دەنگبێژی بەناوبانگ، "قادر سۆفیانی" کۆچی دواییی کرد

قادر سۆفیانی کە بە ناوی هونەریی "قادۆ" ناسرابوو، مانگی ئاداری ساڵی ١٩٤١ لە گوندی "عومەراوا"ی ناوچەی سۆما- برادۆست سەر بە شاری ورمێ لەدایک بووە. قادۆ تەمەنی ٦ مانگە بووە کە باوکی کۆچی دواییی کردووە. ئەو و دایکی بەتەنها ژیاون و لە سەرەتاوە چارەنووس لەگەڵیان یار نەبووە و لە ژیاندا تووشی زۆر سەختی و چەرمەسەری بوونەتەوە. مامی موڵک و ماڵی ئەوان و هەموو شتێکیان لێ دەستێنێت و قادۆ و دایکی ژیانێکی زۆر سەخت بەسەر دەبەن. دواتر بەهۆی هەژاری و دابونەریتی کۆمەڵگە کە باس لەوە دەکەن ژنێکی گەنج ناتوانێت بە تەنیا لەگەڵ منداڵێکدا بژی، دایکی ناچار دەبێت هاوسەرگیری بکات. بەڵام هاوسەرەکەی لەگەڵ قادۆ ڕەفتاری باش نابێت و دایکی بەهۆی ئەوەوە هاوسەرەکەی بەجێ دەهێڵێت. زۆر ناخایەنێت دایکی قادۆ دیسانەوە هاوسەرگیری دەکاتەوە.

کاتێک دەبێتە منداڵێکی ٩-١٠ ساڵان، تێدەگات کە دایکی بۆ ئەوەی قادۆ بتوانێت بە ئازادی بژی و کەس بێزاری نەکات، چەندە ئازاری چەشتووە. قادۆ چیتر لە ئازاری دەربەدەری و غەریبیی خۆی و دایکی تێدەگات و لەسەر هەژاریی خۆی و دایکی کەلام چێ دەکات و دەیکاتە گۆرانی. وەک خۆی دەڵێت:

قادۆ کەسێکی خوێندەوار نەبووە، بەڵام عەقڵ و مێشکێکی وای هەبووە کە بۆ خۆی شیعری کەلامەکانی ئامادە کردووە و کردوویەتی بە گۆرانی. خێرا ئەو کەلامانەی لەبەر دەکرد و دەیگوتەوە کە کەیفی پێ دەهاتن، بەڵام هیچ کەیفی بەو کەلامانە نەدەهات کە لەگەڵیدا نەدەگونجا.

کاتێک قادۆ لاوێکی تەمەن ١٧-١٨ ساڵ بوو، لە گوندی "هەشتیان" لە ناوچەی سۆما- برادۆست دەنگبێژێک بە ناوی "سلێمان" هەبوو، کە لەگەڵ قادۆ وەک دەستەبرا بوون. سلێمان کەسێکی زۆر باش بووە و وەک مامۆستا زۆر کەلامی فێری قادۆ کردووە. سلێمان کەلامی دروست دەکرد و قادۆش بە دەنگە خۆشەکەی دەیگوتەوە و لە سلێمانەوە فێری دەنگبێژی بووە. هەر بۆیە قادۆ هەمیشە لە هەموو دەنگبێژێک زیاتر، سلێمانی قەبووڵ بووە و وەک مامۆستای خۆی دەیبینی.

زۆر جار هونەرمەندی کۆچکردوو "خالێ برێ" و قادۆ پێکەوە لە دیوەخانان دادەنیشتن و گۆرانییان دەگوتەوە.

دوای ماوەیەک دەنگبێژ "ئەڤدی" لە باکووری کوردستانەوە دێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە قاوەخانەی مەلا جاسۆ دەمێنێتەوە، زۆرێکی لە دەور کۆ دەبووەوە و گوێیان لە گۆرانییەکانی ڕادەگرت، کاتێک قادۆش لەو کۆڕانەدا بەشدار دەبێت، کەسێک لەو کۆڕەدا بە دەنگبێژ ئەڤدی دەڵێت: "قادر دەنگێکی زۆر خۆشی هەیە"، ئەڤدی دەڵێت: "ئادەی کەلامێکمان بۆ بڵێ تا بزانین چۆن دەیڵێیت"، قادۆش گۆرانییەک دەڵێت.

کاتێک ئەڤدی گوێ لە دەنگی ڕادەگرێت، دەڵێت: "خۆم و خودام، تۆ بەڕاستی دەنگبێژیت و واز لە دەنگبێژی مەهێنە، دەنگبێژی لە تۆ پیرۆز و موبارەک بێت."

قادۆ نزیکەی ١٠٠-٢٠٠ کەلامی دەزانی و دەیگوتنەوە. کەلامەکانی قادۆ وەک ئاوێنەیەک ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی لەڕووی "ژیان، خۆشەویستی، هەژاری و چەوساندنەوەی گەلی کورد" نیشان دەدا، هەر بۆیە پاڵپشتی و خۆشەویستییەکی تایبەتی لە کۆمەڵگەدا هەبوو. لە دوایین ساڵانی ژیانیدا، بەهۆی ناجێگیربوونی تەندروستیی و هەموو ئەو سەختی و ناخۆشییانەی ژیان کە بەسەریدا هاتبوو، بەداخەوە تەنها ١٠ یان ١٥ کەلامی لەبیردا مابووەوە.

قادۆ گۆرانییەکانی "خالێ برێ، ئەڤدی و حاجی عەبدولکەریم" و زۆر دەنگبێژی گوتووەتەوە کە بەڕاستی دەنگبێژ بوون. قادۆ بۆ خۆی زۆر کەلامی نووسیوە و گوتوویەتی. یەکێک لەو کەلامانەی کە حاجی عەبدولکەریم گوتوویەتی، "دەورێ دەورێ"یە.

لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران واتە ساڵی ١٩٧٩، بەهۆی نەخۆشی و دەرمانکردنی هاوسەرەکەی، قادۆ ماڵەکەی لە گوندی سۆفیان گواستەوە و چووە شارۆچکەی "ئەلواج" لە نزیک شاری ورمێ و لەوێ نیشتەجێ بوو.

بەرهەمی ژیانی هاوبەشی قادۆ ٧ منداڵە، ٥ کچ و ٢ کوڕ. ناوبراو لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی و وەستانی دڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کۆچی دواییی کرد.

ئامۆژگاریی "قادر سۆفیانی" بۆ نەوەی نوێ کە لە بواری هونەر و دەنگبێژیدا چالاکان، ئەوەیە:

گەنجەکانمان کە لە ئێستادا خەریکی دەنگبێژین، نابێ ڕێگای هونەر و کورد و کوردستان ون بکەن و با کەلامی دەنگبێژانمان ڕاست و دروست بێت و بێ سەرلێشێواوی و بە جوانی بیگەیەننە گەلەکەمان بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن."

KURDŞOP
883 بینین

پێشانگەی هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر

پێشانگەیەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی ماشەڵڵا محەممەدی (ئارێز)، هونەرمەندی شێوەکاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەولێر کرایەوە.

سەرکەوتنی ئامەدسپۆر پیرۆز بێت

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستانیش ئەگەرچی لە لایەن شۆڤێنییە دەسەڵاتدارەکانەوە زۆر دژایەتیی کراوە و دژایەتی دەکرێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا توانیویەتی بەردەوام ڕێگای سەرکەوتن بەرەو لووتکە بپێوێ و ئێستا بووەتە نوێنەری دەنگی کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە گۆڕەپانی وەرزشدا.

پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کوردان بەسەر فاشیسمدا لە باکووری کوردستان

لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان دوو سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد. یەکەمیان سەرکەوتنی حزبی کوردستانیی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ٨٥ شارەوانی و بە تایبەتیش شارەوانییەکانی ۱۱ گەورەشاری باکووری کوردستان بوو.

"خەلاتی نێ" خەڵاتێکی نیشتمانی

خەڵاتێکی ساڵانە لە لایەن ڕای گشتیی خەڵکێ گەورە دێی "نێ"ی مەریوانەوە دیاری کراوە کە بڕیارە لەمساڵەوە بدریت بە کەسانی هەڵکەوتووی بوارە جیاجیاکان لە دەڤەری مەریواندا.

جێژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پیرۆز بێت

جێژنی نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد جێژنی جەختکردنەوە لەسەر مافە ڕەوانەکانی و وەربیرهێنانەوەی مێژوویەکی درێژ لە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و ڕزگارییە و ئاگری گەشی نەورۆز کە لە لایەن نەتەوەی کوردەوە دادەگیرسێ، هێمای هیوا بە دواڕۆژی ڕووناک بۆ نەتەوە و نێشتمانەکەمانە.

سێهەم ساڵیادی دامەزراندنی کوردشۆپ پیرۆز بێت

کوردشۆپ لە ماوەی سێ ساڵ چالاکیی خۆیادا هەوڵی داوە دەنگ و ڕەنگی هەموو کوردان لە سەرانسەری کوردستان بێ و بە بێ جیاوازی ئاوڕ لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان بداتەوە و خەڵکی کوردستان بە مێژوو، جوگرافیا، هونەر، زمان، ئەدەبیات، کەلتوور و کەلەپووری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان زیاتر ئاشنا بکات.

کۆڕیک بۆ سینەمای کوردی لە مەریوان

ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان بە هاوکاریی سینەما کوردستان، کۆڕێکی بۆ سینەمای کوردی و نمایشی سێ فیلمە تازەکەی سێ دەرهێنەری مەریوانی بەڕێوە برد.

پێكەوە بەرەو نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری

داوا لە کوردستانییان دەكەین بە هەڵگرتنی مەشخەڵ لە ئێوارەی نەورۆز، یەکگرتووییی خۆیان نمایش بکەن و نەورۆزی ئەمساڵ بە "نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری" ناودێر بكەن و لە چوارچێوەیەکی هێماییدا بوون و ئیرادەی خۆیان پێشان بدەن.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!