مەزدا

1. نازنێو یان کورتکراوەی ئەهوورامەزدا، خودای زەڕدەشتییەکان بووە؛ 2. کولانکە یان کونەڕۆچنە کە رووناکایی هەتاو یان تیرۆژ دەداتە ژوورێ؛ لە فەرهەنگی فارسیی (عمید) دا هاتووە کە مەزدا واتە: خستنەسەر و زیادکردن، بردنەسەری نرخی شت، کە فڕی بەسەر ئەو مانایەوە نییە.

قارا

1. ئارام و ئۆقرە؛ 2. وشەی دووهەمی وشەدووانەی (ئارا و قارا) یە، وەکوو: ئارا و قارای نەما.

پاسا

1. شاراوە، بەرپیوار، نادیار؛ 2. چاوپۆشی؛ 3. سەرپۆش؛ 4. داپۆشەر، ونکەر، گومکەر، وەشێر؛ 5. پێ لە عەرد سوون، پا بە زوەینا ساوین.

چۆپی

1. هه‌ڵپه‌ڕکێ، گۆڤه‌ند؛ 2. ده‌سماڵی ده‌ستی یه‌که‌م که‌سی کۆڕی سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕکێ؛ 3. ریتم یان به‌زمێکه‌ له‌ کوردیدا که‌ عه‌ره‌بی عێراق به‌نێوی خۆیان تاپۆیان کردووه‌ و هه‌ر پێشی ده‌ڵێن: چۆپی!! 4. نێوی گۆرانیبێژی به‌نێوبانگی کورد، (چۆپی خانم)ه‌ که‌ خه‌ڵکی که‌رکووکه‌.

ڕەوشەنگ

خۆشڕەوت، کەسێ یان جوان رێ دەکا.

حۆری

کیژی ناو به‌هه‌شت، په‌ری، فریشته‌.

شارۆ

1. پاشەرۆک، چنینەوەی دانەوێڵەی پاش درەو؛ 2. چنینەوەی دوایین بەری ترێی پاش تەواوبوون لە باخ؛ 3. کۆکردنەوەی گەنمی دووراو لە سەر جێخەرمان؛ 4. سەوەچن، سەوەتەچن.

تیرگەران

گوندێکە لە باکووری شاری سنە.

زەنوێر

جێگەی بڵند و هەوای سازگاری چیا.

سۆران

1. پاژێک لە چووارپاژی زاراوەکانی زمانی کوردییە؛ 2. بەشێکن لە کورد کە دانیشتووی نێوان زێی گەورە و زێی بچووکن لە کوردستان واتە رواندز و دەوروبەر کە بە زاراوەکەیان دەگوترێ: زاراوەی سۆران یان کرمانجی ناوەڕاست؛ 3. ناوچەیەکی پانوبەرینە لە کوردستان؛ ئێستا ئەم نێوە لە جێگای نێوی ناوچەی دیانا دانراوە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!