نووسەر: ئیسماعیل شەمس
وەرگێڕ: فەرهاد ئەکبەری
یەکێک لە پرسیارە بەرکەتییەکانی بیاڤی دیرۆکی کورد و کوردستاندا، خزمایەتیی نێوان کورد و ساسانییەکانە. دەسپێکی ئەم پرسیارەش بۆ نامەکەی ئەردەوان، دوا پاشای ئەشکانی بۆ ئەردەشیر، دامەزرێنەری دەوڵەتی ساسانی، دەگەڕێتەوە کە ناوبراوی بە "ایهاالکردی المربی فی خیام الاکراد" ، واتە "ئەی کوردە مەزنبووەکەی ناو کوردەماڵان"، بانگ کردووە. هەندێک لە تۆژەران بە پشتبەستن بەم ڤەگێڕانە و کۆمێک ڤەگێڕانی دی، ساسانییەکان بە کورد دەزانن و هەندێکی تریش وشەی کوردیان بە شوان و بەدەر لە لایەنی ناسنامەیی لێک داوەتەوە.
نووسەر لێرەدا لە دووی سەلماندن یان تەستدانەوەی هیچکام لەم دوو بۆچوونە نییە، بەڵکوو لە دووی ئەوەیە کە بە زەقکردنەوەی چەند پرسیارێک وا لە تۆژەران بکا تاکو پتر لەم خزمایەتی و تێکەڵییە ڕامێنن. ئەم پرسیارانە مێشکی نووسەریان بە خۆوە سەرقاڵ کردووە و بە هێڤییە بە هێنانەگۆڕیان لەکۆڕی خوێنەرانی وریای کورددا وەڵامێکی گونجاوی دەست بکەوێ.
شاری مێژووییی تیسفوون - پایتەختی ئیمپراتۆریی ساسانی
١- ساسانییەکان لە ساڵی ٢٢٤ تاکو ٦٥١ زایینی واتە بۆ ماوەی ٤٢٧ ساڵ جڵەوی فەرمانڕەوایەتییان بە دەستەوە بوو، بەپێی هەڵکەوتی جوغرافیایی هیچکام لە نەتەوەیەل سنووری دەسەڵاتەکەیان هێندەی کورد لە تیسفوونی چەقی دەسەڵاتەکەیانەوە لە رۆهڵاتی دیجلە نزیک نەبوون. وەک سەرچاوەکانی ئەودەم ئاماژەیان پێ کردووە، کورد بەر لە دامەزرانی دەسەڵاتی ساسانییش دەگەڵیاندان جیران بوون و ئەردەشیر هەر لە سەرەتاوە کەوتە شەڕ لەگەڵیاندا. هەروەها دەزانین کە ناوی کورد پاش کەوتنی ساسانییەکان بە بەرفرەهی براوە و زۆروکەم ئاماژە بە زمان و چاند و دابونەریتەکەی کراوە. جا چۆن دەبێ نزیکەی پێنسەد ساڵان لە نێو خەڵکێکدا دەسەڵاتدار بیت و گچکەترین گۆهەرتنەک بە سەر زمان و کولتوورەکەیاندا نەهێنیت یان نەکەوییە بن باندۆرییەوە؟ زمان ناسان دکارن لە رووی پێوەندیی نێوان دەسەڵات دەگەڵ ناسنامە و زمانەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە.
تاقی کیسرا - ناوەندی حوکمڕانیی ئیمپراتۆریی ساسانی
٢- پایتەختی ساسانییەکان لە مەدائێن، لە دەردووری بەغدای ئێستاکە بوو، لێ پاشاکانی ساسانی زۆربەی هاوینان بەرەو کرماشان یا شیز (تیکاب) لە ئازەربایجان کۆچیان دەکرد، کە ناوەندێکی مەزنی ئۆلی بوو. ئەم پاشایانە بۆ گەیشتن بەم دوو دەڤەرە، بە سەر شار و گوندەکانی کوردستاندا دەرباز دەبوون و زۆر تێکەڵی خەڵکەکەیان بوون. هەروسا پڕاییی کۆشک و ئاڤاهی و هەوارگەکانیان لە سەرەڕێیی خانقین بۆ ئەسەدئاوا هەڵکەوتبوون کە زۆربەی زۆری خەڵکەکەیان کورد بوون. هەر بەڕاست گەرکو پاشاکانی ساسانی کوردیان بە نامۆ و بیانی زانیبا، داخوا هەروا ب ساناهی دەیانتوانی نزیکەی پێنسەد ساڵان درێژە بە دەسەڵاتدارەتیی خۆ بدەن؟
٣- تاوتوێکردنی سەرپێیی ئامارەکان دەری دەخا کە بەشێکی هەرە زۆری، باژار، پر،رێوبان و شۆنەوارەیل ژیاری و شارستانیی ساسانییەکان لە سنووری کوردەواری و بە زمانی ئێستاکە بەدرێژاییی زنجیرە چیای زاگرۆس، واتە لە ستانەکانی کرماشان، کوردستان، ئیلام، لوڕستان، سلێمانی و بەشەک لە ستانی دیالەدا هەڵکەوتوون، گەلۆ مەبەستی ساسانییەکان لەمە چ بووە؟
نەخشەبەردی نەخشی ڕۆستەم - دیمەنی ئەردەشیری یەکەم - دامەزرێنەری ئیمپراتۆریی ساسانی
٤- لە ماوەی ٤٢٧ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی ساسانییەکاندا، لە سەرچاوەکانی ئەو سەردەمەدا، ئاماژە بە چ سەرهەڵدان و راپەڕینێکی ناوچەیی بەرفرە لە کوردەواریی نهادا، دژی ساسانییەکان نەکراوە، داخوا دەبێ لەخۆڕا بێ کە بەڵگەیەکی سەلمێنەری سەرهەڵدانی کوردان دژی ساسانییان لەو دەمەدا دەست نەکەوتبێ یا نەمان بینیبێ؟ لەکاتێکدا کە کوردەواری لە سەر سنووری دەوڵەتی ساسانی و ئیمپراتۆریی رۆمدا هەڵکەوتبوو و شتێکی ئاسایی بوو کە شەڕ و تێکهەڵچوونی ئەم دوو دەوڵەتە زۆرترین زیانی لێ دەدان و بەگوێرەی دەسپیچەک و بەڵگەکان، کورد بەشی سەرەکیی سوپای ساسانی لە جەنگ دەگەل رۆمەکان و عەرەبەکانی ناوچە سنوورییەکاندا پێک دێنا.
٥- لە دەمی هەرفینی دەوڵەتی ساسانیدا، زۆرترین بەرەنگاری لە هەمبەر عەرەباندا لە کێندەرا کرا؟ ئەم پرسیارە تەنێ لە بەرەکی دیرۆکییەوە دەکەم و چ پێوەندییەکی بە لایەنی باوەڕی و ئۆلییەوە نییە، وەڵامەکەشی خویایە، موسڵمانانی عەرەب سووک و ئاسان بە عێراقدا دەرباز بوون و پشتی ساڵەکی لە ساڵی ١٥ کۆچیدا خۆیان گەیاندە حەڵوان ( بە عەرەبیکراوی ئەڵوەند، لە دەشتی زەهاوی ئێستاکە). پاشان عارەوە موسڵمانەکان شەش ساڵی رەبەق [ شەڕی نەهاوەند یا فەتح ئەلفتووح لە ساڵی ٢١ کۆچید قەوما] لە بناری چیاکاندا عاسێ مان و نەکەوتنە ناو سنووری سەرەکیی دەسەڵاتدارەتیی ساسانییان لە کرماشان، ئیلام، لوڕستان، کوردستان و ئازەربایجانەوە. کەچی هەر پاش دەربازبوون لەم دەڤەرەدا، گەلێک بە ساناهیی و لە ماوەی ساڵێکدا خۆیان گەیاندە خوراسان. پرسیارەکەمان ئەوەیە کە داخوا ئەم بەرەنگارییە لەم دەڤەرەدا هەر تەنێ لەبەر هەڵکەوتی جوگرافیایی بوو یان فاکتۆری تریش نەخشیان هەبوو تێیدا؟
کۆشکی ئەردەشیری بابەکان - شوێنەوارێکی سەردەمی ئیمپراتۆریی ساسانی
٦- چما لە چاڤکانی و ڤەگێڕە عەرەبییەکاندا کورد گەلێک پتر لە خەڵکانی تری سنورری دەسەڵاتدارەتیی ساسانی کەوتوونە بەر پەلامار و قسەی ناحەز و ناوونیتکەیان لێ نراوە؟ بۆ سەرچاوە عەرەبییەکان ئەو هەمگە رقوقینەیان لە هەمبەر کورددا هەڵڕشتووە و سووکایەتییان بە رەگوریشەکەی کردووە؟ ماوەیەکی زۆرە مێشکم بەم پرسیارەوە خەریکە کە ئەم گشتە ناوونیتکە و رقوقینە لە هەمبەر کورداندا دەبێ کوو لێک بدرێتەوە، لێ هێشتان وەڵامی گونجاوم چنگ نەکەوتووە. تۆ بێژی ئەم پرسە پێوەندیی بە خزمایەتیی کورد و ساسانییەکانەوە نەبێت؟ بە هیوام تۆژەران پتر لەم پرسیارانە ڕامێنن.