"خەلاتی نێ" خەڵاتێکی نیشتمانی

خەڵاتێکی ساڵانە لە لایەن ڕای گشتیی خەڵکێ گەورە دێی "نێ"ی مەریوانەوە دیاری کراوە کە بڕیارە لەمساڵەوە بدریت بە کەسانی هەڵکەوتووی بوارە جیاجیاکان لە دەڤەری مەریواندا.

 

"کۆردشۆپ"

 

ڕۆژێک دوای نەورۆزی مەشخەڵانی گوندی "نێ" ڕێوڕەسمێکی جەماوەری بە بەشداریی هەزاران کەس لە خەڵکی "نێ"ی پێشەنگ و شاری مەریوان و دەوروبەری لە مزگەوتی "جابانی کوردی"ی ئەو گوندە بەڕێوە چوو. ڕێوڕەسمەکە بۆ بەخشینی "خەڵاتی نێ" بە یەکێک لە نووسەران و چالاکانی بواری ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیریی کوردی لە مەریوان بوو. ئەو خەڵاتە کە ئەکرێ وەک خەڵاتێکی نیشتمانی سەیری بکرێت، لە لایەن لێژنەیەکی هەڵبژاردەی چەن لایەنە ئامادە کراوە کە بریتین لە لایەنی جەماوەری، لایەنی ئایینی و لایەنی ڕۆشنبیریی گوندی نێ و بڕیارە هەموو ساڵێک بدرێت بە کەسێکی سەرکەوتووی دیار کە کاریگەریی بەرچاوی لە سەر ناوچەی مەریوان بووبێت و جێپەنجەی لە ناوچەکە دیار بێت.

 لێژنەکە بە کۆی دەنگ بڕیاریان دا ئەمساڵ خەڵاتەکە بە نووسەر و چالاکی ڕۆشنبیری و مەدەنیی مەریوان، "ئەنوەر ڕەوشەن" ببەخشرێت. ڕێوڕەسمەکە لە ڕۆژی هەینی ٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ی کوردی و لە "مزگەوتی جابانی کوردیی نێ" بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوە چوو و خەڵاتەکە بە "ئەنوەر ڕەوشەن" بەخشرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرەتا "مامۆستا عەلی بەهرامی" ئیمام و خەتیبی جومعە و جەماعەتی مزگەوتی گەورەی جابانی کوردی لە وتەیەکدا وتی:

     لە ئەمساڵەوە بەرنامەیەک لەم مزگەوتەدا بەڕێوە ئەچێت ئەویش بەخشینی خەڵاتێکە کە لای ئێمە زۆر بەنرخە و شان لە شانی جائیزەی نۆبل ئەدات، ئەویش "خەڵاتی نێ"یە. بڕیارە لەم ساڵەوە "خەڵاتی نێ" هەر ساڵە و بە کەسێکی سەرکەوتووی شار و دەڤەری مەریوان ببەخشرێت کە توانیبێتی خزمەتێک بەرچاوی لە هەر بوارێکا بەم گەل و میللەتە، بەم شارە و بەم نیشتمانە کردبێت. لە لایەن لێژنەی خەڵاتەوە کۆمەڵێک مەرج و فاکتەر بۆ هەڵبژاردنی کەسەکان دیاری کراوە و لەم ساڵ بە دواوە هەموو ساڵێک "خەڵاتی نێ" ئەدرێتە خزمەتی کەسێکی سەرکەوتوو کە ئەو فاکتەر و مەرجانەی بووبێت لە هەر بوارێکدا. ئەو کەسە ئەتوانێت پیاوێکی ئایینی، خوێندکار یان مامۆستایەکی سەرکەوتوو بێت؛ یاخود پزیشکێک یان مۆهەندسێکی سەرکەوتوو بێت کە خزمەتی خەڵک بەتایبەت هەژاران و فەقیرانی کردبێت و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کۆمەڵگا بووبێت. ئەمساڵ بە شانازییەوە کەسێک هەڵبژێردراوە کە یەکێکە لە نووسەرە چالاکەکانی شارەکەمان کە هەمیشە پێوەندییەکی مێژوویی لە نێوان ئایین و نیشتماندا پاراستووە و هەمیشە هەوڵی داوە پێوەندیی لایەنی ڕۆشنبیری و ئایینی و نیشتمانیی نەتەوەکەمان بپارێزێت و لێکیان نزیک بخاتەوە؛ کە بە داخەوە ئەمڕۆ هەندێک بیرۆکە هەیە هەوڵی ئەوە ئەدا ئەم پردی پێوەندییە بپچڕێت. بەڵام ئەم نووسەرە هەوڵی داوە ئەو پێوەندییە بیپارێزێت. نووسەرێک کە خاوەنی ئەخلاق و ڕەوشتە و بە کارەکانی خزمەتی بە مێژوو و ئەدەبیات و ڕۆشنبیریی نەتەوە و شارەکەمان کردووە. سەرنووسەر و ئەندامی دەستەی نووسەرانی چەند گۆڤار بووە، چەن فیلمی دوکیۆمێنتاریی سەبارەت بە شوێنەوارە مێژووییەکانی مەریوان دروست کردووە. نووسەرێک کە پێش لەوەی ئێمە هەڵی بژێرین، کۆمەڵگاکەمان هەڵی بژاردووە؛ ئەویش کاک "ئەنوەر ڕەوشەن"ە. کە مامۆستای قوتابخانە بووە و خزمەتی بەرچاوی بە ڕۆڵەکانی نیشتمان کردووە و ئێستا خانەنشین کراوە. بەرپرس و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی شاری مەریوان بووە. تازەترین بەرهەمی ئەم نووسەرە کتێبێکە بەناوی "ئاوڕێک لە ڕابردووی مەریوان" کە من پێم وایە لە نەوعی خۆیدا کارێکی زۆر گەورەیە، چونکە وەکوو مامۆستا عەلائەدینی سەجادی لە پێشەکیی کتێبی خۆی بە ناوی مێژووی ئەدەبی کوردی ئەفەرمێت: ئەگەر بمهەوێ مێژووی عەرەب کۆ بکەمەوە زۆر ئاسانە چونکە سەرچاوە زۆرە. بەڵام بە ڕاستی کۆکردنەوەی مێژووی کورد کارێکی گەلێ ئەستەمە، چونکە سەرچاوە کەمە و ئەرک و زەحمەت و ماندووبوونی زۆری گەرەکە. ئەم نووسەرەش ئەرکێکی زۆری کێشاوە و زۆری پێوە ماندوو بووە. کاری زۆر گەورەی تری کردووە و مەقالە و وتاری بووە لە هەموو بوارەکاندا و هەتا توانیبێتی مێژووی ئەم شارەی ڕۆشن کردووەتەوە و پاراستوویەتی. ئێمە لەو کەڵەنووسەرانە زۆرمان هەیە و کاک "ئەنوەر ڕەوشەن" مشتێک لە نموونەی خەروارە؛ ئەگینە هەر ئێسا ئەو هاوڕێیانەی کە لەگەڵیدا هاتوون، زۆریان تیایە شان بە شانی کاکە ئەنوەر. تەنانەت ئێمە خۆمان لێرە کاکە "فەریدی پەروازە"مان هەیە کە یەکێکە لەو نووسەرانەی مەقالاتی باشی هەیە و لە زۆرێک لە بوارەکاندا تەحقیق و لێکۆڵینەوەی زۆر باشی کردووە. بەڵام خەڵاتەکە هەر ساڵێک بۆ کەسێک ئەبێت و ئەم ساڵ کاک "ئەنوەر"مان هەڵبژاردووە و خەڵاتەکەی پێشکەش ئەکرێت.

      لێرەدا من دەقی ڕێزنامەیەک کە بڕیارە بدرێتە خزمەتی کاک "ئەنوەر ڕەوشەن" ئەخوێنمەوە:

 (ن والقلم وما يسطرون) سوێند بە پێنووس و بەو دێڕانەی دەیاننووسن، پێنووس ڕێبەری لەشکری وشەکانە و نووسەر ئاڵا هەڵگری شۆڕشی لاپەڕەکانی مێژووە. کاتێک چەندین تایبەتمەندیی جوان و لەبار لە مرۆڤێکدا بەدی دەکرێت ئەوە دەگەیەنێ کە ئەو مرۆڤە چەندین کەسایەتییە لە پەیکەری تاکە کەسێکدا. "کاک ئەنوەر ڕەوشەن" وەک مامۆستایەکی درەوشاوە، کارێزمایەکی ئەدەبی و نووسەرێکی بە ڕەوشت، زۆر بە ڕوونی جێگە پەنجەی لە ڕەوتی ڕۆشنبیریی شارەکەماندا دیارە و بەرجەستەیە. هەر بۆیە "نێ"ی پێشەنگ و قارەمان، میراجییەک لە ڕێز و زرێبارێک لە پێزانین پێشکەش بە نووسەری دڵسۆزی دەڤەرەکەمان "کاک ئەنوەر ڕەوشەن" دەکات و وەک هەڵبژێردراوی ساڵ ڕێزنامەی "خەڵاتی نێ"ی پێشکەش دەکات بەو هیوایەی نموونەیان لە کۆمەڵگای ئێمەدا فرە و فراوانتر بێت.

 بە سوپاسەوە - مزگەوتی جابانی کوردی - نێ.

پاش ئەم وتانەی "مامۆستا عەلی بەهرامی"، لە ڕێوڕەسمێکدا خەڵاتەکە بە "ئەنوەر ڕەوشەن" پێشکەش کرا و ئەویش لە بەشی کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەدا سپاسنامەیەکی پێشکەش کرد کە ئەوەی خوارەوە کورتکراوەکەیەتی:

 سپاس و ستایشی بێ پایان بۆ پەروەردگار کە ئەو دەرفەتەی پێ دام و ئەم شانازییەی پێ بەخشیم کە لە کات و شوێنێکی پیرۆز و لە گوندێکی سەربەرزدا و لە لایەن باشترین و پاکترین ڕۆڵەکانی نیشتمانەوە ڕێزم لێ بگیرێت. ئەمە بەخششی پەروەردگارە و پیشاندەری ئەمەگناسی و پێشکەوتووییی ئەو کەسانەیە کە بەر لە نەمانی ڕۆڵە خزمەتکارەکانی نەتەوەکەیان ڕێزیان لێ دەگرن و بە شەونخوونی و ماندووبوونەکانیان دەزانن. من وەک ڕۆڵەیەکی نەتەوەی کورد بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانیوە نزیکەی ٤٠ ساڵ بە پێی توانا، ئەویندارانە خزمەت بە زمان و مێژوو و کولتوور و ئەدەبیاتی نەتەوەکەم بکەم و هەست بە ماندوویەتی نەکەم. بێگومان وەک تاکێکی کورد تەنیا ئەرکی خۆم بەجێ هێناوە و هیچ چاوەڕوانییەکم لە کەس نەبووە و نیشمە. بەڵام ئەمڕۆ کە لە لایەن خەڵکی چاونەترس و قارەمانپەروەر و نیشتماندۆستی "نێ"ی سەربەرزەوە شەرەفی ئەوەم پێ بەخشراوە ڕێزم لێ بگیرێت جێگای شانازییە و ئەمە بۆ من خۆشترین کاتی ژیانمە و زیاتر هەڵم دەنێ تا هێزم تێدایە درێژە بدەم بە خزمەت کردنی نەتەوە وەفادارەکەم. بۆیە بە پێویستی ئەزانم زۆر سپاسی هەموو لایەکتان بکەم.

شایانی وتنە گوندی "نێ" نزیکەی ٣ هەزار نەفەر جەماوەری هەیە و لە تەنیشت زرێبار و لە چەند کیلۆمەتریی باشووری شاری مەریواندا هەڵکەوتووە.

 

KURDŞOP
579 بینین

دەنگبێژی بەناوبانگ، "قادر سۆفیانی" کۆچی دواییی کرد

پێشانگەی هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر

پێشانگەیەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی ماشەڵڵا محەممەدی (ئارێز)، هونەرمەندی شێوەکاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەولێر کرایەوە.

سەرکەوتنی ئامەدسپۆر پیرۆز بێت

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستانیش ئەگەرچی لە لایەن شۆڤێنییە دەسەڵاتدارەکانەوە زۆر دژایەتیی کراوە و دژایەتی دەکرێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا توانیویەتی بەردەوام ڕێگای سەرکەوتن بەرەو لووتکە بپێوێ و ئێستا بووەتە نوێنەری دەنگی کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە گۆڕەپانی وەرزشدا.

پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کوردان بەسەر فاشیسمدا لە باکووری کوردستان

لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان دوو سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد. یەکەمیان سەرکەوتنی حزبی کوردستانیی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ٨٥ شارەوانی و بە تایبەتیش شارەوانییەکانی ۱۱ گەورەشاری باکووری کوردستان بوو.

جێژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پیرۆز بێت

جێژنی نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد جێژنی جەختکردنەوە لەسەر مافە ڕەوانەکانی و وەربیرهێنانەوەی مێژوویەکی درێژ لە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و ڕزگارییە و ئاگری گەشی نەورۆز کە لە لایەن نەتەوەی کوردەوە دادەگیرسێ، هێمای هیوا بە دواڕۆژی ڕووناک بۆ نەتەوە و نێشتمانەکەمانە.

سێهەم ساڵیادی دامەزراندنی کوردشۆپ پیرۆز بێت

کوردشۆپ لە ماوەی سێ ساڵ چالاکیی خۆیادا هەوڵی داوە دەنگ و ڕەنگی هەموو کوردان لە سەرانسەری کوردستان بێ و بە بێ جیاوازی ئاوڕ لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان بداتەوە و خەڵکی کوردستان بە مێژوو، جوگرافیا، هونەر، زمان، ئەدەبیات، کەلتوور و کەلەپووری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان زیاتر ئاشنا بکات.

کۆڕیک بۆ سینەمای کوردی لە مەریوان

ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان بە هاوکاریی سینەما کوردستان، کۆڕێکی بۆ سینەمای کوردی و نمایشی سێ فیلمە تازەکەی سێ دەرهێنەری مەریوانی بەڕێوە برد.

پێكەوە بەرەو نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری

داوا لە کوردستانییان دەكەین بە هەڵگرتنی مەشخەڵ لە ئێوارەی نەورۆز، یەکگرتووییی خۆیان نمایش بکەن و نەورۆزی ئەمساڵ بە "نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری" ناودێر بكەن و لە چوارچێوەیەکی هێماییدا بوون و ئیرادەی خۆیان پێشان بدەن.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!