"زرێبار" گەورەترین کانیاوی شیرینی جیهان

پێشەوا کوردستانی

     لە دوو کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژئاوای شاری مەریوان و لە سەر سینگی دەشتێکی  سەرسەوز و پڕ پیتدا دەریاچەیەکی بچووکی هەمیشەیی هەیە کە ئەم بەشە لە کوردستانی ڕازاندووەتەوە و پاراوی دەکات. خەڵکی مەریوان ساڵانێکی دوورو درێژە بەم دەریاچەیە دەڵێن: " زرێبار".  لە فەرهەنگی "خاڵ"دا بۆ مانای وشەی زرێبار نووسراوە: " زرێبار" بە زەمینێک دەڵێن کە ڕۆچووبێت و بووبێت بە دەریاچە. ئەم لێکدانەوەیە لە زاراوەکانی زەوی ناسیدا پێی دەڵێن "گرابن". توێژەرانی ئەو بوارە هەموویان لە توێژینەوەکانیاندا سەبارەت بە "زرێبار" و دەشتی مەریوان باسی ڕۆچوونی زەوی لەم ناوچەیەدا دەکەن لە دەیان هەزاران ساڵ لەوە پێشدا. توێژینەوە زانستییەکانیش دەڵێن "زرێبار" بە هۆی ڕۆچوونی زەوییەوە دروست بووە کە هەموویان بە "گرابن" ناوی لێ دەبەن و بە وتەی پسپۆڕان مێژووی دروستبوونی ئەم دەریاچەیە دەگەڕێتەوە بۆ دەورانی دووهەمی زەویناسی و بە "گەورەترین کانی و چاوگەی ئاوی شیرینی جیهان"ی دەزانن.

     شوێنی هەڵکەوتنی ئەم دەریاچەیە ١٢٨٥ مەتر لە ئاستی ئاوی دەریاکان بەرزترە، لە نێوان هێڵەکانی ٣٢/٣٥ پانی جوگرافیایی و ٨/٤٨ درێژیی جوگرافیدا هەڵکەوتووە و لە جۆری دەریاچە دروستکراوەکانی "تێکنۆنیکی" زەوییە. ئەندازەی "زرێبار" بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە ساڵە پڕباران و کەم بارانەکاندا جیاوازە و پەیتا پەیتا لە ئاڵوگۆڕدایە. ڕووبەری لە ساڵی پڕ باراندا دەگاتە ٢٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە و لە کاتی وشکەساڵییەکانیشدا ڕووبەری کەم دەبێتەوە بۆ ٦ تا ٧ کیلۆمەتری چوارگۆشە. قووڵاییی زرێبار بە پێی ئەو ساڵانەی کە باسی کرا لە گۆڕاندایە بەڵام بە شێوەی مامناوەندی پێنج مەتر قووڵە و بە شێوەیەکی گشتی پانتایی و بەریناییی ئەم دەریاچەیە لە نێوان ٨٠٠ تا ٩٠٠ "دۆنم" لە ئاڵوگۆڕدایە. ئاوی زرێبار لە دەیان کانی و چاوگەی ژێر ئاوی دەریاچەکەوە سەرچاوە دەگرێت(ملکی، ١٣٩٦: ١٣٠). لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی وشکەساڵی و نەبارینی باران، ئاوی "زرێبار" کەمی کردبوو و بۆ ئەوەی نەهێڵن زرێبار وشک بێت ماوەی چەن ساڵێکە بەشێک لە ئاوی چەمی گەورە، یان چەمی بێلوو (قزڵچە)یان خستوەتە سەر ئاوی زرێبار. پێویستە ئەوەش بڵێین پێشتر چەمێک لە ئاوی "زرێبار"ەوە جیا دەبوویەوە و  لە دەشتی مەریوانەوە بەرەو سیروان دەڕۆیشت بەڵام ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی، بەنداوێکیشیان لە بەر ئەم چۆمەدا بەست و زرێباریان کرد بە بەنداو کە بە وتەی زۆربەی کارناسانی بواری ژینگە، بەستنی ئەم بەنداوە کارێکی هەڵە بووە و کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر ئاو و ژینگەی زرێبار. ئاوی زرێبار چەندین جۆر ماسیی تێدایە هەروەها مێرگ و زەلکاوەکانی دەوروبەری زرێبار بووە بە جێگەیەکی لەبار بۆ سەدان جۆر مەل و پەلەوەر و گیانداری جۆراوجۆر، هەر لە سۆنە و قاز و قورینگ و مراوییەوە بگرە تا دەگاتە بەراز و سەگاو یان سەگڵاوی دەریایی لە دەوروپشتی ئەم دەریاچەیەدا دەژین.

     لە مێژ ساڵە شەپۆلە ناسکەکانی دەریاچەی زرێبار بسکی ئاڵۆزی مێرگەکانی دەشتی مەریوان نەوازش دەکەن. سروەی فێنکی زرێبار لە گەڵ جوانیی دیمەنە ڕەنگاوڕەنگەکانیا دڵی هەر رێبوارێکی ماندوو دەڕفێنێ و شەیدای ڕوخساری تەڕ و پاراو و بۆن و بەرامەی هەست بزوێنی خۆی دەکا. دیمەنە جوان و ناوازەکانی دەریاچەی "زرێبار" کە "گەورەترین کانیاو و چاوگەی سروشتیی جیهان"ە  ساڵانێکی دوورودرێژە سەرنجی گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و لە هەموو بەشەکانی کوردستان و ئێران و جیهان ساڵانە هەزاران گەشتیار سەردانی مەریوان و "زرێبار" دەکەن.

     وشەی«زرێبار» ناوێکە کە لە لایەن دانیشتوانی دەشتی مەریوانەوە بەم دیاردە سروشتییە وتراوە. "زرێبار"ناوێکە بۆ ئەم دەریاچەیە و واتە زرێبار "شوێنناو"ە و بۆیە پێویستە لێرەدا باسی "شوێنناو"یان ناوە جوگرافییاییەکان بکەین کە بەشێکی گرنگ لە کەلەپووری فەرهەنگیی خەڵک بە ئەژمار دێن و بە " مێژووی زیندوو" ناوبانگیان دەرکردووە(خیراندیش، ١٣٨٢: ٣-٤).

"شوێنناو" لە وشەی ئینگلیزی (Toponym) وەرگیراوە کە لە ڕەچەڵەکدا یۆنانییە و لە دوو بەشی (topo ) واتە " شوێن و جێگا" و (noma ) بە واتای " ناو" پێک هاتووە(Oxford Dictionary, 2004 ).  ناوی شوێنەکان لە ژێر کاریگەریی چەندین هۆکاری جۆراوجۆردا لە لایەن خەڵکی نیشتەجێی ئەو شوێن و ناوچەیەوە بەو ناوچە جوگرافیایی یان شوێنە سروشتییە دەوترێت کە تێیدا دەژین. بۆ دۆزینەوەی ڕاستترین و بێ هەڵەترین ناوی "شوێنناو"ەکان پێویستە سەرەتا بزانرێت خەڵکی نیشتەجێ یان دەوروبەری ئەو شوێنە چیی پێ دەڵێن. دواتریش سەرنجی سەرچاوە چاپکراو و تۆمارکراوەکان بدرێت. هەروەک دەزانین هەم خەڵکی دەشتی مەریوان و شار و دێهاتەکانی لە مێژە بەو دیاردە سروشتییەیان وتووە "زرێبار" و هەمیش لە کتێب و سەرچاوە کۆنەکانیشدا بەو دیاردەیە هەر "زرێبار" وتراوە. خودی وشەی "زرێبار" کە وشەیەکی لێکدراوە لە دوو بەشی « زرێ+بار » پێک هاتووە. بەشی یەکەمی ئەم وشەیە واتە « زرێ » لە هەموو فەرهەنگە کوردیەکاندا بە مانای زەریا و دەریا هاتووە. سەرەڕای ئەمەش لە زمانە کۆنە ئێرانییەکاندا بە تایبەت لە زمانی پالەویدا «زرێ» هەر بەم شێوازەی نێو وشەی "زرێبار" بە مانای دەریا  هاتووە .بەشی دووهەمی ئەم وشەیەش واتە « بار » ئەتوانێ لە پاشگرە کۆنەکان بێ کە لە زمانی کوردیدا مانای جۆراوجۆری هەیە وەکوو: "ڕۆخ و قەراخ" لە وشەی «ڕووبار»دا کە دەبێتە «قەراخی چۆم» یان بە مانای«وەک» کە هەر لەم وشەیەدا واتە « وەک چۆم» و هەر وەها مانای «تەشک، شکڵ و شێوە»ش دەدا  لە وشەی «نابار»دا کە بە مانای « بەد تەشک و بەد شکڵ » و لە وشەی«لەبار»یشدا بە مانای «شێوە جوان»ە. فەرهەنگی عەمیدی فارسییش سەبارەت بە پاشگری «بار»دەنووسێ:«بار:(پهلوی-bār )لە پاشگرەکانە کە لە کۆتایی هەندێ لە وشەکاندا دێ بە مانای ڕۆخ و قەراخ و جێگای چڕ و پڕە لە وشەگەلی جویبار،دەریابار،روودبار،زەنگ باردا»(فرهنگ عمید.ج1.ێ292 ). کەوایە بە پێی ئەو شتانەی کە باس کرا وشەی لێکدراوی«زرێبار» بە مانای (شێوەی دەریا) یان (وەکوو دەریا)یە.

     دیمەنی سێحراویی زرێبار هەمیشە خەڵکی مەریوانی تووشی ڕامان و سەرسووڕمان کردووە و چۆنیەتیی دروستبوونی ئەم دەریاچەیان لێ بووە بە مەتەڵێک و هەمیشە زەینیانی بە خۆیەوە خەریک کردووە، بۆیە لە ڕوانگەی ئاپۆرای خەڵکییەوە سەبارەت بە دروستبوونی زرێبار ئەفسانەیەکیان دروست کردوە کە بەکورتی بەو شێوەیەیە: "ئەفسانەی دەروێش" ئەفسانەیەکی پێشینیانە کە سەبارەت بە زرێبار لە مەریواندا هەیە. پێشینیان بەم ئەفسانەیە، چیرۆکی چۆنیەتیی دروستبوونی زرێبارمان بۆ دەگێڕنەوە. لەم ئەفسانەیەدا باسی شارێک دەکرێ کە بەهۆی زوڵمی پادشایەک ڕۆ چووە و بووە بە ژێر ئاوی زرێبارەوە . ناوی پادشای زاڵمی ئەو شارە «فەیلەقووس»بووە کە بە هۆی دوعای دەروێشێک خۆی و شارەکەی نغرۆ دەبن و دەبن بەژێر ئاوی زرێبارەوە. ئێستاش قەبرێک لە بەرزاییەکی لای باکووری ڕۆژهەڵاتی زرێباردایە کە دەڵێن قەبری ئەو دەروێشەیە کە ئەو دوعایەی کردووە.

مەزارگەی دەروێش

 

 سەرچاوە:

- ملکی، حسام(١٣٩٦) جغرافیای مریوان، مریوان، انتشارات ئەوین.

خیراندیش، عبدالرسول (١٣٨٠) صورت شناسی تاریخ های محلی، کتاب ماە تاریخ و جغرافیا، سال پنجم، شمارە ٤٦ و ٤٧ . مرداد و شهریور: ٤١ – ٣ .

KURDŞOP
172 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!