ئیلام، ناوەندی ویلایەتی کوردستان لە ”نزهەالقلوب حمداللە مستوفی“

نووسەر:  ئیسماعیل شەمس

وەرگێڕ: فەرهاد ئەکبەری

 

لەوانەیە نووسەرانی کورد و ئۆگرانی دیروکی کوردستان نەک هەر ئەم ناوونیشانەیان پێ سەیر بێ، بەڵکو عەقڵیشیان نەیبڕی. لێ لە کن من سەیر نییە، چونکە سەرپاکی رۆژهەڵاتناسان و کوردناسان رۆژاوایی و رۆهەڵاتی و تەڤ تۆژەرانی کورد لە محەمەد ئەمین ڕا تا ئێرنگە، وێکڕا قەڵای بەهاری ئێستاکە بە ناوەندی ویلایەتی کوردستان، کە لە نزهەالقلوبی حمداللە مستوفیدا ئاماژەی پێ کراوە، دەزانن.

 زێدەباری ئەوەش من پشتی تۆژینەوەیەکی دەمدرێژ، وێڕای تەستدانەوەی بۆچوونی سەرجەم دیرۆکنووس و لێکۆڵەرانی پێشان، بێ دڕدۆنگی و دوودڵی و بێ ئەملاوئەولا سەلماندوومە کە ناوەندی ویلایەتی کوردستان، نەک قەڵای بەهاری هەمەدان بەڵکو ئیلامی ئێستایە. هەرچەند هاوڕێ تۆژەریشم بەڕێز د. رەحمەتی، پێشان  لەوە وە شک کەوتبوو کە بەهاری ناوەندی کوردستان بێ، لێ ئەویش، شوێنە راستەقینەکەی پێ دیاری نەکرابوو.

 دیارە کە ڕای بێ ئەملاوئەولا و بڕاوبڕ دەگەڵ پرەنسیپگەلی پسپۆڕانەی تۆژینەوەدا ناگونجێن، بەڵام لەو سۆنگەیەوە کە ئەستەمە ئەو لێڤەکۆڵ و خوێنەرانەی کە وا بۆ چەند سەدە ئەچێ گوێیان بەم گێڕانەوە ئاوەخوایە ڕاهاتووە و لە ناخیاندا چەسپاوە، ملی بۆ راکێشن، زێدەباری ئەمانەش، بڕیارم داوە کە ئەنجامی یەکلاکەرەوەی تازەترین تۆژینەوەم کە پێشتر تەنێ هەر لە کۆڕی هاوڕێیانمدا جوور بۆچوونێک ئاماژەم پێ کردبوو، لە ”کردستان نامە“ دا بڵاو بکەمەوە.

بەڵگەیەل دیرۆکی و لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە ناوچەکە و لە سەر سەدان سەرچاوەی دیرۆکی لەم پێوەندییەدا و بەراوردکردنی ناوی جێگەکان بەروونی ڕاکەمان دەسەلمێنن.

بەوە کەیفخوەشم دیسان دەرکەوت کە ڕای رۆهەڵاتناسان رۆئاوایی لە مەر مێژووی کورد و کوردستان دوا ڕا نییە و تۆژەرێکی لێزانی کوردی شارەزای هەڵکەوتی جوگرافیای ناوچەکە، بەسووکی ڕاکەیان پووچەڵ دەکاتەوە و دەیخاتە لاوە. دەرکەوتنی ئەنجامی ئەم تۆژینەوەیە پەردەی لە سەر زۆربەی بۆچوونە پڕهەڵەوپەڵەکان لەم پێوەندییەدا هەڵماڵی و بواری بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر ناوچەکەیەک خۆش کرد کە من بە سەرەمڕی بە دڵی دەسەڵاتی ساسانییەکانم زانیوە، خۆش کرد.

هەروەها پێشتریش نووسیبووم کە بۆچوونی لیسترنج و لایەنگرەکانی لە مەڕ هاتنی ناوی کوردستان بۆ یەکەمجار لە سەردەمی سوڵتان سەنجەر سەلجووقی و نزهەالقلوبدا شاشە و سلێمان شا، والیی کوردستان دوورونزیک پێوەندیی بە سەلجووقییەکانەوە نییە، ئێستاکەش بێ ئەملاوئەولا دەڵێم کە ناوەندی دەسەڵاتەکەی ناوبراویش بەهاری هەمەدان نییە، بەڵکو گری گوڵوەهار هەڵکەوتوو لە گوندی مەهدی ئاوای شاری ئیلامی ئیستایە.

KURDŞOP
173 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!