پاوان
پەلەخ، کۆدە، ئەو پارچە باخ یان مەزرایەی کە چوار دەوری بە تەیمان دەگرن بۆ ئەوەی مەڕ و ماڵات نەچێتە تێوەی، لەوەڕی قەدەخەکراو، باخ یان زەوینی قۆرخکراو.
هۆزان
1. هەستیار؛ 2. شاعیر، هەڵبەستوان؛ 3. گۆرانیبێژ، سترانبێژ؛ 4. عێلات و عاشیرەتان؛ .5 زۆر زانا؛ 6. پارچەشیعرێک.
ڕازاو
لە وشوی رازاوە وەرگیراوە، رازاوە، جوانکراو.
ڕوخسار
دیمەن، دەموچاو، روومەت.
تەڵاس
سەرچڵی، پێ زیاد لەرادە راکێشان، زێدەڕۆیی.
لاچین
1. مەلێکی ڕاوکەرە کە لە باز بچووکترە؛ 2. کاڵەی چەرمین؛ 3. گوندێکە لە لای مەهاباد نزیک شیلاناوێ کە مامۆستا هێمنی شاعیری نەمری کوردی لێ لە دایک بووە؛ 4. ناوچەیەکی کوردنشینە لە ئازەرباییجانی شەورەوی و ئەو کوردگەلەی لێ دەژین کە لە سەردەمی (عوسمانی) دا لە نیشتمانی خۆیان هەڵکەندراون و هەڵداژراونەتە ئەوێ.
یاسا
قانوون، دابودەستوور و بنەما و رێوشوێنی ناو کۆمەڵ کە لە لایەن دەوڵەت و پارلەمانەوە بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەک دادەنرێ.
کرماجان
1. کرمانجان، کرمانجسان، نشینگای وەرزێران و جووتیاران؛ 2. شوێنی ڕایەت و مسکێنی بەردەستی ئاغا؛ 3. گوندێکە لەلای کەنگاوەر سەر بە ئوستانی کرماشان؛ 4. لە سەردەمی ساسانییەکاندا بە ڕایەت و جووتیارانی بەردەستی بارەگای ساسانییەکانیان گوتووە: کرماج، یان کرمانج، وشەی کرمانجیش نێوی کۆنی کوردەکانە، ئەوڕۆکەش لە باشوور و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە گوندیی و دەشتەکی دەڵێن: کرمانج، بۆیە خەڵکی ناو شاری کرماشان بە لادێیی یەکانی دەوروبەری کرماشان دەڵێن: کوردەگە و کرمانج! لەوە دەچێ ئەم (کرماجان)ە هەر نێوی کۆنی کرماشان بێ کە لە مێژووی ئێراند بە بە هەڵە بە (کرمانشاه و کرمانشاهان) ناو دەبرێ و دێهخوداش لە قامووسەکەیدا بە ناشارەزایی باسی کردووە. لە ڕاستیدا دەبێ بگوترێ: کرماشان، نەک کرمانشاه، کرمانشاه وشەیێکی هەڵەیە. بڕوانە بۆ کارمات.
سێڵوێ
سێڵوە، گوندێکە لەلای لاجان لە هەرێمی موکریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. .
هەدان
1. شک، گومان؛ 2. نیشانەی پرسیار؛ 3. هەدرین، ئۆقرە، حەجمین، داسەکنان.