کورتەباسێک لەسەر هونەری دەنگبێژی

زارا عەلی

 

ئازار و حەسرەتی مرۆڤەکان بە ڕەنگ و وشەکان دەرناببڕدرێت، بەڵام دەنگ دەتوانێت وا لە مرۆڤ بکات کە هەست بە ئازارەکان بکات. ڕەنگە مرۆڤ نەتوانێت ئازاری دڵی خۆی دەرببڕێت، بەڵام دەتوانێت هاوار بکات. ئەو هاوارە هەندێکجار دەبێتە مۆسیقا و هەندێکجار بە مانای دەنگبێژییە، دەبێتە دەنگێکی خۆش یان مەقامێکی خۆش و لەسەر زمانەکان بە وڵاتدا دەگەڕێت.

لەم بابەتەدا، دەنگە پڕ لە حەسرەت، ماندوویەتی، ئازار و خۆشییەکانتان پێ دەناسێنین تاکوو دەنگە جیاوازەکان ببیستن.

کاتێک "مەهمەت ئوزون" پێناسەی دەنگبێژی دەکات، دەڵێت: "دەنگبێژ ئەو کەسانەن کە ڕۆح دەدەن بە دەنگ، دەهێڵن دەنگ زیندوو ببێتەوە".

دەنگبێژی نەریتێکی زۆر گرینگە. کورد لە مێژوودا هەمیشە ناچار بووە کەلتووری خۆی لە ڕێگەی "دەنگ" یان "گوتنەکان"وە بگوازێتەوە بۆ نەوەی نوێ، چونکە نووسین و کتێب لەنێو کورددا زۆر کەم بووە. گوتنەکان، شیعر، گۆرانی و چیرۆکەکان، لە ڕێگای گۆرانیی دەنگبێژانەوە گەیشتوونەتە ئەمڕۆ و ون نەبوون.

مرۆڤ دەتوانێت بڵێت دەنگبێژی بنەڕەتی کەلتووری کوردییە. بە ئاوڕدانەوە لە مێژوو دەزانین کە زۆربەی دەنگبێژەکان سەرقاڵی هیچ کارێکی تر نەبوون و تەنیا ویستوویانە کەلتووری کوردەواری بە زیندوویی بهێڵنەوە.

دەنگبێژە نەمرەکانی کورد بە ئاوازە سۆزدارییەکانیان، کەلتووری کوردیان گەیاندە ئەمڕۆ. لە هەمان کاتدا دەنگبێژان هەم مێژووی نەنووسراوی کورد و هەم ئەدەبی زارەکیی کوردییان بۆ کۆمەڵگەی کوردستان گێڕاوەتەوە. گەلی کورد زیاتر لە ڕێگەی گۆرانییەوە، یان ئاوازی دەنگبێژییەوە، کەلتوور و مێژووی خۆی ڕوون کردووەتەوە. ئەم ئاوازانە وەک چیرۆک گوێیان لێ گیراوە.

دەنگبێژی بەشێکی بنەڕەتییە لە کەلتوور و زارگوتنی گەلی کورد و پەیوەندیی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە. نە ماتەمینی بێ کەلام دەبێت و نە شاییش... ، لە کاتی تەنیاییدا کەلام دۆست و یارمەتیدەری کورد بووە.

دەنگبێژی ڕۆحی مرۆڤایەتی و ڕۆحی فەرهەنگە. ئەگەر کۆمەڵگە هەتا ئەمڕۆ توانیبێتی پارێزگاری لە کەلتووری خۆی، هونەرەکەی و مێژووی خۆی بکات و بناسرێت، بە دڵنیاییەوە ئەمە لە ڕێگەی دەنگبێژییەوە کراوە.

کەلتووری دەنگبێژی گەنجینەیەکی بێ کۆتایە. دەنگبێژی هیچ سنوورێک ناناسێت و دەوڵەمەندییەکی بێ سنوورە.

دەنگبێژی ڕۆڵێکی گرینگی لە کەلتووری کوردیدا هەیە. ئەدەبیاتی زارەکیی کوردی وەک گۆرانی، چیرۆک، شیعر، بەسەرهات، پەند و ئەفسانە و... هتد، زۆر دەوڵەمەندە و دەقی گۆرانی و لۆریکیش لەم ڕووەوە لە ئاستێکی بەرزدان.

دەنگبێژی لە ژیانی کورداندا ڕێگایەکی سەربەخۆیە کە مرۆڤەکان دەتوانن ئەو کاتانەی کە دڵخۆشن، دڵتەنگن یان عاشق دەبن، گوێ لە گۆرانی ڕابگرن.

گرینگ نییە سەیری چ لایەنێکی ژیانی کوردان بکەیت، دەیان و سەدان گۆرانییان لەسەر گوتراون. دەربارەی شەڕ و ململانێ، پیاوەتی و دڵسۆزی، خیانەت و ناخۆشی، میهرەبانی و خۆشەویستی، دڵسۆزی و دڵپاکی، کۆچبەری و دەربەدەری، هەژاری و تەنیایی، ماتەمینی و ڕەشایی، شادی و دڵخۆشی گۆرانی گوتراوە. هەروەها سەبارەت بە سروشتی کوردستان گۆرانیی ڕەنگاوڕەنگ گوتراوە. بەم گۆرانییانە مێژووی ئێمە و ژیانی گەلەکەمان تۆمار کراوە و لەبیر نەکراوە.

هەروەها شوێنێک کە دەنگبێژ هونەرەکەی پێشکەش بە گوێگران دەکات، دیوانە. دیوان بە کوردی واتە ژووری کەسانی بروومەت، کۆمەڵگەی گەورەکان. ئەم دیوانە پێشتر لە ماڵی میر، پاشا و ئاغا و لە ماڵی گەورەکانی گوندەکاندا بوونیان هەبووە.

لەم خاکەی باوباپیرانماندا سەدان دەنگبێژ و گۆرانیبێژی کورد دەرکەوتوون و تەنانەت ئەمڕۆش بە دەنگی ئەوان بەئاگا دێینەوە. لەوان دەتوانین ئاماژە بەم هونەرمەندانە بکەین: "ئەڤدال زەینک، شاکرۆ، کەرەبێت خاچۆ، باقی خدۆ، مەریەم خان، عەیشەشان، گوڵبەهار، تەحسین تەها، محەممەد عارف جزیری، حوسێن فار و موراد کن" و هتد. هەریەک لەو دەنگانە بەهای بەنرخیان ئافراند و کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەدەبیاتی نووسراو هەبوو. لە ڕووی پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکانەوە و پەیوەندیی نێوان فۆلکلۆر و کۆمەڵگە، جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژوو بەجێ هێشتووە و بوونەتە کەسایەتیی شەرەفمەند و نەمر.

هەر دەنگبێژێک بە مەقامی خۆی، کەلامی خۆی دەڵێت و چیرۆکەکانیان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە. هەندێک لەوان شوان بوون کە لە کاتی شوانیەتیدا دەستیان بە دەنگبێژی کردووە. هەر دەنگبێژێک گۆرانییەکانی خۆی بە زاراوەی خۆی پێشکەش کردووە، بەهۆی ئەو گۆرانییانەوە زاراوەی ناوچەکان و زمانی کوردی هەمیشە بە زیندوویی و لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە. بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەنگبێژان زۆر جار قەدریان نەزانراوە، بۆیە زۆربەی گۆرانییەکانیان نەگەیشتوونەتە سەردەمی ئێمە. هەروەها دەرفەتی تۆمارکردنی دەنگەکانیان نەبووە، بۆیە زۆر کەلام تۆمار نەکراون. ئەو کەلامانەی تۆمار نەکراون، بە تێپەڕبوونی کات لەبیر کراون.

هەر کوردێک دەتوانێت بەشێک لە ژیانی خۆی لە تێکستی گۆرانییەکاندا بدۆزێتەوە، چونکە ئەو گۆرانییانە هی هەموو کوردانن. دەنگبێژی وەک ئاگری نەورۆز، گەلی کورد لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و یەکڕیزیی ڕۆحی کورد دێنێتە ئاراوە.

سەرچاوەکان:

لە کتێبی ئانتۆلۆژیی دەنگبێژان

لە ماڵپەڕی ویکیپیدیا

لە کەناڵی پەل- فیلم لەسەر دەنگبێژی

 

 

KURDŞOP
111 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!