛ حکوومەتی کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی ئیستبدادییە. بە پێی ئەوەی تاقمێکی زۆر لە گرووپەکان و بە تایبەت گرووپەکانی سەر بە باڵی بناژوخواز و لایەنی چەکداری لەو حکومەتەدا شەریکن، جۆرێکە لە ئۆلیگارشی کە دووەمین چەشنی خراپی حکوومەتە. بە پێی ئەوەی هەندێک لە فۆڕم و کایەکانی دیموکراتیک بە شێوەی ڕواڵەتی وەک هەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوە دەچێ و لاسایی یا کاریکاتۆرێک لە دیموکراسییش دەبیندرێ.

 ئێمە بۆ ئەوەی ئەو تێگەیشتنە لە سەر یەکەم هەڵبژاردنی پاڕلەمانی ئێران دابەزێنین و بە تایبەت لە چەند ناوچەی کوردستاندا قسەی لەسەر بکەین پێویستیمان بە سەرنجدان بە ئاکامی یەکەم هەڵبژاردنەکانی پارلمانی سیستەمی کۆماری ئیسلامییە.

دیارە لە سیستەمێکی کۆماریدا، هەموو حەولی بەڕێوەبەران، سەرنج دانە بە سیستەمی هەڵبژاردن کە تێدا زۆرینەی تێگەیشتووی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان دەبن. کۆماری ئیسلامی لە یەکەم هەنگاوی خۆیدا ویستی ئەو فوڕمە تاقی بکاتەوە، بۆئەوەی خۆڵ بکاتە چاوی خەڵکی ئێران و چاوی جیهانیشەوە. واتە ویستی بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی کایەیەکی دێموکراتیک ئەنجام بدا. بەڵام لە پاش ئەوەی ئاکامی هەڵبژاردنەکان -سەرەڕای هەموو پێشێلکارییەکانی سیستەمی هەڵبژاردن- لە کوردستان دەرکەوتن، کۆماری ئیسلامی وەفادار نەبوو بە یەکەم کایەی دیموکراتیک کە بۆخۆی بانگەشەی بۆ کردبوو. واتە یەکەم گەندەڵیی ئەو سیستەمە، گەندەڵی سیستەمی هەڵبژاردن بوو لە یەکەم هەڵبژاردنی پاڕلەمانیدا.

 لە چەند ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی ژماری دەنگدەران، شێوازی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەبوو سەتاسەد لە دەست کورددا بن. بۆ دەرکەوتنی ئەو راستییە سەرنجێک دەدەینە ئاکامی یەکەم هەڵبژاردنی پاڕلمانی ئێران لە هێندێک لە شارەکانی کوردستان.

لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کە دەست پێ بکەین؛ ورمێ گەورەترین شارێکە وەک ناوەندی پارێزگا دیاری کراوە. شاری ورمێ بە پێی هەموو بەڵگەکان و بە پێی نفووزی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنیەتییەکان کۆماری ئیسلامی و تورکە توندئاژۆکان و دەستێوەردانی هەموو ئەوانە لە کاروباری هەڵبژاردندا، دیسانیش ئاکامی هەڵبژاردنەکان بەو شێوەیە کە لە چوار بەربژێری سەرەکیی شاری ورمێ کە زۆرترین دەنگیان هێناوەتەوە، دوو  بەربژێریان  بەربژێری حیزبی جومهووری ئیسلامین بە نێوەکانی قەرەباغی و حەقیقەتی ئەفشار و دوو بەربژێریان، سەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانن بە نێوەکانی عەبدوڵڵای سمکۆ و دکتۆر ڕەحیمی سەیفی قازی. لەو نێوەدا  بەربژێرێکی سازمانی موجاهیدین و  بەربژێرێکی سەربەخۆش دەنگیان هێناوەتەوە. بەڵام ئەوەی شایانی باسە ئەوەیە کە لە چوار  بەربژێری سەرەکیی شاری ورمێ لە یەکەم هەڵبژاردنی سیستەمی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیدا، حیزبی دەموکراتی کوردستانی ئێران دوو بەربژێری لە دەرچووەکانی ئەو هەڵبژاردنە بوون.

لە شارەکانی نەغەدە و شنۆش کە دوو شاری گرینگ و دواتر کێشە لەسەری دەیەی شەستی هەتاوی بوون، هیچ  بەربژێرێکی کۆماری ئیسلامی دەنگی وەدەست نەهێنا. بەڵکوو زۆرترین دەنگ لە شارەکانی نەغەدە و شنۆ دەنگی  بەربژێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بووە و کەمترین دەنگ دەنگی  بەربژێری کۆمەڵە بووە. لەو دوو شارە زیاتر لە نەوەد و پێنج لە سەدی خەڵکی دەنگیان داوە بە  بەربژێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران واتە مستەفای هیجری. سێ لە سەد دەنگیان داوە بە بەربژێری کۆمەڵە واتە عەبدوڵڵا عەبدوڵڵاهی، سێ دەهومی دەرسەدیش دەنگیان داوە بە بەربژێری سازمانی چریکە فیداییەکان. بەربژێری کۆماری ئیسلامی لەو دوو شارە هیچ دەنگی نەبووە.

لە شاری مەهاباد  بەربژێری حیزبی دەموکراتی کوردستانی ئێران واتە غەنی بلووریان زیاتر لە هەشتا لە سەدی دەنگەکانی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. تێگرای حیزبە چەپەکانی چالاکی ئەودەم وەک چریکە فیداییەکان، کۆمەڵە، پێشگام، ڕاهی کارگەر و باقی حیزبە چەپەکان، شازدە لە سەدیان دەنگ هێناوەتەوە. حیزبی توودە یەک لە سەد و هیچ کام لە بەربژێرەکانی حیزبی کۆماری ئیسلامی دەنگیان نەبووە.

لە شاری بۆکان  بەربژێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران زیاتر لە پەنجا و حەوت لەسەدی دەنگەکانی هێناوەتەوە. بەربژێری کۆمەڵە بیست و سێ لە سەد،  بەربژێری چریکە فیداییەکان هەژدە لە سەد و  بەربژێری حیزبی توودە پێنج دەهۆمی لەسەدی دەنگەکانی بۆ خۆی هێناوەتەوە.

بە پێی ئەو ئامارانە، سەرەڕای دەستکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردندا، لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراندا وەک نموونەیەک دەتوانین شیکاریی لەسەر بکەین.

 لە هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان حیزبە کوردییەکان براوەی یەکەمن بە مەودایەکی یەکجار زۆرەوە لە تێگرای بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان. هەر بە پێی ئەو هەڵبژاردنە دەردەکەوێ کە هیچ  بەربژێرێکی کۆماری ئیسلامی جگە لە شاری ورمێ کە دوو کورسیی پەرلەمانیان هێناوەتەوە، لە هیچ کام لە شارەکانی دیکەی کوردستان تەنانەت یەک لە سەدی دەنگەکانیشیان بۆ خۆیان نەهێناوەتەوە. هۆکاری ئەوەش کە دوو  بەربژێری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دوو  بەربژێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ورمێ شان بە شانی یەک دەنگیان هێناوەتەوە، پێکهاتەی دانیشتووانی ئەو شارەیە کە پێکهاتوون لە تورک و کورد و لە سەرووی ئەویشەوە دەستکارییەکانی سیستەمی ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت شەخسی غولامڕەزا حەسەنی پێشنوێژی ئەو شارەیە، کە کارێکی یەکجار زۆری کرد بۆئەوەی هەڵبژاردنەکان لە شاری ورمێ لەبار بەرێ. بەڵام سەرەڕای هەموو دەستکارییەکانیشی دیسان دوو کەس لە  بەربژێرەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران وەک حیزبی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگیان هێنا و بە پێی ئەو دەنگانە لە کۆی ئەو ناوچانەی باس کراون زیاتر لە هەشتا لە سەدی کۆی دەنگەکان دەنگی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و تێکڕای جەریان و بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان پێکەوە بیست لە سەدی دەنگەکانیان هێناوەتەوە. کۆماری ئیسلامی لە کوردستان هیچ دەنگ و نوێنەرێکی بۆ پەرلەمان نەبووە.

بەڵام ئەگەر سیستەمی کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی کۆماری بایە، یەکەم پەڕلەمانی کۆماری ئیسلامی دەبووە جێگای دانیشتن و مشتومڕی نوێنەرانی ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد و باقیی نەتەوەکانی دیکە و بەو شێوەیە بونیادی وڵاتێک دادەمەزرا کە تێیدا چەند دەنگی حاکم بێ. بەڵام هەر ڕۆژی دوای هەڵبژاردنەکان و دەرکەوتنی دەنگی خەڵکی کورد، کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە. هەڵبژاردنێک کە بۆخۆی بەڕێوەی بردبوو و بەو شێوەیە لە یەکەم هەنگاوی هەڵبژاردندا، کۆماری ئیسلامی حاشا لە بوونی سیستەمێکی کۆماری و زانینی کایەکانی کۆماریخوازی دەکا و بەو شێوەیە لە ڕۆژی دوای ئەویشەوە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فریوی هیچ کایەکی کۆماریخوازیی کۆماری ئیسلامییان نەخوارد. نەتەوەی کورد تا ئێستاش نەچووەتە ژێر باری سیستەمێکی پارادۆکسیکاڵی سیادی هەر بۆیەش لە ڕێفڕاندۆمی کۆماری ئیسلامیدا دەنگیان بەو سیستەمە نەدا و ئەوەی ئێستا جیهان لە کۆماری ئیسلامیی دەزانێ کورد لەیەکەم هەنگاودا زانی و لەقاوی دا.

KURDŞOP
565 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

دەروونناسیی فاشیزم چییە؟

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!