ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

 

- ماردین ڕەحیم‌نژاد

 

مۆمکین نییە باسی ناسیۆنالیزمی کوردی تەنیا بۆ یەک پارچەی کوردستان بکەین. ناسیۆنالیزمی کوردی هی هەر چوار پارچەی کوردستانە و باسی وڵاتێک دەکات کە لە چوار لاوە داگیر کراوە. بەڵام بە ڕای من ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ پارچەکانی تر جیاوازترە. کوردی ڕۆژهەڵات بۆ هەموو پارچەکانی تر قوربانیی داوە، لەگەڵ خۆشی و ناخۆشیی پارچەکانی تر بووە. کوردی ڕۆژهەڵات هەندێکجار ئەو زیرەکییەشی هەیە کە هەلەکان دەقۆزێتەوە و پاشەکشە بە فاشیزمی ئێرانی دەکات.

بەڵام بەگشتی سەرەتا دەبێ بپرسین ئایا تاکوو ئێستا ناسیۆنالیزمی کوردی لە ئامانجەکانیدا سەرکەوتوو بووە؟ ئەگەر سەرکەوتوو نەبووە، هۆکاری سەرنەکەوتنەکانی چین؟ هۆکارەکانی دەرەکین یان نێوخۆیی و هەڵەکانی خۆمانن؟

هیچ پرسێکی سیاسی بەبێ کاریگەریی دۆخی نێوخۆیی و دەرەکی، شرۆڤە ناکرێت. ئەوە گومانی تێدا نییە کە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و دۆخی نێودەوڵەتی لەسەر گەلی کورد کاریگەریی هەیە. بەڵام ئەوەی کە زۆرتر لە هەمووی زیانی لە کورد داوە، خۆیەتی. هێشتا لەسەر ئامانجەکانی ساخ نەبووەتەوە. هێشتا هەندێک سنووری بچووک بچووک هەن کە بوونەتە هۆکاری دروستنەبوونی وێژمانێکی بەهێزی نەتەوەیی، کاڵ نەبوونەتەوە. هێشتا دەمانهەوێت بە کەرەستەی سەدەی نۆزدەهەم لە سەدەی بیستویەکەمدا براوەی شەڕ بین. ئێمە دەبێ لە ستراتیژیی نەتەوەییدا خۆمان یەکلایی بکەینەوە. کە یەکلا بووینەوە، کەرەستەی پێویستیشی بۆ دابین بکەین.

شۆڕشە سەرکەوتووەکان چەند شتیان هەبووە کە دەبێ ئێمەیش هەمانبێت:

- ستراتیژییەکی دیاریکراو کە ئامانجی گشتیی شۆڕشەکەیە.

- کۆمەڵێک تاکتیک کە ئەم تاکتیکانە لە کاتی گونجاودا بۆ پاراستنی ستراتیژییەکە هەم دەکرێنە قوربانی هەم بە ئاسانی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت.

- ڕێبەرییەکی زیرەک، زانا، نەترس و خاوەن پرۆژە.

- هێزی مرۆیی ڕاهێنراو لە تەواوی ڕەهەندەکاندا. شۆڕش لە تێئۆرسییەنێکی زانا و لە فەرماندەیەکی سەربازیی چاونەترس و شرۆڤەکارەوە بگرە هەتا لەشفرۆشێک کە کاری سیخۆڕیت بۆ دەکات پێویستی پێیەتی، بە مەرجێک مەبەست لەو ڕۆڵەی کە دەیگێڕێت و مەبەست لەو هەنگاوە کە دەینێت، سەرخستنی شۆڕشەکە بێت.

- چەکی نوێ بۆ هێزی پێشمەرگە؛ هیچ هێزێک لەسەر گۆی زەویدا نییە کە بەبێ هێزی سەربازی بتوانێت دیپلۆماسیی سەرکەوتوویشی هەبێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەبەرچاو بگرن، تەنیا گەورەهێزی چوارڕەهەندی دنیایە، ئەگەر هێزی سەربازییەکەی لێ بگریت، دەتوانێت کام یەک لە پلانەکانی جێبەجێ بکات؟ جا ئێستا ئەگەر لایەنی بەرانبەرت وڵاتێک بێت کە ئاخێنرابێت لە فاشیزم و توندئاژۆییی مەزهەبی و بە لۆژیکی گولـلە و شمشێر لەگەڵت قسە بکات و ڕێبەرەکەت لەسەر مێزی وتووێژ تیرۆر بکات! ئایا هیچ هیوایەک هەیە کە بە وشە بیهێنیتە سەر قەناعەت کە ڕێز بۆ مافەکانت دابنێت؟ لە بابەتی چەکیشدا دەبێ ئێمەیش ئەوە بزانین کە بە "کڵەشینکۆف" ناتوانیت شەڕی فڕۆکە بکەیت، دەبێ گەنجە بە تواناکان هان بدرێت بۆ فێربوونی ئەو زانستە و بەتایبەت دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و.. .

- هێزی ئابووری، سەرچاوەی هەموو هێزەکانی ترە. بەبێ هێزی ئابووری هیچکام لە هێزەکانی ترت بەهێز نابن. ئەگەر ئەم ساڵانە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە هەر هۆکارێک خەباتی چەکدارییان ڕاگرتبوو، هەوڵیان بدایەت سەرچاوەی ئابووریی بەهێز دروست بکەن، ئێستا بەدڵنیاییەوە لە ئەورووپا و ئەمریکا خاوەنی چەندین کۆمپانیای مەزن دەبوون کە ساڵانە چەندین ملیۆن دۆلار پارەی دەخستە خزمەت خەباتی ڕزگاریی نەتەوەییەوە. مەخابن ئەو کارە نەکراوە و بە بڕوای من دەبێ هەرچی زووتر دەست پێ بکات.

- کاری میدیایی و پڕوپاگەندە یەکێک لە پێویستییە هەرە بنەڕەتییەکانی هەر شۆڕشێکە. پڕوپاگەندە زانایی و زیرەکیی دەوێت و دەبێ چەندین پسپۆڕی تایبەت بە شرۆڤەی ناوەڕۆکت هەبێت (تحلیل محتوا) بۆ کاریگەربوونی پەیامەکانت و هەروەها بۆ شیکردنەوەی ناوەڕۆکی پەیامەکانی دوژمنەکەت.

ئەگەر کەموکۆڕییەکانمان کەم بکەینەوە، مادەم نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تینووی ئازادی و کۆتاییهاتنی کۆیلایەتین، ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەنیسبەت پارچەکانی تر سەرکەوتووتر دەبێت.

لە کۆتاییشدا ئەوە بڵێم کە دەبێ ئێمە بەردەوام بە چاوی ڕەخنەگرانە و گلەییەوە سەیری خۆمان بکەین بۆ ئەوەی باشتر هەنگاو بنێین، چونکە ڕووی خەباتی ئێمە بەرەو پێشە و ئازادی و دێموکراسی و مافی مرۆڤ کۆتا ئامانجی ئێمەن، هەر بۆیە دەبێ بەو کاراکتەرەیشەوە پێشوازی لە ڕەخنەی دڵسۆزانە بگرین.

KURDŞOP
498 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!