فەرزاد کەمانگەر و خەبات بۆ زمانی کوردی

ئێلان محەممەد

 

فەرزاد کەمانگەر، چالاک و مامۆستای زمانی کوردی، ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی ئافریانی سەر بە کامێران لەدایک بووە. کامێران دەکەوێتە نێوان سنە و کرماشان. پێشتر بنەماڵەکەیان لە گوندی ئافریان نیشتەجێ بوون، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بەهۆی گوشارەکانی ڕێژیمەوە گوندەکە چۆڵ کرا. مامۆستا فەرزاد لە پێنج برا و خوشکێک، منداڵی چوارەمی ماڵێ بوو. لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران، گوشار و چەوساندنەوە بۆ سەر گەلی کورد زیاتر بوو و سیاسەتی ڕێژیم کاریگەریی لەسەر ناوچەکە هەبوو. ئیدی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕێژیم، هەموو کوردستانی گرتبووەوە. ئاشنابوونی مامۆستا فەرزاد لەگەڵ دونیا و ژیانی منداڵیدا، تێکەڵی شەڕ، دەنگی تەقینەوەی تۆپ و تفەنگ، کوشتار و کۆچی گەلی کورد بوو.

ناوبراو خوێندنی سەرەتایی هەتا ناوەندیی لە کامێران خوێندووە، لەو ساڵانەدا کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە ڕوویدا و باوکی ئەوانیش بەهۆی کارەکانی لەسەر سنوور، بەرکەوتەی مادەی کیمیایی بووە و دوای چەند مانگێک گیانی لەدەست داوە. دوای ئەو ڕووداوە، باری قورسی بەڕێوەبردنی ماڵەکە دەکەوێتە سەر شانی فەرزادی تەمەن ١٢ ساڵ. ئەو بۆ ئەوەی ماڵەکە بەڕێوە ببات، ناچار دەبێت کارگەلی وەک کرێکاری، فرۆشتنی میوە و... ئەنجام بدات. دوای تەواوکردنی پۆلی نۆ، دەست دەکات بە خوێندنی پەروەردەی مامۆستایەتی. دوای تەواوکردنی خولی مامۆستایەتی، بەهۆی هەڵوێست و فیکرە جیاوازەکانییەوە، بڕوانامەی مامۆستایەتیی پێ نەدرا و دوای دوو ساڵ وەک مامۆستا وەرگیرا.

فەرزاد سەرەڕای ئەوەی لە گوندەکاندا مامۆستا بووە، لە زانکۆی مامۆستایان درێژە بە خوێندن دەدات. منداڵانی زۆر خۆش دەویست، بەتایبەتی منداڵانی کورد کە لە هەموو مافەکانی ژیان، نەتەوەیی و منداڵی بێبەش بوون. نزیکەی ٤ ساڵ لە گوندەکانی کامێران وەک مامۆستا کاری کرد. مامۆستا فەرزاد کەمانگەر دەیگوت: "ڕێگە بدەن دڵم لە سنگی منداڵەکاندا لێ بدات".

به‌هۆی کار و چالاکییه‌کانی له‌لایه‌ن ڕێژیمی ئێرانه‌وه گوشاری دەخرایە سەر و زۆرجار له‌لایه‌ن ئیداره‌ی پەروەردەی مامۆستایانه‌وه بانگ ده‌کرا و لێپێچینەوەی لێ دەکرا.

کار و خەباتی فەرزاد لە زیندانیشدا بەردەوام بوو، وەک کردنەوەی کتێبخانەیەکی ٢٥٠٠ کتێبی لە زیندانی ڕەجاییشار.

ڕێکەوتی ٩ی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاوی، مامۆستایانی کورد، "فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان، شیرین عەلەم هۆلی و مەهدی ئیسلامییان" لە زیندانی ئێڤینی تاران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسێدارە دران.

فەرزاد کەمانگەر، مامۆستایەک کە دڵ و مێشکی خۆی بۆ پەروەردەی منداڵان تەرخان کردبوو، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بوو، لەسێدارە درا. پێش لەسێدارەدان نامەیەکی نووسی و گوتی:

"لەبەر ئەوەی ئێمە کوردین، هەڵدەواسرێین. پێویستە گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک ئەمە بزانێت. ئەوان دەیانەویست کە بە تاریکیی زیندان، ڕووناکی لە مێشکم بتارێنن. بەڵام من بۆ خۆم بینیم کە گوڵ تەنانەت لەنێو تاریکی و بێدەنگیشدا شین دەبێت. بە هەر زمانێک کە دەیانەوێت با قسە بکەن، ڕێگە بدەن دڵم لە سنگی کەسێکی تردا لێ بدات. تاکە داخوازیی من ئەوەیە کە ئەو ببێتە منداڵێکی کرێکاری زیندوو کە دژی نایەکسانی خەبات دەکات. ڕێگە بدەن دڵم لە شوێنێک لەم جیهانە بێکۆتایەدا لێ بدات. تەنیا ئاگادار بن، چونکە دڵی ئەو کەسە پڕە لە چیرۆکە نەگێڕدراوەکانی خەڵکی وڵاتێک کە بەدەست مێژووەوە دەناڵێنێت. ڕێگە بدەن دڵم لە سنگی منداڵێکدا لێ بدات، بە دەنگی بەرز بە زمانی دایکیم - کوردی - هاوار بکەم. لەم جیهانە بێکۆتایەدا دەمەوێت بایەک بم و پەیامی خۆشەویستی بە هەموو مرۆڤایەتی بگەیەنم."

ئەمڕۆکەش دەبینین کە دەیان مامۆستا و چالاکی وەک مامۆستا فەرزاد کەمانگەر هەن کە یان بە قەڵەم یان بە دەنگ و هاوار بۆ زمانی دایکی خەبات دەکەن. ئێستاش دەبینین کە داگیرکەرانی کوردستان لە گوشارخستنە سەر چالاکانی زمانی کوردی بەردەوامن.

 

KURDŞOP
474 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!