زاره بەردی بناغەی سینەمای کوردی

 

ئارێز مەنسوور نیا

 

 

نووسەر و دەرهێنەر: هامۆ بەیک نازاریان

بەرهەمهێنەر: ئارمێن کینۆ

بەپێی بابەتێک لە: ئابه لازو

ئەکتە­رەکان: زاره (ماریا تاتوسیان تەنازی)، سەیدۆ-شوان (هراچیا نرسیسیان)، تەیموور بەیک- کوڕی سەرۆکی ئیل (کاراکاش)، خدۆ - برای زاره (ئا. خاچانیان)، لەتیف خانم - هاوسەری تەیموور بەیک (ئۆ.گولازیان)، مەستۆ - باوکی زاره (م. مانۆلیان)، شێخی گوند (ملیک. ئاغا مالۆڤ)، نانۆ - دایکی زاره (م. مانوچاریان) ، بەرپرسی کاروباری کورد (ز. گورالێڤ)، د­ەفتە­رداری بەرپرسی کاروباری کورد (ئا. ئەمیربەکیان).

کامێرامان (سینە­ماتوگرافیر): ئارکادی یالۆڤی

ماوەی فیلم: ٧٢ خولەک

وڵات: (یەریڤان- ئەرمینیای سۆڤیەت)

ساڵی بڵاوکردنەوە:  1927 (فیلمی بێدەنگ)

 

پێشەکی

زاره یەکەمین کردەی داستانییه کە کورد وێنا دەکات و به واتای تر بەردی بناغەی سینەمای کوردییه و لە هەمان کاتدا یەکێکە لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی سینەمای ئەرمینیای سۆڤیەت لە سەردەمی سینە­مای بێدەنگدا. زارە لە ٧ ئەڵقەدا، لە ڕێگەی چیرۆکێکی خۆشەویستییەوە باس لە کەلتوور، داب و نەریت و ڕێوڕەسمی کوردانی ئێزیدی دەکات. فیلمەکە خاوەنی وێنەی بەهێزی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە. بەڵام گرنگیی فیلمی زاره تەنیا له‌به‌رئه‌وه‌ نییە که بەرهەمێکی مێژوویی و ئەرشیفییه، بەڵکوو ئە­م فیلمه وڵامێکی سیاسی و ڕەخنەگرانەیه بۆ ئازارەکانی کورد لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی تیزار، ئاغا،  شێخ و سیستەمی خێڵەکی و هه روه ها دژایەتیکردن لەگەڵ جەنگی جیهانیی یەکەم، لەسەر بنەمای جوانیناسیی «قوتابخانەی مۆنتاژ» بە تایبەت «سێرگی ئایزنشتاین». فیلم لە ئاستێکی تردا ڕەخنە لە جەهل و دواکەوتووییی فیکریی خەڵکی هەژار دەگرێت و لە هەمان کاتدا پشتیوانیی کورد دەکات بۆ ڕۆحی بەدواداچوون بۆ دادپەروەری و ڕاپەڕین لەدژی ستەم.

 

کورتەیەک

«زاره و سەیدۆ عاشقی یەکترن و بڕیارە بەم زووانە زەماوەند بکەن. بەڵام تەیموور بەیگ، کوڕی سەرۆکی هۆزەکە سەرەڕای بوونی ژنێکی دیکە دەیەوێت دەست بەسەر زا­رەدا بگرێت. هاتنی بەرپرسانی تیزار بۆ پێکهێنانی گرووپێکی خۆبەخشی کورد بۆ بەرەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم، دەرفەتێکی بۆ تەیموور بەیگ ڕەخساند کە پاره بدات بە بەرپرسان و سەیدۆ ڕەوانەی شەڕ بکات. بەڵام لە نیوەی ڕێگاکە سەیدۆ هەڵدێت و دەگەڕێتەوە گوندەکە، دواتر دەستگیر و ڕەوانەی زیندان دەکرێت. تەیموور که ئێستا هیچ بەربەستێک لەبەردەمیدا نابینێت، زاره لە ماڵی باوکی دەدزێت و کات و ڕۆژی زەماوەندەکە ڕادەگەیەنێت. سەیدۆ لە زیندان هەڵدێت و بیر لە تۆڵەسەندنەوە و ئازادکردنی زاره دەکاتەوە. لە ڕۆژی زەماوەندەکەدا لەگەڵ هەڤاڵانی دەگەڕێتەوە ناوچەکه ­و دوای کوشتنی پاسەوانەکان و تەیموور، زاره ئازاد دەکات».

 

شیکردنەوە

 

زارە (ڕۆمانسیەت و خەبات)

زاره و چیای ئارارات بەنیازن چی بە بەردە­نگی خۆیان بڵێن؟ نیشاندانی پارچەیەک لە ژیانی خێڵەکی لە گوندێکی بناری چیای ئارارات، یان شتێکی زیاتریان هەیە بۆ وتن؟ فیلمەکە بە دیمەنێکی دووری ئارارات دەست پێ دەکات و دەگاتە بنارەکانی چیاو و ژیانی خەڵکی  ئاساییی ناوچە­که و بە شێوەیەکی دۆکۆمێنتاری نیشان دەدات. ئارارات ناسنامەی ئەرمینیا و کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتەیە. ئارارات هێمای خۆڕاگری و ڕاوەستانی مرۆڤی بەئەمەگ و خەباتکارە کە لەدژی  ستەم و  تاڵانکردن  ڕاوەستاون. خەڵکێک ­که هەزاران چیرۆک لە دڵیاندایە. چیرۆک و گێڕانەوەی تێکۆشانی خەڵکی ژێردەست لە پەنای ئارارات. یەکێک لەو ڕووداوە مێژووییانه، ڕاپەڕینی ئیحسان نووری پاشا و دامەزراندنی کۆماری ئاراراتە لە ساڵی 1927، هەمان ساڵی دروستکردنی ئەم فیلمە. زارەیش گێڕانەوەی ڕۆمانسیەت و خەباته  دژ بە تەیموور بەیگ و، چەوساندنەوەی خەڵک لە ساڵی ١٩١٥ لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم  نیشان دەدات. سەردەمی تێکچوونی ڕووسیای تزاری و فیۆدالیزم و سەرهەڵدانی گەل و کراوەیی دادپەروەری.

خاڵی سەرەکیی فیلمی زاره خەڵکی چینی ژێردەسته، بە مانایەکی تر ئە­م فیلمه بە کاری ڕۆژانەی خەڵک دەست پێ دەکات و بە سەرکەوتنیان کۆتایی دێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​فیلمەکە بە دیمەنە ڕاستەقینەکان (ئاژەڵداری، شیردۆشین، بەرماڵ دروست کردن، چێشت لێنان، بەخێوکردنی منداڵ) بە مەبەستی پیشاندانی ژیان و کولتووری ڕاستەوخۆی کوردانی ئێزیدی دەست پێ دەکات. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، هامۆبێک نازاریان، شێوازی مۆنتاژ بەکاردەهێنێت. (مۆنتاژ ئەو شێوازەیە کە سینەمای ئاڤانگاردی سۆڤیەت بۆ دروستکردنی مانا و چەمک بەهۆی پەیوەندکردنی نێوان وێنە­گه­لی جیاواز بەکاریان دە­برد). ئە­و بەم کەرەستەیە ڕەخنەی جددی لە ڕژێمی تزاری ڕووسیا و سیستەمی کۆیلەداری لە کوردستان دەگرێت. بۆ نیشاندانی هەلومە­رجی وا، نازاریان بەکارهێنانی گێڕانەوەی کلاسیک، چیرۆکێکی خۆشەویستی دەگێڕێتەوە.

وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، نازاریان لایەنگری خەڵک و چینی ژێردەسته، بەڵام ئەم لایەنگرییە بێ ڕەخنە نییە و ئە­و ڕەخنە لە نەزانی و خورافاتیان دەگرێت (پشتگیری و ئاگادارکردنەوە لە ڕێگەی کامێرا بۆ خەڵک ئامانجی ئەوه). بەڵام ڕەخنەی سەرەکیی دەرهێنەر بەرامبەر دەسەڵاتی تیزار و میکانیزمی خێڵەکی و ئاغاواته. دوو پێکهاتە لە بارودۆخی جیاوازدا که یەکتر بەهێز بکەن. دەرهێنەر بە وردی دزینی پارەی بەرپرسان لە ژێر وێنەی تیزار نیکۆلاسی دووەم و هاوسەرەکەیدا نیشان دەدات. بە هەمان شێوە سەرۆکی عەشیرەت و شێخ و پاسەوان لە کاتی دزی، پاره وەرگرتن و پێشێلکردنی مافی خەڵکدا بە گرتنی وێنەی نزیک نیشان دەدات. نازاریان جیا لە خەڵکی هەژار و ئاسایی، دەسەڵاتدارەکان و ئەوانەی وا ستەم دەکەن، ڕشوە­ت وەردەگرن و لە خەڵک دزی دەکەن، بەگشتی بە ڕووخساری  ناشرین پیشان دەدات.

بەرپرس و دە­فتە­ردار بە هاوکاریی سەرۆکی عەشیرەت و شێخ، خەڵکی هەژار دەنێرن بۆ بەرەی شەڕ و لەو کەسانە که بڕێک پارە  یان مەڕیان هەیە ڕشوە­ت وەردەگرن. وەک ئەوە وایە هەمووان لەسەر ئەوە کۆک بن کە بە وتەی دەفتەدار: "کورد وەک مەڕەکانیان ساویلکەن" و دەکرێت فێڵیان لی بکرێت.  لە لایەک دەسەڵاتدارەکان هاوکاریی یەکتر دەکەن و ژێردەستەکانیش نەک هەر پێکەوە نین، بەڵکوو لەگەڵ فیتنە و فێڵبازییاندا هاوڕا دە­بن.

خاڵی ئومێدبەخش لەوێیە کە سەیدۆ لەبەر خۆشەویستی دژی حکوومەت و تەیموور بەیگ دەوەستێتەوە. ئە­و نەچووە بەرەی شەڕ(جەنگی جیهانیی یەکەم) ، شەڕێکی بێ کەڵک کە تەنها مەرگ و نەهامەتیی بوو بۆ چینی بند­ەست و بە بەرپرسی کاروباری کورد و دە­فتە­رداری دەڵێت "تەنها هەژارەکان دەبەن (بۆ خزمەتی سەربازی) لەکاتێکدا دەوڵەمەندەکان نابە­ن". دەنگی ئەو دەنگی دژایەتی بەرانبەر دەسەڵاتە.  بەهۆی ئەم دوژمنایەتییە لەگەڵ دەسەڵات دەچێتە زیندان. هەڵهاتن لە زیندان و دواتر ئازادکردنی زاره و تۆڵەسەندنەوە  له خان ئامانجی کۆتاییی سەیدۆیه. بەم کردەوانە دژی حکومەت و ئاغا و شێخ دەوەستێتەوە. هەرچەندە هۆکاری ئەو دژایەتییە خۆشەویستییە و نەک هۆشیارییەکی سیاسیی دیاریکراو، بەڵام ئەمە بەسە بۆ ئەوەی نازاریان بەم بیانوویە ڕەخنە له سیستەمێکی گەندەڵ بگرێت. ئەو تەنها بە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ئەو سەردەمە دەتوانێت چینە قووڵەکانی کۆمەڵگای ئەو  کات پیشان بدات.  نازاریان بۆ سبەینێیەکی باشتر لە ژێر سێبەری ئارارات بۆ خەڵک، به ڕەتکردنەوەی ئەو هەموو ڕەشاییە دەگاتە پاکی و ئەوەی دەمێنێتەوە خەڵک و ئاراراته.

KURDŞOP
466 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!