کورتەیەک لەسەر زمانناسی کورد، "دەهام عەبدولفەتاح"

ئێلان محەممەد

 

لەم بابەتەدا بە کورتی نووسەرێکی دیکەی کورد دەناسێنین کە ئەویش یەکێکە لە پێشەنگەکانی خەباتی ڕۆشنبیری، زمان و ئەدەبی کوردی.

"دەهام عەبدولفەتاح" ساڵی ١٩٤٢ لە گوندی "بەلێ"ی سەر بە شاری "عاموودا" لەدایک بووە. سەردەمی منداڵیی وەک منداڵیی هەموو کوردێکی گوندنشین لە هەژاری و دەستکورتیدا بەسەر بردووە. لە تەمەنی ٥ ساڵیدا بۆ فێربوونی قورئان چووەتە لای مامۆستایانی ئایینیی گوندەکەیان. نزیکەی ساڵێک لای مامۆستایانی ئایینی دەمێنێتەوە و خوێندنی قورئان تەواو دەکات. قوتابخانە لە دەوروبەری نەبوو. هەتا ساڵی ١٩٥١ قوتابخانەیەک لە نزیک گوندەکەیان هەبوو بە ناوی "هەسێ ئۆسێ". بەهۆی توانا و هەروەها تەواوکردنی قورئان، پۆلی یەکەم ناخوێنێت، بەڵکوو یەکسەر دەچێتە پۆلی دووەم. لەو کاتەدا زمانی لە بێژەکردنی وشە و پیتە عەرەبییەکاندا باش دەسووڕێت.

دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی، خوێندنی ناوەندیش لە قوتابخانەکانی شاری "حەسەکە" تەواو دەکات، پاشان خوێندنی لە ئەدەبی عەرەبی و مامۆستایەتی لە زانکۆکانی دیمەشق و حەلەب تەواو دەکات.

لە منداڵی و سەرەتای لاوێتیدا، هەست و سۆز و هزری کوردایەتی وای لێ کردبوو کە زمانی کوردی بخوێنێت، هەروەها مەلاکانی گوندی "بەلێ"ش کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەهام عەبدولفەتاح هەبووە.

بە تایبەت مەلا "ئەحمەد پالۆ"، کاتێک دەستنووسە فەرهەنگی و ڕێزمانییەکانی خستە بەردەم دەهام عەبدولفەتاح و لەگەڵ مامۆستایانی ئایینیی هاوڕێی گفتوگۆی کرد، ئارەزووی ناسینی زمانی دایکی لەلای دەهام زۆرتر بوو.

دەهام عەبدولفەتاح لە سەرەتای نووسینیدا، بابەت و شیعری بە زمانی عەرەبی دەنووسی، بەڵام دواتر زمانی عەرەبیی خستە لاوە و هەموو چالاکی و دەستنووسەکانی بە زمانی عەرەبی سووتاند و تەنیا بە زمانی کوردی نووسی.

دوای ٨ ساڵ لە خوێندنی ڕێزمان و فەرهەنگی کوردی، دەهام عەبدولفەتاح لە ساڵی ١٩٨٩دا بە فەرمی دەستی بۆ قەڵەم برد، بۆ ئەوەی هەست و بیرکردنەوەکانی بە کوردییەکی ڕەسەن بنووسێتەوە.

بەهۆی بەرهەمداری و ماندووبوونی چەندین ساڵەی بۆ خزمەتکردنی زمانی کوردی، وەها دەڵێت: "زمان تەنیا دەربڕین و پەیوەندی و تێگەیشتن نییە، زمان وەک گەنجینەیەکی شاراوە وایە".

لە سایەی خەباتێکی دوورودرێژدا کە هەتا ئێستاش بەردەوامە، دەهام عەبدولفەتاح دەیان بەرهەمی بەنرخی لەسەر زمان، ئەدەب و فەرهەنگی کوردی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە کە زۆربەیان ئێستاش لەبەر دەستی ئێمەدان. هەروەها زۆر جار لە کۆڕەکانی "بەڕێوەبەریی ڕێنووس، دۆخی زمان و پرسەکانی ڕێزمان"، بەشداریی کردووە.

لە ئەمڕۆدا چاوی ​​زمانزانی هێژا، دەهام عەبدولفەتاح، هەرچەند زۆر کز بووە، بەڵام بە هاوکاریی گەنجان، لە کارەکانی بەردەوامە و دەستی لێ هەڵناگرێت. خۆیشی دەڵێت: "دڵم بەهێزە. ورەم بەرزە. لانیکەم دەتوانم هەر ساڵ کتێبێک بنووسم".

بەرهەمەکانی دەهام عەبدولفەتاح:

 

- پەیڤینەک ب  کوردەکی رە، (وەرگێڕان) بە عەرەبی، شام (١٩٨٩)

- ل بەر دەرگەهێن لالەش، (هەڵبەست) ب کوردی و عەرەبی، شام (١٩٩٠)

- نێرینەکە رەخنەیی ل هەلبەستێن کوردی، (ڕەخنە)، شام (١٩٩٢)

- هندەک ئالۆزیێن زمانێ کوردی، (لێکۆڵینەوە)، شام (١٩٩٣)

- د موزیکا هەلبەستێن کوردی دە (تێبینی و وڵامدانەوە)، بە عەرەبی، شام (١٩٩٥)

- رێنڤیسا زمانێ کوردی، کۆمبەندا کاوا، لوبنان (١٩٩٨)

- داستانا گلگامەش، دهۆک، سپیرێز، چاپی یەکەم (٢٠٠٥)، بە ئەلفبێی عەرەبی؛ چاپی دووەم ئەنستیتۆی کوردیی ئامەد (٢٠٠٦)

- ناڤ د زمانێ کوردی دە، دهۆک، سپیرێز، چاپی یەکەم (٢٠٠٦)؛ چاپی دووەم، ئەنستیتۆی کوردیی ئامەد (٢٠٠٦)

- جیناڤ د زمانێ کوردی دە، دهۆک، سپیرێز، چاپی یەکەم (٢٠٠٦)؛ چاپی دووەم، ئەنستیتۆی کوردیی ئامەد (٢٠٠٦)

- کار (لێکەر) د زمانێ  کوردی دە، ئەنستیتۆی کوردیی ئامەد، چاپی یەکەم (٢٠١١)؛ دهۆک، سپیرێز، چاپی دووەم (٢٠١٢)، بە ئەلفبێی عەرەبی.

- یارسان (ئەهلی حەق)، ئامەد، لیس (٢٠١٧)

- مستەک ژ هێڤی و ئاریشەیێن زمانێ کوردی (کورمانجی)، لیس (٢٠١٨)

سەرچاوە:

- لە بەرنامەی "کیمە ئەز" لەسەر ژیانی دەهام عەبدولفەتاح

- لە لاپەڕەی "وەلاتێ مە"

KURDŞOP
132 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!