تەکنیکەکانی تەمێکردنی منداڵان

هەوار نوور

 

ئەو شوێنەی بۆ تەمێکردنی منداڵان هەڵیدەبژێرن، نابێ  بەسام بێ و منداڵ ترسی ڕێبنیشێ. لەو شوێنانەی تاریک و سەرداپۆشراون، حەمام، توالێت و ... کەڵک وەرمەگرن. هەروەها دەرکەی ئەو ژوورەی بۆ ئەو کارە تەرخان کراوە نابێ گاڵە بدرێ. لەو حاڵەتەدا کە منداڵ ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەو شوێنانە هەیە، باشترە بۆ تەمێکردنی منداڵ لە شێوازی تر کەڵک وەرگرن.

پێویستە کاتی بێبەشکردنی منداڵ، بەپێی تەمەنی دابنرێ. بەگشتی کاتی تەمێکردنی منداڵ دەبێ سێ تا دوازدە خولەک بێ، یانی خولەکێک بۆ هەر ساڵەی تەمەنی منداڵ (منداڵی تەمەن سێ ساڵان، سێ خولەک و منداڵی تەمەن حەوت ساڵان حەوت خولەک).

تەمەنی دەسپێکی شێوازی بێبەشکردنی "کاتی"، کاتێکە کە منداڵ لە مانای بێدەنگبوون و چاوەڕوانی دەگا. تەمەنی سێ ساڵ بەدواوە  بۆ ئەو کارە گونجاو و باشە. کاتی دیاریکراو لەو ساتەوە حیسابە کە منداڵ بێدەنگ دەبێ و زیلوبەم و هەراهەرا و گریان و زیقەزیق و بەگژداهاتنەوە کۆتایی پێدەهێنێ، نەک لەو کاتەوە کە دەینێرنە ئەو شوێنەی کە بەمەبەستی بێبەشکردنی کاتی بۆتان دیاری کردووە.

بۆ وێنە، مومکینە ئەو ساتەی منداڵ دەنێرنە شوێنی دیاریکراو، هەوەڵێ بقیژێنێ یا بگری، جنێوان بدا یا بپاڕێتەوە، ئێوە ئەو کردەوەیەی بەهێند مەگرن و لەو دەمەیدا کە بێدەنگ دەبێ ساتەکەی بە خولەک حیساب کەن. هیچ پێویست نییە پاش هاتنەدەری منداڵەکەتان لە ژووری تەمێکردن، لەسەر بابەتەکە قسە بکەن و ڕوونکردنەوەتان هەبێ.

دوای تەمێکردنی منداڵ، حوکمی لێ بکەن ئەو کارەی بەهۆی نەکردنی، تووشی تەمێکردن بووە، تەواو بکات. بۆ وێنە، ئەگەر قەرار بوو خۆی بشوا و مانی لێ گرتبوو کە خۆی لێ بپارێزێ " لەسەر ئەوەش تەمێ کرا"، پێویستە بچێتە حەمام.

لە بابەت منداڵی چکۆڵەتر کە ناکرێ دە ژوورێک کرێ، دەتوانن لەسەر کورسییەک داینیشێنن، لە کاتێکدا کە نە چاوی لێ دەکەن و نە دەیدوێنن. باشترە منداڵەکە لە سەر کورسی دانێنن و پشت بە پشتیەوە دەن.

بڕواننە ئەو دوو جۆرە شێوازەی خوارێ هەتا باشتر لە بابەتە حاڵی بن:

شێوازی یەکەم:

1-  دایک: "هەورین" هەستە ئەو تەلەڤزیۆنە بکوژێنەوە و وەرە خەریکی دەرسودەورەکەت بە.

2- هەورین گوێی ناداتێ و هەروا خەریکە چاو لە تەلەڤزیۆن دەکا.

3- دایکی پێنج چرکەی دەرفەت پێدەدا و سەر لە نوێ وتەکەی دووپات دەکاتەوە: هەورین تەلەڤزێۆنەکە بکوژێنەوە و خەریکی دەرسەکانت بە.

4- ئەگەر هەورین دیسان بێمبالاتی کرد و درێژەی پێ دا، دەبێ دایکی تەلەڤزیۆنەکەی بکوژێنێتەوە و دەستی بگرێ و  بینێرێتە ژووری تەمێ. گریان و پاڕانەوەش نابێ دایکی لەو کارە پاشگەز کاتەوە.

5-  دوای تەمێکردن، هەورین دەبێ خەریکی دەرسەکانی بێ.

شێوازی دووهەم:

بارین تەمەنی دوازدەساڵە و خەریکی دەرس و دەوری خۆیەتی و "سانا"ی خوشکی تەمەنی پێنج ساڵە و دەچێتە زگ دەفتەر و قەڵەمەکەی و شپڕێویان دەکا.

دایکی،  سانا ئاگادار دەکاتەوە کە خوشکت خەریکی دەرسەکانیەتی و ئەتۆ نابێ دەست لە شتەکانی بدەی.

 دایکی دەستوورێکی سادە بە منداڵەکەی دەدا: دەست لە شتەکانی خوشکت مەدە و بڕۆ خەریکی یاریی خۆت بە.

 ئەگەر سانا بەقسەی دایکی کرد و دەستی لە کردەوەی ناحەزی خۆی هەڵگرت، دایکی دەسخۆشانەی لێ دەکا: بارەقەڵڵا کچی خۆم، بەقسەی دایکی خۆت کرد و کایەت بە شتەکانی خۆت کرد، جا ئەوە دەچم شۆکۆڵاتت بۆ دێنم.

 ئەگەر سانا لەڕاست قسەی دایکی بێمبالات بێ، پاشی پێنج چرکە دیسان دایکی دەستووری خۆی دووپات دەکاتەوە: سانا ئەتۆ خەریکە  خوشکت بێزار دەکەی، تخوون کەلوپەلی مەبە و بڕۆ کایە بە بووکەڵەکانت بکە.

ئەگەر سانا بە قسەی دایکی کرد، دەستخۆشانەی لێ دەکرێ.

ئەگەر سانا دیسان بێقسەییی دایکی کرد، دایکی بە بێدەنگی، بێ تووڕەیی و سەرکۆنەکردن و هەڕەشە، دەستی منداڵەکەی دەگرێ و بۆ ژووری تەمێ ڕێنوێنیی دەکا:  جا ئێستاکە لێرە دەبێ پێنج خولەک لەسەر ئەو کورسییە بێدەنگ وهێدی دانیشی و وستەت نەیە.

ئەگەر هات و سانا دەستی بە گلەیی و نەقەنەق کرد، دایکی خەریکی کاری خۆی دەبێ و هیچ نایدوێنێ و هەر چاویشی لێ ناکا.

تەنانەت ئەگەر نیو کاتژمێریش سانا هەر گلەیی و سکاڵای درێژە پێدا، دایک جوابی ناداتەوە هەتا دوایی سانا بێدەنگ دەبێ و دایکی کاتی تەمێکردنەکەی لەو دەمەوە کە بێدەنگ بووە حیسێب دەکا.

پاشی پێنج خولەک دایکی سۆراغی دەگرێ: ئاخرێکەی تەواو بوو، وەرە دەرێ و بڕۆ بە کەلوپەلی خۆت یاری بکە.

ئیدی دوای تەمێکردن پێویست بەقسەوباس و دانوستان و شیکردنەوەی زیادی و زۆر  نیە. لە بیرمان نەچێ کە مومکینە بۆ هێندێک لە منداڵان، ئەو شێوازە تەمێکردنە کاریگەر نەبێ و ئەودەم بێدەرەتانن لەوە کە ڕێکاری تر بگرنە بەر.

سەرچاوە:

"چۆن منداڵەکەم بحاملێنم، عەرەبگوڵ"

KURDŞOP
537 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!