کۆیە، شارێکی گرینگی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری

 

هانی مورتەزا

 

جوگرافیای قەزای کۆیە

قەزای کۆیە یەکێک لە قەزاکانی پارێزگای هەولێرە کە هەم لە کوردستان و هەم لەسەر ئاستی عێراق خاوەن پێگەیەکی جوگرافیاییی گرنگە. بەرزیی ئەم شارە لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەگاتە نزیکەی ٦٢٠م  و پاڵی بە دوو چیاوە داوە: چیای باواجی لە لای باکوورەوە کە بەرزییەکەی دەگاتە ١٢٦٠م  و چیای هەیبەت سوڵتانیش کە دەکەوێتە بەشی خۆرهەڵاتییەوە و بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی ١٠٩٢ م لە ئاستی ڕووی دەریا. باشووری شاریش دەەبێتە دەشتێکی فراوان و لەهەندێ‌ شوێندا خاکەکەی دەبێتە گردۆڵەو وە شەپۆلاوی خۆی دەنوێنێت.

شاری کۆیە لەساڵی ١٩١٨ کراوە بە قەزا. بە دووریی ٧٠ کیلۆمەتر لە باشووری خۆرهەڵاتی پایتەختی هەرێمی کوردستان (هەولێر) هەڵکەوتووە.

مێژووی قەزای کۆیە

ڕێکەوتی دروستکردنی شاری کۆیە لەهیچ سەرچاوەیەکی مێژووییدا نەهاتووە و باسی لێوە نەکراوە، بەڵام چەندین ڕای جیاواز هەن کە لە کۆتاییدا هەموویان یەک دەگرنەوە و بەڵگەیەکی بەهێز دروست دەکەن کە ئەم شارە دوو هەزار ساڵ بەر لە زایین ژیانی تێدا بووە. چەندین پاشماوەی شوێنەواری کۆن کە هەندێکیان بە پاشماوەی گۆتییەکان ناسراون، لەم شارۆچکەیە بەرچاو دەکەون (قەڵای شیلە - جل بەسەر- قازبەگی - کلیسە- ساتو قەڵا - گۆکتەپە – شێخەلوان – سکتان - حەمامۆک - قەیسەری - خان - تاقی کۆن - مزگەوتی گەورە - زۆریی گۆڕستان).

ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە ٩٥٢٤٦ کەسە کە لە دوو گەلی کورد و کلدان پێک هاتوون. کلدانەکان لە ناوچەی هەرمۆتە دەژین، کە گوندێکە لە باشووری شاری کۆیە هەڵکەوتووە.

هەر لە کۆنەوە شاری کۆیە شوێنی سەرهەڵدانی ڕۆشنبیری و زانست بووە و گەڵێک کەسایەتیی بلیمەت و ناوداری تێدا هەلکەوتوە وەک: مەلای گەورە - حاجی قادری کۆیی - سامی عەبداڵی شاعیر- تاهیر تۆفیق، مامۆستا باکووری، خاڵە سێوە، دلداری شاعیر و چەندانی دیکەش.

لەگەڵ گەیشتن بەشارۆچکەی کۆیە لەسەر بەرزاییەکدا قەڵایەکی کۆن دێتە بەرچاو کە پێی دەڵێن سەرا. ئەم قەڵایە مێژووی دروستکردنی بۆسەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە و لەسەردەمی میرمحەممەد پاشای ڕواندز لەسەر شوێنەواری قەڵای ئاشوورییەکاندا قەڵایەکی نوێ دروست کراوە. لەسەردەمی عوسمانییشدا کرا بە قشڵە. ئەم قەڵایە کە تا ئێستا پشکنینی ئەوتۆی بۆ نەکراوە، لە چەندین ژووری گەورە و بچووک پێک هاتووە و لە ناوەڕاستیدا گۆڕەپانێکی گەورە هەیە کە لەسەردەمی زوودا بۆ مەشقی سەربازی بەکار هاتووە.

کۆیە زیاتر لە ٨٠ شوێنەواری هەیە لەوانە: خرابە، کلێسە، قەڵای شیلە، ئەسکی کۆیە، گوبتەپە، سکتای قەیسەری، باواجی، سماقۆڵی میرسەید، چنارۆک و حەمامۆک و ..... بۆیەکەمین جاریش بە فەرمی لە ساڵی ١٨٨٥ قوتابخانە لەو شارەدا دامەزراوە.

شەقامە سەرەکیەکانی قەزای کۆیە

١- شەقامی سەرا

٢-  شەقامی تەکیەی تاڵەبان

٣- شەقامی حاجی قادر

٤- شەقامی نەورۆز

٥- شەقامی سەرەکیی ناوبازار

ناوی کۆیە لە چییەوە هاتووە

کۆمەڵێک ڕای جیاواز لەسەر ناوی شاری کۆیە هەن.

بە بۆچوونی "مەسعوود محەممەد"،  مێژووی ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی عوسمانییەکان. بۆ ئەم بۆچوونەش پشتی بە کتێبی "ئەزکاری" ئیمامی نە وەوی بەستووە کە پێش ھاتنی عوسمانییەکان بۆ ناوچەکە، لە لایەن کەسێکەوە بە نێوی "خضر بن عمر کویسنجقلی" کۆپی کراوە و لە کۆتاییی کتێبەکەدا ناوی خۆی نوسیووە. بۆیە بە دووری نازانێت ئە م ناوە بگەڕێتە وە بۆ سەردەمێکی دوورتر.

لە بارەی بنچینەی ناوی کۆیەوە بیر و بۆچوونی جیاواز ھەیە. کەریم شارە زا دە ڵێت ئە و ناوە لە بنەڕەتدا لە "کۆ"وە ھاتووە بەبێ ھیچ پاشکۆیەک کە بە واتای کۆمەڵە خەڵکێک دێت لە ناوچەیەکدا کۆبوونەتەوە.

سنوری کارگێریی قەزای کۆیە

لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم و دروستبوونی دەوڵەتی نوێی عیڕاق، ھەولێر لە کەرکووک جیاکرایەوە و کرا بە لیوایەکی تایبەت و کۆیە بوو بە قەزایەکی سەر بە ھەولێر.  قەزای کۆیە لە پێنج ناحیە و ١٩٠ گوند پێکھاتووە.

١- ناحیەی ئاشتی: ٢٢ گوندی لەسەرە گرنگترین گوندەکان: بۆگد، کاولان، خەرابە و کورداوە.

٢- ناحیەی دێگەڵە: ٥٢ گوندی لەسەرە و گرنگترینیان: بانی ماران، عەلیاوا و گۆمەتاڵ.

٣- ناحیەی تەق تەق: ژمارەی گوندەکانی ٢٦ گوندە

٤- ناحیەی سکتان: ١٢ گوندی لەسەرە گرنگترینیان: نازەنین.

٥- ناحیەی سێگردکان: ژمارەی گوندەکانی ١١ گوندە.

قەزای کۆیە هەم لە ڕووی خوێندن و زانکۆشەوە لە ئاستێکی بەرزدایە و زانکۆی کۆیە لە بواری ئاستی زانستییەوە لە نێو زناکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە یەکێک لە زانکۆ ئاستبەرزەکان دادەنرێت. لە ڕووی گوشتوگوزاریشەوە خاوەنی چەندین پارکی ناوخۆیە وەک ڕەیحانە و و پارکی گەورەی کۆسارە لەسەر چیای هەیبەت سوڵتان و چەندین پارکی بچووکی تر. هەروەها کەناری زێی بچووک بە تایبەت لە سنووری گورندی و بۆگد و چەندین شوێنی تر کە دانیشتوانی قەزاکە و ناحیەکانی دەوروبەریشی بۆ بەسەر بردنی کاتێکی خۆش سەردانی ئەم شوێنانە دەکەن.

بازرگانی لە قەزای کۆیە

شاری کۆیە هەر لە کۆنەوە لە ڕووی بازرگانیەوە بایەخێکی زۆری هەبووە، چونکە بازرگانی هۆکارێکی سەرەکی بووە لە گەشە و پێشکەوتنی ئەم شارە و بەراورد لەگەڵ چالاکییە ئابووریەکانی تر (پیشەسازی و کشتوکاڵ) ڕۆڵی سەرەکی و تایبەتی نواندووە. ئەم شارە لەسەر شارێگای سەرەکیی بازرگانی هەڵکەوتووە و کاروانە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام لە کۆیەوە بەرە و شارەکانی کەرکوک و بەغدا و سابلاغ و سەردەشت و تەورێز چووە.

شوێنی هەڵکەوتنی شاری کۆیە هەر لە کۆنەوە لەسەر ڕێگای بازرگانی بووە و شوێنێکی ستراتیژیی داگیر کردووە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەم شارە هەر لە کۆنەوە لەگەڵ دراوسێکانیدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی و مامەڵە کردنی هەبێت. بەتایبەتی ئەگەر بزانین ناوچەی کۆیە لە ڕووی پیشەسازی و کشتوکاڵەوە بەرهەمی جۆراوجۆری هەبووە و ئەم بەرهەمانەش لەگەڵ بەشەکانی تری کوردستان بازرگانییان پێوە کراوە. زۆر جاریش سنووری ئەم بازرگانییە گەیشتووەتە وڵاتی ئێران و سووریا و تورکیاش. بەتایبەتی لە سەردەمی عوسمانییەکان کە ڕۆژانە لە شاری کۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠ باری وڵاغ بۆ ناوچەکانی دیکە چووە و هێندەش بەرەو شارەکە هاتووە. توتنی ناوچەکانی ڕانیە و خۆشناوەتی و ڕواندز لەو بەرهەمە سەرەکییانە بوونە کە بازرگانییان پێوە پێوە کراوە و ئەم بەرهەمە بۆ بازرگانە گەورەکانی کۆیە هاتووە و ئەوانیش بۆ شاری بەغدایان بەڕێ کردووە.

 

KURDŞOP
547 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!