خوێندنەوەی فیلمی مێگەل، بەرهەمی یەڵماز گونەی

 

 

دەرهێنەران: یەڵماز گونەی- زەکی ئۆکتێن

بەرهەمهێنەر: یەڵماز گونەی

نووسەر: یەڵماز گونەی

ئەکتەرەکان: هامۆ (تنجیل کۆرتێز)، شوان (تاریک ئاکان)، بریوان (مەلیک دەمیرە)

مۆسیقا: زولفی لیوانیلی، شوان پەروەر، مەلیک دەمیرە

 کامێرامان (سینە­ماتوگرافەر): عێزەت ئاکای

مۆنتاژ: زەکی ئۆکتێن

ماوەی فیلم: ١٢٩ خولەک

زمان: تورکی

ساڵی بڵاوکردنەوە:1978

خەڵاتی گرنگی نێودەوڵەتی: باشترین فیلمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی پرتەقاڵی زێڕینی ئەنتالیا لە ساڵی ١٩٧٨

 

 

مێ­گە­ل

بە­ختەوە­ری له ئە­نقە­ره بوونی نییه

 

ئارێز مەنسوور نیا

 

پێشەکی

مێگەل  (SURU) یەکێ لە بەرهەمە سینەماییە گرنگەکانی یڵماز گونه­یه، کە بە ڕوونی بنەماڵەیەکی کورد لەگەڵ داب و نەریت و یاسا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیاندا نیشان دەدات. بەڵام بەهۆی فشاری سیاسی فیلمەکە لە زمانی کوردی بێبەش کراوە. گەرچی جوگرافیا و شوێنی فیلمەکە (شاخ و گوند و شارەکانی باکوری کوردستان)، لەگەڵ کولتوور و ڕێوڕەسمی خەڵک ئەوە نیشان دەدات کە چیرۆکی ئەو سەبارەت بە بنەماڵەیەکی کورده.

فیلمی مێگەل کاریگەریی فیلمی زاره­ (1927-ZARE) وەکوو فۆڕمی گێڕانەوە و جوانیناسیی مۆنتاژی له سە­ره وهاوکات بە کەڵکوەرگرتن لە گێڕانەوە­ی سەفەر (ژانری جادەیی)، نیشاندانی شوێنگەلی جیاواز (شار و گوند) ، وێناکردنی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان، ­کاریگەریی لەسەر گرنگترین فیلمی یەڵماز گونەی، ڕێگا (YOL-1982) داناوه. مێگەل دوای فیلمی زارە له بەرهەمە سەرەتاییەکانی سینەمای کوردییه که هه وڵ ده دات به تیشک خستنه سە­ڕ بنەماڵەیەکی کورد، کێشەکانیان بە شیکارییەکی مێژوویی لە چوارچێوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نیشان بدات.

 

 

کورتەیەک

هامۆ، سەرۆکی هۆزی ویسکانه و بۆ فرۆشتنی مەڕەکانی لە ئەنقەرە عەشیرەتەکەی بەجێدەهێڵێت. لەم سەفەرەدا کوڕەکانی بە تایبەت سەیوان و بێریوان بووکەکەی کە بە سەختی نەخۆشە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە و بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر لە ئەنقەرە، هاوڕێیەتیی دەکەن. سەفەر­یکی دوور و سەخت بە شەمەندەفەر لە کوردستانەوە بۆ ئەنقەرە دەست پێ دەکات. سەفەری پڕ لە مەترسی کە دەبێ لەگەڵ گەیشتن بە ئەنقەرە ئازارەکانیان کۆتایی بێت. بەڵام ئەنقەرە بە پێچەوانەی خەیاڵەوە نەک هەر بەختەوەری ناهێنێت، بەڵکو وێرانکارییش چڕتر دەکاتەوە.

 

شیکاری

یە­ڵماز گونە­ی مێگەل وەکوو چەکی دژ بە فاشیزمی تورکیا بەکار دەهێنێت. ئەو بە تێکدانی پێکهاتەی وێنەی پێوەری فاشیزم، بەنیازە وێنەیەکی جیاواز و نوێ نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە هەموو تورکیا نیشان بدات. دەیەوێت زۆرترین وێنەی قەدەغەکراو پیشانی بینەران بدات تا بتوانن لەوە تێبگەن کە کۆمەڵگا چۆن کەوتووە­ته ژێر ئاڵای فاشیزمەوە. بۆ ئەم مەبەستەش وەک فیلمی (زاره)، وێنه ی ڕاسته قینه و دیکۆمێنتاریی خه ڵکی کوردستان لە پێکهاتەیەکی پیاوسالاری و کۆنەپەرستانەدا نیشان دەدرێت.  دواتر فه زای سیاسیی داخراو و توندوتیژی لە کۆمەڵگای تورکیا نیشان دەدرێت. گونە­ی به وێنەی ڕەخنەگرانە و سیستەمیکی نوێ له وێنەکان ڕێکدەخات.

 

 

گونە­ی لە سێ شوێنی سەرەکیی فیلمەکەدا (کوردستان، شەمەندەفەر، ئەنقەرە) کۆمەڵگا دەخاتە ژێر پرسیارەوە و بە پیشاندانی ڕەخنەگرانە پرسیاریان لێ دەکات. ئەو ڕاشکاوانە دژ بە نەریتە کۆنەکانی کوردستان دەوەستێتەوە.

عەشیرەتی ویسکان بە سەرکردایەتیی هامۆ لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە بژێوی ژیانیان لەسەر بنەمای ئاژەڵدارییە. لەم کۆمەڵگایەدا، پیاوسالاری، خورافات، توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان، کۆنەپەرستی و فەزای داخراوی کۆمەڵایەتی هە­یه. بەڵام ئەم کۆمەڵگایە لە گۆڕاندایە، تراکتۆر زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکێڵێت. مۆدێرنیزم خەریکە نەریتەکان دەدڕێنێت و کۆتایی بە قۆناغێکی مێژوویی دەهێنێ. هامۆ وەک نوێنەری کۆنەپەرستی بە ڕەشبینییەوە سەیری ئەو کارە دەکات. گونەی چۆن سەیری ئەم بابەتە دەکات؟ ئایا دڵخۆشە بەم دابەزینە و داڕمانی قۆناغی مێژووییه؟ پێش هەموو شتێک، ئەو لەگەڵ شێوازی بەرهەمهێنانی ئاژەڵدارییدا نییه، بەڵام لەگەڵ  سەرمایەداریشدا ناکۆکە. دەرهێنەری مێگەل به کەڵک وەرگرتن لە گێڕانەوەی سەفەر لە شاخ و شارەکانی کوردستانەوە بۆ ئەنقەرە، ئەم گۆڕانکارییە مێژووییە نیشان دەدات. تێپەڕین لە نەریتەوە بۆ مۆدێرنیتە، ئەوەی شوان پێی دەڵێ ڕێگای بەختەوەری....

 

 

 

گونەی بەم گێڕانەوەیە دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساوە تا ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسییە جیاوازەکان لە تورکیادا نیشان بدات. وەک مامۆستایەکی کۆمەڵایەتی، هەوڵی وێناکردن و گێڕانەوەی ئەو کەسانە دەدات کە لە وێنە و سیاسەتی دەسەڵات دوور خراونەتەوە. هاووڵاتیانی ئاسایی کە بە شێوەیەکی ئاسایی ناژین، هەژار و ژێردەستن و تووشی دزی و لەشفرۆشی بوون. بە هەمان شێوە که گەندەڵیی فەرمانبەرانی حکومەت نیشانی دەدات. گونە­ی پێی وایە ئەخلاق بەرەو دابەزین دەڕوات و هەموو ئەمانە بە بەرهەمی ئەو سیستەمە دەزانێت کە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە  بۆیە دەست دەخاتە سەر گەندەڵی و دیکتاتۆریەتی حکومەت.  دەسەڵاتێک کە چالاکوان و تێکۆشەرانی سیاسی و ئازادیخواز تیرۆر و زیندانی دەکات. لای ئەو، شەمەندەفەر شوێنێکە بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگایەک کە لە پەراوێزدایە. ئەو به مۆنتاژی وێنەی دۆکیۆمێنتاریی شار و گوند و ڕووخساری خەڵکی هەژار دەگاتە ئامانجەکەی. سەفە­رێکی سەخت و پڕ لە ڕووداو کۆتایی دێت. ئایا ئازارەکان بە کۆتایی سەفەر کۆتایی دێت؟ ئایا لێرەدا خەونەکانی شوان دێنە دی؟ ئایا بێریوان چاک دەبێتەوە؟

 

 

 

چۆن بیر لە ئەنقەرە دەکەینەوە؟ پایتەختی تورکیا، سەروەت و سامان و ئاوەدانی و مۆدێرنیتە !!! یان وێنەیەکی تر هەیە و ئێمە ئاگاداری نین. ئەو واقیعە چییە کە لە ئەنقەرە چاوەڕێمان دەکات؟ لە قۆناغی یەکەمدا، ئەنقەرە شارێکی سەرنجڕاکێشە و پڕ لە بانک و بینای گەورەی بازرگانی و ئیدارییه. خەڵک بە جلوبەرگی مۆدێرن و شەقامی قەرەباڵغ و پاک و خاوێن لە ژێر سێبەری پەیکەری گەورەی مستەفا کەمال پاشا (ئاتا تورک) دەبینین. لە هەمان کاتتدا مەڕەکانی هامۆ یاسا و ڕێسای شەقامەکانی پایتەختیان تێکداوە. بە جۆرێک بێمانا بوونی پێکهاتەی سیاسیی حکوومەت ئاشکرا دەکات. بە نیشاندانی ژیانی کرێکاران، پەراوێزخراوەکان، چەوساوەکان و کۆچبەران لە پەراوێزی شار، ئێمە تێدەگەین کە ئەنقەرە جگە لەوەی جوان و سەرنجڕاکێشە دەتوانێت دڕندە و پڕ لە ململانێی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت. لەم دۆخەدا شوان جگە لە پەڕاوێزی شار و باڵەخانەیەکی نیوە تەواو، هیچ شوێنێکی بۆ مانەوە لە ئەنقەرە نییە. کۆشکی ئاوات و خەونەکانی ئێستا شوقەیەکی هەژارانە و بچووکە. ناتوانێ بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی کارێک بدۆزێتەوە و نەخۆشی ژنەکەی چارەسەر ناکرێ. دژایەتیی شار و ململانێی چینایەتی زاڵە بەسەریدا و ژیانی لێ دەسەنێتەوە. ئەمە دەتوانێت گێڕانەوەی زۆرێک لە کۆچبەران بێت  که لە گوندەوە بۆ شار بە هیوای گۆڕانکاری و گۆڕینی ژیان دێن. کارگەی خەون و خەیاڵی شوان دەڕوخێت. بێریوان لە ژوورێکی سارد، لە ماڵێکی بێ دەرگا و پەنجەرە، بە بێدەنگییەکی کوشندە، کە لە سەرەتای فیلمەکەوە تا کۆتایی هەبووە، کۆچی دوایی دەکات. بێدەنگی و نەخۆشیی بێریوان نیشانەی زوڵم و مەینەتییە کە بەسەر ژنان و دایکانی کوردستاندا سەپێنراوە.

 

 

هامۆ بە تێپەڕین لە شاخەوە بۆ شار، بە جۆرێک ناسنامەی خۆی لەدەست دەدات و بنەماڵە و تەواوی سیستەمی کۆمەڵایەتییەکەی دەڕووخێت. ئەمە تایبەتمەندیی جیهانی نوێ و بۆرژوازییە هەر شتێک سەخت و بە­هێز بێت دەبێتە دووکەڵ و دەچێتە هەوا، تەنانەت خودی بۆرژوازییش. گونەی پێی وایە ناتوانرێت بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژانی ئارامی ڕابردوو، گۆڕانی قۆناغەکانی مێژووش مرۆڤ و دەوروبەریشی دەگۆڕێت. کەواتە تێڕوانینێکی نوێ بۆ جیهان و داهاتوو پێویستە و بنەماڵە ی هامۆیش لەم بارودۆخە پڕ لە گۆڕانکاری نیشان دەدات.

.............................................................

. فیلمەکە لە ژێر بارودۆخێکی زۆر سەختدا وێنە گیراوە: تەنها پێش کودەتای سەربازی ساڵی ١٩٨٠ لە کاتێکدا گونە­ی لە زیندان بوو دروست کراوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​زەکی ئۆکتێن بە ڕێنمایی یە­ڵماز گونە­ی سیناریۆکە دەکاتە فیلم.

 

. گونەی لە وتووێژێک لە لەگەڵ  (کریس کوچرا)  وتوویەتی ئەم فیلمە لە ڕاستیدا بەسەرھاتی خەڵکی کوردە لە تورکیادا، بەڵام چون کوردی قەدەغە بوو نەماندەتوانی بە کوردی دروستی بکەین. گەر وامان بکردایە ھەموومان دەخراینە زیندان.

 

KURDŞOP
106 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!