قاسملوو، ئەو ڕێبەرەی ٣٥ ساڵ پاش شەهید بوونیشی ڕێبازەکەی هەر زیندووە

قاسملوو، ئەو ڕێبەرەی ٣٥ ساڵ پاش شەهید بوونیشی ڕێبازەکەی هەر زیندووە

سی و پێنج ساڵ بەسەر تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری ئازەردا تێدەپەڕی. دوکتور قاسملوو، دیپلۆماتێکی کارامە، ئابووریناسێکی شارەزا، مێژووناسێکی بە ئەزموون، سیاسەتمەدارێکی لێوەشاوە، ڕێبەرێکی نەتەوەیی و مامۆستایەکی بیرمەند بوو کە زیاتر لە چل ساڵی تەمەنی بۆ بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناساندنی دۆزی ڕەوای کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، تەرخان کرد. 
تیرۆری دوکتور قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری ئازەر لەسەر مێزی دانووستان لە لایەن تیرۆریستانی بەناو دیپلۆماتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، یەکێ لە ڕەشترین لاپەڕەکانی مێژووی پڕ لە تاوانی کۆماری ئیسلامی و نموونەی هەرە دیاری تیرۆریسمیی نێودەوڵەتیی ئەم ڕژێمە تیرۆریستەیە.
ئەگەرچی دۆسیەی تیرۆری دوکتور قاسملوو لە لایەن حکوومەتی ئەوکاتی ئوتریشەوە پەردەپۆش کرا و تیرۆریستان بەرەو تاران ئیسکۆرت کران، بەڵام بیر و هزری دوکتور قاسملوو سی و پێنج ساڵە لە نێو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕاگاژۆ دەکا و ئێستا دوکتور قاسملوو لە هەموو کاتێک زیاتر لە ناو دڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕێبازی نەتەوەییی خۆیدا زیندووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر لەناو جەماوەری ڕۆژهەڵاتدا جێ دەگرێ.
شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلماندی ڕێگا و ڕێبازی قاسملوو، زیاتر لە سێ دەیە پاش تیرۆر کرانیشی، لەسەر شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە و چرای ڕووناککەرەوەی ڕێگای خەباتێکە کە بە دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەییی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگاتە ئەنجام.
لە سی و پێنجەمین ساڵیادی شەهید بوونی دوکتور عەبدولڕەحمان  قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری ئازەردا، یادی شەهیدانی ڤییەن و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بەرز ڕادەگرین و جەخت دەکەینەوە تیرۆر و تۆقاندن ناتوانێ، کوردستانییان لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان پاشگەز بکاتەوە.

ڕێکخراوی کوردشۆپ
٢٠٢٤/٧/١٣

KURDŞOP
122 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!