دەروونناسیی فاشیزم چییە؟

- بێهزاد قادری

 

فاشیزم

دەستەواژەی "فاشیزم" لە وشەی ئیتالیی "فاشۆ" وەرگیراوە کە بە واتای دەستە یان گرووپ و بەتایبەتی گرووپی سیاسی دێت. فاشیزم جۆرێک پێکهاتەی توتالیتێرییە کە لەودا هەستی ڕادیکاڵی، شۆڤێنیزمی، ڕەگەزپەرستی و ئەرتشسالاری دەبینرێت. لە وەها حکوومەتێکدا تەنیا یەک حیزب بوونی هەیە و خەڵک وەفاداریی خۆی بە دەوڵەتێکی تاقانە و یەکگرتوو دەردەبڕێت. پلورالیزم و جیاوازیی بیر و باوەڕ و دەنگ، لە وەها حکوومەتێکدا بوونی نییە، چونکە هێز تەنی هی تاقمێکی تایبەتە و خەفەقانی سیاسی بوونی هەیە. ترس لە بیانییەکان و ئەرتشسالاری دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی وەها حکوومەتگەلێکە.

فاشیزم بەپێچەوانەی کۆمۆنیزم، هەڵقوڵاوی وڵاتانی دەوڵەمەند و پێشکەوتووی وەکوو "ئاڵمان و ئیتالیا"یە. فاشیزم تیۆرییەکی سیاسی و جۆرێک سیستەمی حکوومەتیی خۆسەر و نەتەوەتەوەرە کە یەکەمجار لەنێوان ساڵەکانی ۱۹۲۲ هەتا ۱۹٤٥ی زایینی لە ئیتالیا و بە سەرۆکایەتیی "موسۆلینی" ڕێبەری کرا.

بنەماکانی فاشیزم

بنەمای سەرەکییەکانی فاشیزم کە "موسۆلینی" هەندێک لەوانی لە زانستنامەی ئیتالیا لە ساڵی ۱۹۳۲دا گونجاند، بریتی بوون لە:

۱- باوەڕمەندنەبوون بە بەنرخبوونی ئاشتی.

۲- دژایەتیکردن لەگەڵ ئەندێشە سووسیالیستییەکان.

۳- دژایەتیکردن لەگەڵ لیبرالیزم.

٤- توتالیتێر بوون.

٥- پیرۆزکردنی لەڕادەبەدەری ڕێبەر.

٦- دژایەتیکردن لەگەڵ دێموکراسی.

۷- باوەڕی توند بە پاڵەوانپەرستی.

۸- پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕۆحی شەڕکەری.

۹- سیستەمی تاک‌حیزبی.

 

ڕیشە دەروونناسییەکانی فاشیزم

مەکتەبە جیاوازەکانی دەروونناسی و ڕامیاری، لێکۆڵینەوەگەلێکی جۆراوجۆریان لە بواری "دیاردەی فاشیزم" ئەنجام داوە کە بە ڕیز بریتین لە:

۱- مەکتەبی دەروونناسیی تاکی یان دەروونناسیی مێژوویی کە لەسەر وەندشی (موتالعە) فاشیزمەکان جەخت دەکاتەوە.

۲- مەکتەبی دەروونناسیی چینە کۆمەڵایەتییەکان کە سەرنجی لەسەر وەندشی دەروونناسیی چینی مامناوەند بەرەو خوارە.

۳- مەکتەبی دەروونناسیی سیاسی کە گرێدانی دوو تەوەری وەندشی سیاسی- ئابووری لەلایەک و وەندشی دەروونناسی لەلایەکی دیکەوە (پەیوەندیی مارکس و فرۆید) بە سەرچەشنی تێکەڵاوی دەستنیشانکردنی فاشیزم دەزانێت.

بەم هۆیانەوە لەبارەی دەستنیشانکردنی فاشیزم، ڕوانگەگەلێکی جۆراوجۆر بوونی هەیە (کۆمەڵناسی، ئابووری و مارکسیستی). بەڵام یەکێک لە شیکارییە بەهێزەکان لەبارەی هاتنەسەرکاری فاشیزم لە شارستانییەتی ڕۆژاوادا، شیکارییە دەروونناسییەکانە کە "وینسێنت" ئەوان بەسەر سێ بەشی گشتیدا دابەش دەکات:

دەستەی یەکەم مارکسیستەکانی مەکتەبی فڕانکفۆرت (ئێریک فرۆم، ئادۆرنۆ و ویلهێلم ڕایش) دەگرێتەوە کە هەوڵیان دا لەنێوان "مارکس و فرۆید" پەیوەندی دروست بکەن و لەنێوان دەستکەوتە ئابووری و دەروونناسییەکان پردیان لێ دا. "ویلهێلم ڕایش"، فاشیزم بە بەرهەمی سەرکوتی هەستی جینسیی سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵی دەزانێت؛ لەم شیکارییەدا هەموو مرۆڤەکان فاشیستن (بالقوّە). "مارکس" بۆ ئازادی، خەڵک بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئابووری بانگهێشت دەکات. "ڕایش" بۆ شۆڕشی جینسی بانگەشەی دەکرد و بۆ دووریکردن لە زێهنییەتی فاشیزمی، فەزیلەتی ئازادیی جینسیی بەرز دەنرخاند.

دەستەی دووەم لەسەر تایبەتمەندییە دەروونناسییەکانی هەندێک چین، بەتایبەتی چینی مامناوەند بەرەو خوارەوە و مێرمنداڵانی دوورخراو پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، جەخت دەکاتەوە. "ئالاردیس"، شیکاریی "فرۆم" لەم دەستەیەدا دادەنێت. "فرۆم" لە هەمان دەستپێکی باسی دەروونناسیی "نازیزم"، سەرقاڵی داڕشتنی دوو تیۆریی دژبەر بوو لە دەستنیشانکردنی ئەم دیاردەیە.

تیۆریی یەکەم، دەروونناسیی فاشیزمی بە پاڵنەری ئابووری دەزانی یان ئەوی وەکوو خولیای پێشکەوتنخوازانەی ئیمپریاڵیزمی ئاڵمان دەزانی کە وەکوو دیاردەیەکی سیاسییە کە ئامانجی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی هەیە؛ لەم ڕووەوە دەروونناسی توانای سەلماندنی ئەم دیاردە ئابووری و سیاسییەی نییە.

تیۆریی دووەم، فاشیزم بەتەواوی بە پرسێکی دەروونی دەزانێت. ئەوان باوەڕیان وایە کە سەلماندنی فاشیزم تەنیا لە ڕێگای دەروونناسییەوە ئیمکانی هەیە. ئەوان "هیتلێر" بە چاوی "شێت" دەبینن و لایەنگرەکانی بە کەسانێک دەزانن کە سەقامگیریی دەروونییان نییە. "مامفۆرد"، وەکوو یەکێک لە نوێنەرانی ئەوان، سەرچاوەکانی فاشیزم لە دەروونی مرۆڤدا دەبینێتەوە نەک ئابووری و ڕامیاری. بە بۆچوونی ئەو، غەڕەی لەڕادەبەدەر، بێڕۆحمی و شیتاڵبوونەوەی نۆرۆتیک، دیاردەی فاشیزم دەسەلمێنێت، نە پەیمانی "ورسای" و بێ کیفایەتیی کۆماری ئاڵمان.

دەستەی سێیەم، فاشیزمی لە پەنجەرەی "مێژووی دەروونی"یەوە دەستنیشان کردووە. لە ڕاستیدا کەسانێک کە هەوڵیان داوە فاشیزم لە ڕوانگەکانی دەروونشیکاریی فرۆیدی و یۆنگی و مەکتەبەکانی تری دەروونشیکارییەوە ببینن، بوونەتە هۆی هاتنە ئارای دەروونناسیی مێژوویی. بەپێی ئەم ڕوانگانە، منداڵیی فاشیستەکان شکڵ بە پێکهاتەی قووڵی باوەڕەکانی دواتری ئەوان دەدات. هەندێک لە جۆرەکانی گۆشەگیری، ئاوارەیی و "خۆپەڕاندنەوە" (فرافکنی) کە بەگشتی بۆ سەردەمی منداڵی دەگەڕێنەوە، لە گەوشینە تایبەتەکانی فاشیزمەکانن. سەرکوتی هەستە جینسییەکان لە بنەماڵە چەقبەستووەکاندا، دوورخستنەوە لە داهێنان و گرێی "ئۆدیپ"ی چارەسەرنەکراو لەم کەسانەدا دەبێتە هۆی هەستی گوناح و ناتەوانی. ئەمانە بۆ خۆیان دەبنە هۆی دەرکەوتنی توندوتیژی و "سادۆمازۆخیزم" (ئازاردانی خۆ و خەڵکی تر) کە دەتوانێت لە حاڵتگەلی سیاسی و لە خەیاڵە سەیرەکانی فاشیزمدا خۆی دەربخات.

"ئەریکسۆن" لەبارەی منداڵیی "هیتلێر" دەڵێت: "ئێستا دووبارە مێژوو بە پیاوێک ئیجازەی داوە تاکوو خەیاڵە نەتەوەییەکان لەگەڵ خەیاڵە کەسییەکانی خۆی تێکەڵ بکات."

KURDŞOP
345 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!