جلوبەرگی کوردان لە چاوی گەشتیارانەوە لە ساڵانی ١٩٧٩-١٥٠١ زایینی – بەشی یەکەم

 

چیا عەزیزی

 

جلوبەرگی ئافرەتانی کورد

لە ڕاپۆرتی گەشتیارەکاندا، ئاماژە بە پێکهاتەی جۆربەجۆر بۆ جلوبەرگی ژنانی کورد کراوە. بە هۆی ئەوەی جلوبەرگی ژنانی کورد کاریگەریی تایبەتی هەیە، وەسفەکەی بە باشی لە تێبینییەکانی گەشتیاراندا دەردەکەوێتەوە؛  بۆ نموونە گرنگیدان بە ڕەنگ، شێوازی بەستنەوەی پارچە قوماشەکان بەیەکەوە و هتد لە چاوی سەفەرنووسان ون نەبووە.

          بۆ وێنە لە نێو ئەو گەشتیارانەی وێنەیەکی زیندوو لە جلوبەرگی ژنانی کورد لە مێشکدا وێنا دەکەن، "گاسپر درویل" لە وەسفکردنی جلوبەرگی ئەو ژنانەی لە ڕەشەماڵدا دەژیان دەنووسێت: «جلوبەرگی درێژ لەبەردەکەن کە لە سەرەوە درزێکی هەیە و بە پشتێنێکی سپییەوە  کە لە پێشەوە هەر دوو سەری شۆڕ بووە، هەڵدەگیرێت. لەچکەی سەریان لە قوماشی کەتانی سپی دروست کراوە کە لە هەردوو لای دەموچاوەوە هەڵواسراوە، تا ناوەڕاستی کەمەر دەکەوێتە خوارەوە. لەچکەکە بە باندێکی ئاوریشمی قاوەیی تەنکەوە دەگیرێت کە لە سەری دەپێچرێتەوە و بە تەوێڵەوە دەبەسترێتەوە.»(١)

          وەسفی گاسپر شێوەی جلوبەرگی ژنانێک کە لەنێو ڕەشەماڵدا دەژین نیشان دەدات و دوو خاڵی بنەڕەتیی هەیە؛  یەکێکیان ئەوەیە کە بەپێی ناوچەکە و شێوازی ژیان، بەرگێکی تایبەت دەبینین، دووەم سەختییەکانی ژیانی ناو ڕەشەماڵ، بەربەست نەبوون لە ڕێگەی سادەکردنەوەی بەرگەکەی، بەڵام بەپێی وەسفەکەی گاسپر ئەم جلە دیزاینێکی ئاڵۆزی هەبووە لەکاتێکدا سادە بوو. گاسپر لە شوێنێکی تردا دەڵێت: «جلوبەرگی ژنانی کورد لە جلوبەرگی ژنانی ئێرانی جوانتر و فریودەرترە. هەروەها نیوتەنەیێکی (بۆدیس)کورتیان لەبەردایە کە بەشێک لەو جلە درێژە دادەپۆشێت، لەسەر ئەو بۆدیسە ئاماژەپێکراوەش پشتێنێکی نایابیان لەبەردایە کە بەتەواوی هێڵەکانی جەستەیان پیشان دەدات و لەڕادەبەدر گونجاوە. ژنانی کورد وەک پیاو سەروێن لەسەر و پانتۆڵیش لە پێ دەکەن، بەڵام ئەم جلانە سووکترن و لە چاو سەروێن و پانتۆڵی پیاوان دڵڕفێنترن.»(٢) بێگومان کاریگەریی تایبەتی جلوبەرگی ئافرەتانی کورد وای کردووە گاسپر ئەم بەراوردکارییە بکات، ئەو بە وردی باسی هەر بەشێکی کردووە کە هەر یەکێکیان ناوێکی دیاریکراوی لە زمانی کوردیدا هەیە؛ بۆ وێنە بۆ نیمتەنە «کەوا» بۆ کەمەربند «پشتێند»؛ بۆ عمامه «شەده» و شەرواڵەکەیان «دەرپێ»ی پێ دەڵێن که شێوەی تیزان دەدات.(٣)

          جوانیی جلوبەرگی ژنانی کورد، لە بۆچوونی ئارچیباڵد ڕۆزڤێڵت-ید ڕەنگی داوەتەوە: «ژنەکان کە جلەکانیان لە سەرنجڕاکێشیدا کەمتر لە پیاوان نیە، بە شێوەی تایبەتی هەموو شاخنشینەکان بە دۆخێکی دڵخۆش و سەربەرزەوە هەنگاو هەڵدەهێنن و لە کاتێکدا جەستەیان ڕاست و جێگیر دەگرن، پەرداخی ئاو لەسەر سەریان هەڵدەگرن و دەڕۆن. هەروەها سەرپۆشەکانیان شینە.»(٤)

دیوانبەیگی، لەبارەی جلوبەرگی ژنانی کوردی نۆدشە/نۆتشە (لە ناوچەی پاوە)، ئەمانەی نووسیوە: «جلەکانیان هەمان جلی گبریی درێژی قەدیمە، کراسێکی زۆر درێژە کە لە ژێری ئەمەدا جلێکی تەسک کە چینی تێدەخەن و دەیانچەمێننەوە یان دەیبەستنەوە بۆ ئەوەی تەسک بێتەوە. ژنان کەمەریان دەبەستنەوە. دەوڵەمەندەکان پشتێنی زیوین لەبەر دەکەن، هەژاران شاڵی پەشمی، لە کەمەر دەبەستن.»(٥)

ژنانی بیجاڕ بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی ساڵی ۱۹٥۰زاینی

 

پێکهاتەی جلوبەرگی ئافرەتان، بەو شیوەیە تا ڕادەیەکی زۆر پارێزراو بووە، بەڵام گۆڕانکاری لە شێوە و قەبارەیاندا ڕووی داوە؛ بۆ وێنە "زیاپوور" قەبارەی شاڵی کەمەر یان پشتێن بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە: «درێژییەکەی زیاتر لە دوو میتر و پانییەکەی نزیکەی میترێک یان زیاترە، زۆرجاریش لە قوماشی ڕەنگاوڕەنگ و گوڵدار هەڵدەبژێردرێت، هەندێکجاریش بە دوو لا دەچەمێتەوە بەجۆرێک کە پانییەکەی نیوە دەبێت.»(٦)

بە تێپەڕبوونی کات درێژی و پانیی قوماشی شاڵی کەمەر کەمی کردووە.  هەروەها بەکارهێنانی سەروێن لای ژنان کەمی کردووە و زۆرتر لە ڕێوڕەسمگەلی تایبەت وەک ئاهەنگی هاوسەرگیریدا دەپۆشرێت.

بە پشتبەستن بە سەفەرنامەی کلۆدیۆس جەیمز ڕیچ، ئەو بەشی جلوبەرگی ئافرەتانی کوردی بەم شێوەیە پۆلێن کردووە: ١. پانتۆڵی پان ٢. کراسێکی ڕەنگاوڕەنگ ٣. پشتێنێک بە قەڵغانێکی گەورە لە زیو و زێڕ ٤. نیوتەنەیێک بە دوگمەیەک دێکۆڕیی ڕێ‎ڕێ یان لە ئاوریشم، چیت، گوجاراتی و قوماشی وەک زەردی ئەستەنبۆڵ؛ جۆراوجۆرییەکەی بەندە بە وەرزی سەرما و موڵکی خاوەن جلوبەرگەکانەوەیە ٥- نیوکۆتێک (کوڵەنجە یا سەڵتە) کە لە قوماشی ساتەن دروست کراوە و وەکو سوخمەیە بەڵام قۆڵێکی تەسکی تا ئەنیشک هەیە ٦.باڵاپۆش بۆ زستانان (هەندێک جار دووان سوخمە یا کوڵەنجە بەجێگای ئەو) ٧. چارۆکە ٨. سوخمە ٩. سەربەند سەروێنە/عەمامە، ١٠. دەسماڵێک بۆ ژێر سەروێن.(٧)(٨)

 

 

ئەم بابەتە درێژەی هەیە...

سەرچاوەکان:

١-دروویل، گاسپر (١٣٦٥)، سفر در ایران، ترجمە منوچهر اعتماد مقدم، چ دوم، بیجا، بینا، ص٣٢٦.

٢-دروویل، گاسپر (١٣٦٥)، سفر در ایران، ترجمە منوچهر اعتماد مقدم، چ دوم، بیجا، بینا، ص٣٢١-٣٢٢.

٣- محسنی، شیرین (١٣٨٣)، لباس کردی در ایران، پوشاک در ایران زمین (مصور)، از سری مقالات دانشنامۀ ایرانیکا زیر نظر احسان یارشاطر ١، ترجمە پیمان متین، با مقدمە علی بلوکباشی، چ دوم، تهران، انتشارات امیرکبیر، ص٣١٠.

٤- روزولت، آرچیپالد (١٣٧٤)، شوق آموختن، ترجمه صهبا سعیدی، چ دوم، تهران، اطلاعات، ص٣١٠.

٥-دیوانبیگی، حسینبنرضاقلی (۱۳۸۲)، خاطرات دیوانبیگی (میرزاحسنخان)، به کوشش ایرج افشار، محمدرسول دریاگشت، چ اول، تهران، انتشارات اساطیر، ص۱۲۲.

6-ضیاءپوور، جلیل (بیتا)، پوشاک ایلها، چادرنشینها و روستائیان ایران، بیجا، انتشارات ادارۀ فرهنگ عامه از انتشارات وزارت فرهنگ و هنرو ص٤٧.

٧-ریچ، کلودیوس جیمز (١٣٩٨)، سفرنامە کلودیوس جیمز ریچ (بخش کردستان)، ترجمه و تعلیق حسن جاف، تصحیح فرامرز آقابیگی، چ اول، تهران، انتشارات ایرانشناسی، ص٢٣٠-٢٣١.

٨-آقابیگی، فرامرز (١٤٠٠)، کرد در سفرنامهها (از صفوی تا پایان پهلوی)، چاپ اول، تهران، انتشارات ایرانشناسی.

KURDŞOP
162 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!