بەرهەمهێنانی شیش لە باشووری کوردستان

 

هانی مورتەزا

 

کارگە پیشەسازییە بنەڕەتییەکان، یەکێکن لەو بنەما سەرەکییانەی دەبنە هۆی بنیادنانی هەرێمێکی بەهێز یاخود وڵاتێکی بەهێز.

کارگەی بەرهەمهێنای شیش لە باشوری کوردستان، یەکێکە لەو پیشەسازییانەی بەهۆی خواست و داواکاریی بەردەوام و باشبوونی کوالیتی لە دروست کردندا، بووەتە جێگای ڕەزامەندی لە زۆربەی ئەو بوارانەی کە پێویستیان بە شیش هەیە.

ڕۆژ بە ڕۆژ بەرهەمهێنای شیش ڕوو لە زیاد بوون دەکات، ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ زیاتر دامەزراندنی کارگەی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی شیش لە کوردستان.

ژمارەی کارگەکانی کوردستان دەگاتە11 کارگە و کە ساڵانە لە توانایاندایە زیاتر لە ملیۆنێک و 848 هەزار تۆن شیش بەرهەمبهێنن.

هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە  1600 تۆن شیش هەیە. بەرهەمهێنانی شیش لە کوردستان پێداویستیی ناوخۆ و 50%ی پێداویستیی عێراقیش لە شیش پڕدەکاتەوە.

واتا کارگەکانی کوردستان بە نزیکەی  75% بۆ 80%ی بەرهەمەکانیان هەناردەی بازاڕەکانی عێراق دەکەن کە لە زۆربەی بوارەکاندا و بەتایبەتیش بیناسازی بەکاردەهێنرێت.

دابەشبوونی کارگەکانی تواندنەوەی ئاسن لە پارێزگاکانی کوردستان

١- هەولێر 14 کارگە.

٢- سلێمانی 5 کارگە.

٣- دهۆک 5 کارگە.

کارگەی شیشی ( ماس ) کە خاوەنی بڕوانامەی ئایسۆی نێودەوڵەتیە و ئێستا خواست لەسەر شیش لەم کارگەیە لە ناوخۆ و دەرەوەشدا بەردەوام لە زیادبووندایە، یەکێکە لە گەورەتەین و کارگەکانی بەرهەمهێنانی شیش نەک تەنها لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەڵکوو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کارگەی ئاسنی هند ستیل، لە شاری هەولێر، ساڵانە توانای تواندنەوەی 1.2 ملیۆن تۆن سکراب و بەرهەمهێنانی 400 هەزار تۆن شیشی هەیە.

زۆرینەی کارگەکانی شیش لە کوردستان پشت بە ئاسنی سکراپ بە ڕێژەی 88%  و لە 12%ی دیکەش پێکهاتەی دیکەی تێکەڵ دەکرێت، کە دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی کوالیتیی شیشەکە.

هەرێمی کوردستان،  (GOV.KRD) کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شیش لە هەولێر دروست دەکات، لە توانایدایە پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق پڕ بکاتەوە، کە 700 هه‌زار تۆن شیش له‌ ساڵێكدا بەرهەم دێنێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی لەسەر شیشی هاوردە داناوە و هەر تۆنێک 30 دۆلاری خستووەتە سەر. شیشی هاوردە لە 580 دۆلارەوە بووەتە 610 دۆلار. بەڵام نرخی شیشی ناوخۆ تۆنی نزیکەی 675 دۆلارە.  بۆ پارێزگاریکردن لە بەرهەمی ناوخۆ، دەستەی وەبەرهێنان بەنیازە بە یەکجاری هاوردەکردنی شیشی ئیرانی و تورکی بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە بکات. لەم ڕێگەیەوە داهاتی کوردستان بۆ هاوردە کردن ناچێتە دەرەوە و بەڵکوو دەتوانرێ ئەو داهاتە لە ناوخۆدا بەکار بهێنرێت بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی.

کارگەکانی شیش لە هەرێمی کوردستان، بە ئاسنی ناوخۆ، شیشی هەشت ملیمی تا 32 ملیمی دروست دەکەن و هەزاران هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بۆ هاووڵاتیان ڕەخساندووە.

چۆنیەتیی دروستکردنی شیش لە کوردستان

تواندنەوەی ئاسن لە پلەیەکی گونجاودا ئەنجام دەدرێت کە لە نێوان 1650-1700 پلەی سیلیزیدا دەبێت. دواتر دەخرێتە فڕنی ladle furnace کە چەندین ماددەیە تێکەڵ بە ئاسنی تواوە دەکات، وەک : فریرۆ، گەچ، سلیکۆن، ئەلمنیۆم،  فیرۆمەنگەنیز و چەندین ماددەی دیکە کە وا دەکەن کوالێتیی شیشەکە بەرز بێتەوە بۆ ئاستی ستاندارد، دواتر لە بەشی CCM ئاسنی تواوە بە قەبارە و درێژیی جیاواز لە قاڵب دەدرێت.

بەرهەمهێنانی شیش لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی خۆبژێوی و تەنانەت هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش دەکرێت. ئەم بەرەوپێشچوونەش بووەتە هۆی بەرز کردنەوەی داهاتی ناوخۆ و بەکار نەهێنانی بەرهەمی دەرەکی و ساغ  کردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ بە نرخی گونجاو. بەهۆی خواستی زۆر و باشی و بەرزی کوالیتیی شیش لە هەرێمی کوردستانیش، ڕۆژ بە ڕۆژ دروستبوونی کارگەکان زیاد دەکەن.

KURDŞOP
312 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!