دەربارەی ئێمە
جیهانی مرۆڤایەتی، لە واتایەکدا دنیای ناسنامەکانە و ئەوەی ناسنامەی نەبێ، هیچ جێپەنجە و شۆپێکی نییە. لەسەر بنەمای ئەو ڕاستی و پێویستییەوە، ”کوردشۆپ” دەیهەوێ زمان، ئەدەبیات، جوگرافیای نیشتمان، مێژووی هاوبەش، کەلتوور و کەلەپوور، هونەر و ... هەموو پێکهێنەرەکانی ناسنامەی نەتەوەکەمان لەیەک دەلاقەوە گلێر بکاتەوە تاوەکوو شۆپ و ناسنامەی کوردیش دیارتر و بەرچاوتر بێت.
لە نەبوونی کیانێکی کوردیدا، بە هۆی سیاسەتی تواندنەوەی سیستماتیک لەلایەن نەیارانی كوردەوە، هەموو ئەو بوارانە تا ڕادەی پێویست بایەخیان پێنەدراوە و، زۆر بە کەمی ئاوڕیان لێ دراوەتەوە. بۆیە تا ئێستا زمانێکی یەکگرتوومان نییە، مێژووی ئەدەبیاتمان بە تەواوی کۆ نەکراوەتەوە، جوگرافیا و نیشتمانی پارچەپارچەکراومان بۆ بەشی زۆری خەڵکی ئەم نیشتمانە نامۆیە، بەشێكی زۆری مێژوومان بە قەڵەمی دوژمنان و نەیارانمان نووسراوەتەوە و چەواشە کراوە، کەلتوور و کەلەپووری دەوڵەمەندمان لە ژێر قورسترین تەوژمی بە تاڵان بردن، تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەییدا خەریکی کاڵ بوونەوەیە. شوێنەوارەکانمان بە تاڵان دەبرێن و هونەرمان بە گوێرەی پێویست ئاوڕی لێ نادرێتەوە.
لەدۆخێکی وەهادا ڕێکخراوی کوردشۆپ، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بۆ پاراستنی ئەو سامانە مێژوویی و کەلەپووری و کۆمەڵایەتییەی لە کوردستان هەیە و، بە مەبەستی ئاشناکردنی کوردانی هەر پارچەیەکی کوردستان و تاراوگە لەگەڵ سامانی کەلەپووریی نیشتمانی گەورەیان و هەروەها ئاشنا کردنی خەڵکانی بیانی بە هەموو ئەو بوارانە لە کوردستان، بڕیاریدا ماڵپەڕی کوردشۆپ بكاتەوە و لە هەنگاوی یەكەمدا بە زاراوەكانی كوردیی "كورمانجی و سۆرانی" و هەروەها بە زمانی ئینگلیزی، ئەم ماڵپەڕە بکات بە سەکۆی ڕەنگدانەوەی بەهاكانی کۆمەڵگای کوردستان.
لە سەردەمی ئێستادا دنیای دیجیتاڵی ئەو دەرفەتەی بۆ نەتەوەكانی بێ دەوڵەتیش رەخساندووە تاوەکو گوزارشتێکی زیاتر لە ناسنامەی خۆیان بکەن. کوردشۆپ لەو ڕاستایەدا دۆزهەڵگری شۆپی کوردە لەو دنیا فراوانەدا.
ڕێکخراوی کوردشۆپ وەک ڕێکخراوێکی ناحکوومی کە لە ”هەولێر”ی پایتەختی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، بە هەوڵ و هاوکاریی کۆمەڵێک چالاکی خۆبەخش لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ خزمەتکردن بە زمان، مێژوو، کەلتوور و کەلەپووری کورد و گەیاندنی نووچە و زانیاریی باوەڕپێكراو، كارەكانی دەست پێکردووە و هیوادارە بە پشتیوانیی نووسەران، توێژەران، هونەرمەندان، دەرهێنەران و چالاکانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بتوانێ سامانی مەعنەویی کورد لە ماڵپەڕی کوردشۆپدا کۆ بکاتەوە و بیپارێزێ و بۆ خەڵکی جیهان و نەوەکانی داهاتووی بگوازێتەوە.
ماڵپەڕی کورشۆپ هەوڵ دەدات ببێتە ئەرشیڤ و سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ هەموو جۆرە زانیارییەک لەسەر مێژوو، زمان، جوگرافیا، دابونەریت، کەلتوور، کەلەپوور، هونەر، شوێنەوار و ... هەر بوارێکی دیکە كە پەیوەندیی بە ژیانی خەڵکی کوردستانەوە هەبێ.
لەم ڕێگایەدا چاومان لە هاوکاریی هەموو دڵسۆزانی کورد و ئەو کەسانەیە كە خەمی کوردبوون لە دەوری یەکتر کۆمان دەکاتەوە.