رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

 

سیروان ڕێناس

 

 لانیکەم لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە، جوگرافیای کوردستان گرینگایەتییەکی زۆری بۆ دوو ئیمپڕاتۆرییەتی گەورەی عوسمانی و سەفەوی هەبووە. زۆربەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەو دوو ئیمپراتۆرییەتە گەورە و دژبەرە، لە سنووری مابەینی ئەو دوو ئیمپراتۆریەتە ڕووی داوە کە هەم ئەو بەری سنوور هەم ئەم بەری سنوور جوگرافیای کوردستان بوون. واتە کوردستان بە درێژاییی دەسەڵاتدارێتیی سەفەوییەکان، پانتای تێکهەهەڵچوون و کێشەی دوو ئیمپراتۆرییەتی سوننی و شیعەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە.

 ئەو شەڕ و کێشانە لە سەردەمی قاجارەکانەوە تا سەردەمی پەهلەوی کەم و زۆر دەوامەیان هەبووە. هەرچەند لە سەردەمی قاجارەکاندا کەمتر ڕەنگی مەزهەب و دینی بە سەردا زاڵ بووە. بەڵکوو لەو سەردەمەدا چەند شۆڕشی گەورە کە لە سنوورەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و وڵاتی ئێراندا ڕوویان دا و دیسان ئەو شەڕ و شۆڕشانە ناوچەکانی کوردستانی هەردوو بەری سنووری دەگرتەوە هەموویان روخسار و ناوەرۆکی نەتەوەییان هەبوو. هەر بۆیە لە زۆرێک لە بەڵگەنامە و سەنەدەکانی ئیمپراتۆرییەتیی عوسمانی و حکوومەتی ئێرانی سەردەمی قاجاردا، باسی شۆڕشگێڕانی کورد کراوە و خەت و نیشان کێشراوە بۆ ئەوەی چۆن لە ناویان بەرن. هەموو ئەو کتێبانەی باسی سەردەمی قاجار و کورد دەکەن بە ڕوونی ئەو باسە دەخەنەروو.

بەڵام کێشەی کورد لە سەردەمی "ڕەزاخانی پەهلەوی"یەوە لە ئێران بوو بە کێشەیەکی نەتەوەیی. بە  هاتنەسەرکاری "مستەفا کەمال پاشا" لە تورکیا و تێکچوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، کورد لە باشووری کوردستان و لە باکووری کوردستانیش بە سیمایەکی تازەترەوە خرایە ژێر گوشار. کوردستانیش بە ویست و ئامانجێکی تازەوە لە بەرانبەر نەیارانی خۆیدا ڕاچەنی و ڕاپەڕی و ئەو کێشەیە تا ئێستا دەوامەی هەیە.

 بەڵام لەدوای ئەوەی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان" بە شوێن گۆڕانکارییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بوو بە ئەمری واقیعی سیاسی و لە ئەزموونی سی ساڵەی ڕابردووی خۆیدا، توانی لە بواری سیاسی و ئابووریدا ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێ، ئەو ئەزموون و پێشکەوتنەی لە باشووری کوردستان لە ژێر ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ناسنامەیەکی بۆ خۆی ساز کرد و لە ئاستی جیهاندا ناسرا، دوو تاقم لەبەرانبەریدا هەڵوێستیان گرت. یەکەم وڵاتانی رۆژئاوایی و ئامریکا بوون کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بە هاوڕێ و هاوبەرژەوەندی خۆیان زانیوە و ئەگەر کورد لە باشوور یەکگرتوو بووایە زیاتر لەوەشیان گرینگی پێ دەدا. دووەوم وڵاتانی ناوچەن کە ئەو حکوومەتە کوردییەیان بە مەترسییەکی گەورە بۆ خۆیان زانیوە.

ئەزموونی باشووری کوردستان، سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنانەی کە لەسەر شێوەی حوکمداری وشێوەی کاروباری ئابوورییەکەی هەیە، بە بەراورد لەگەڵ تێکڕای وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەزموونێکی سیاسیی شەفاف، سالم، و دێموکراتترە. لە هەمان کاتدا بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ناوچە و بە تایبەت وڵاتێکی گەورە و خاوەن ئیدیعای وەک " ئێران"، پێشکەوتنی سی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان لە بواری موئەسەساتی ، ئازادیی تاکە کەسی، ئازادیی ڕۆژنامەوانی، ئازادیی سیاسی، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ هیچ کام لە وڵاتانی ئەو ناوچەیە و بە تایبەت ئێران  بەراورد ناکرێن. لە لایەکی دیکەوە دەزگای دیپلۆماسیی کوردی، توانیویەتی سەرەڕای ناکۆکییەکانی بەینی دوو ناوچەی هەرێمی کوردستان، لە ئاستی جیهاندا سەرکەوتنی چاک بە دەست بێنێ و بە تایبەت لە سەردەمی هێرشی داعش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەولێری پایتەختی کوردستان، بوو بە ناوەندی دیپڵۆماسیی جیهانی. ئەگەر سیاسەتوانان و هەموو حزبەکانی باشووری کوردستان، گرینگایەتیی ئەو ڕۆڵەی باشووری کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان لەو سەردەمەدا دەرک کردبا، حکوومەتی هەرێم ئێستا حکومەتێک دەبوو کە نەتەنیا ئێران نەیدەتوانی خوار چاوی لێ بکات، بەڵکوو هیندەی ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی حیسابی بۆ دەکرا.

سەرەڕای ئەوەی ناکۆکییەکانی نێوان کورد لە باشووری کوردستان کارێکی وای کردووە، ئەو پێگە گرینگە سیاسی و دیپڵۆماتیکەی کە باشووری کوردستان هەیەتی تا ڕادەیەک لاواز بێ، لە دۆخی ئێستاشدا بەو دوو فاقییەتەشەوە دیسان حکوومەتەکانی دراوسێی باشووری کوردستان، پێشکەوتن، تەکووزی، دیموکراسی و شێوەی پلانی ئابووری و سیاسییان لە باشووری کوردستان بۆ قووت ناچێ. لە ساڵانی رابردووشدا نیشانیان داوە کە لەهەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن کە ئەو ئەزموونە بریندار کەن. ئەو حکوومەتە نەیارانە دەیانهەوێ بە ئاراستەی توند و تیژییدا بەرن و لەگەڵ کێشەی قەبەی چەکداری رووبەڕووی کەنەوە و دواتر بە ساز کردنی ناکۆکیی ناوخۆیی، رێگا بۆ دەستێواردانی خۆیان بکەنەوە  و کارێک بکەن کە ئەو حکوومەتە نەبێتە سەر چەشن و ئۆڵگۆیەک بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان.

وڵاتانی نەیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشکەوتن و ئاوەدانی و شێوەی بیناسازی و پەرەگرتنی شارەکان لە باشووری کوردستان و پەیوەندییە سیاسییەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکا، ئازادییە دیموکراتیکەکان لە باشووری کوردستان، ئەو پلانە فەرهەنگییانەی بۆ پتەوکردنی شوناسی نەتەوەی کورد لەوێ بەڕێوە دەچن و زۆر شتی دیکە بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن. لە لایەکی دیکەوە هەر بوونی حکوومەتی هەرێم ترسێکی دیکە لای ئەوان ساز دەکات کە لەو رێیەوە سەرچەشنێکی سەرکەوتووی ناوچەیی بۆ حوکمداری لە نێو وڵاتانی ئەوانیشدا پەرە بستێنێ و یەکپارچەییی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئەوان تووشی کێشە بکات.

لە دوخێکی وەهادا هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد، چ هێزە سیاسییەکانی باکووری کوردستان، چ هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، سەرەڕای جیاوازیی بیرکردنەوە و ئایدۆلۆژیا لە یەک شتدا دەبێ تێگەیشتنێکی ڕاستیان هەبێ. ئەویش هەمان تێگەیشتنە کە دوژمنانی کورد هەیانە.

 دوژمنانی کورد سەرەڕای هەموو جیاوازییە بیرکردنەوە و سیاسی و ئایدۆلۆژیکییەکانیان، لە یەک خاڵدا یەک دەگرنەوە ئەویش ئەوەیە؛ ئەزموونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتووی حکومداریی کوردییە. ئەو ئەزموونە دەبێتە هۆی ئەوەی سازدەرەکانی شوناسی نەتەوەیی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ پتەوتر بن. پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماتیکییەکانی کورد لەگەڵ جیهان کاریگەرتر بێ. بیری دیموکرات و شێوەی دیموکراسییەکی ناوچەیی هەرچەند بە شێوەیەکی ناپوختیش بێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگاری کوردەوە پەرە بگرێ و بەو شێوەیە سەرچەشنێک ساز بێ کە لەگەڵ هەموو حکوومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازی هەیە.

 ئەگەر حزبە کوردییەکان سەرەڕای جیاوازیی بەرژەوەندیی حیزبیان، لە کاتی هێرشی دوژمنانی کورد بۆ سەر حکوومەتی هەرێمدا، هەمان روانگە ڕەچاو بکەن کە دوژمنانی کورد ڕەچاویان کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان حکوومەتێکی پتەوتر بە هەڵوێستتر و بوێرتر دەبێ. لە هەمان کاتدا وڵاتانی دیکەش و بە تایبەت دوژمنانی کورد حیسابێکی زیاتری بۆ دەکەن.

هەمان قسە بۆ  بۆ ڕۆشنبیران و ڕەخنەگرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕاست دەردەکەوێ. ڕۆشنبیران و ڕەخنەگرانی حکوومەتی کوردی لە دۆخی ئاساییدا دەتوانن هەموو پلان و بەرنامەکانی ئابووری و سیاسیی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەی زانستی و لە چوارچێوەی زانستە سیاسی و پیوەرە دیپلۆماتییەکان دا بخەنە بەر ڕەخنە. بەڵام لە دۆخی ئێستادا دەبێ بە شێوەیەکی هەستیار زیرەکانە و نەتەوەیی، لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا ڕابوەستن و ڕاستەقینەی دۆخی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گۆێی یەکتر و جیهاندا بدەن و ناراستبوونی ئیدعا و بانگەشەی دوژمنانی کورد لە قاو بدەن.

 بەشێک لە میدیا و راگەیەنەی کوردی لە دۆخی ئێستادا، بە شێوەیەکی یەکجار شپرزە و نامەسئوولانە دەردەکەون . ئەوەندی خۆیان بە بابەتە پەراوێزییە بێ بایەخەکانەوە سەرقاڵ دەکەن، ئەوەندە نەیانتوانیوە بپەرژێنە سەر شوناس و پێکهاتەیەک کە ڕاگری شوناسی کوردییە. لە دۆخی ئێستادا و بۆ وێنە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەوەندەی قەڵەم و میدیاکارانی کورد پەڕژانە سەر شێوەی جل پۆشینی کچێکی کورد کە گۆیا سنگ و بەرۆکی خۆی دەرخستووە، ئەوەندەیان خەم بۆ یەکێتیی نەتەوەییی کورد و یەکگرتوویی و پاراستنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە چەقڵی چاوی نەیارانە نەداوە. یەک هەڵوێستیی کورد و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، تەنیا رێگایە بۆ ئەوەی نەیارانی کورد پاشگەز بنەوە و رێز بۆ شکۆی نەتەوەیی و سیاسیی هەرێمی کوردستان دابنێن.

KURDŞOP
359 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!