شەمێلە
1. دانەوێڵە کە گاجووتی پێ قەڵەو دەبێ؛ 2. شەمۆڵەی ژنان.
ڕەشکۆت
نێوی هۆزێکی کوردە لە کوردستانی باکوور.
بێستوون
نێوی چیایەکی سەخت و بەرزە کە لە دۆژ شارەکانی کامیاران و هەمەدان و کرماشاندا هەڵکەوتووە و نزیک بە چیای "پەڕاو" ە و شاری بێستوونیش لەپەنای ئەم چیایە هەڵکەوتووە؛ ئەم نێوە لە بنەڕەتدا بەغستێن یان بەغستەن بووە، (بەغ) واتە: خودا، خولقێنەر، (ستێن یان ستەن)یش: جێگا و شوێن. بێستوون یان بەغستەنیش واتە: جێگای خودا یان خولقێنەری گەلانی بەر لە زەڕدەشتییەکان.
هاڵا
1. دۆست و هاواڵ؛ 2. پەنا، پەنابردن؛ 3. هەواڵ، ئاگا؛ 4. داد و فریاد.
زەردەشت
1. زەڕدەشت، زەڕەتاوەشتەرای، یان زەڕاوەشتەرای لە دوو وشەی (زەڕا) بەواتای (نوور) و (وەشتەرای) بەمانای (داباری) پێکهاتووە؛ 2. نێوی پێغەمبەری زەڕدەشتییەکانە خاوەنی کۆپەڕی ئاوێستا؛ 3. نێوی کۆنی شاری سەردەشت لە کوردستان کە شوێنەواری (ئاهوورامەزدا) و (ئەهریمەن) و (هێتی) و (گورگان)یش لێ ماوە؛ بڕوانە بۆ سەردەشت؛ کۆچکردوو مامۆستا زەبێحی لە پێشەکی "قامووسی زبانی کوردی" دا نووسیویە: زۆربەی ئەو زانا و رۆژهەڵاتناسانەی خەریکی ساقکردنەوەی ئاوێستا بوونە، رایان وایە زمانی ئاوێستایی یەکێک لە زمانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی خێزانە زمانی ئێرانییە و زەڕدەشت کۆپەڕەکەی خۆی لە دەوروبەری چەرخی حەوتەمی پێش عیسا لە باکتەریا "باختەر یان بەڵخ" نووسیوەتەوە؛ بەڵام پرۆفسۆر "پوورداوود" مامۆستای زانستگەی تاران و ئاوێستازانی بەنێوبانگی ئێرانیی لە سەرەتایەکدا کە بۆ "یەسنە" ی بەشێک لە ئاوێستا نووسیوە دەڵێ: (لەناو دەنگ و باسی مێژوونووسانی یۆنان و رۆما، خەبەری "خستانۆس" دەربارەی زەمانی زەڕدەشت جێگای باوەڕە و دەتوانین دەرکەوتنی پێغەمبەری ئێران لە دەوروبەری ساڵی 1080ی پێش عیسا بزانین؛ هەروەها کەم زانا و مێژووزان و کۆنینەناس هەن کە باوەڕیان نەبێ "زەڕدوشت" خەڵکی رۆژاوای ماد نەبێ، بەجۆرێکیتر گەلێکیان رایان وایە کە زەڕدەشت لە دەوری دەریاچەی ورمێ "چەئێچەستە" لە کوردستانی ئێستای ژێر دەسەڵاتی ئێران لە دایک بووە، بەڵام کاتێ باس هاتە سەر ئەو زمانەی کە ئاوێستای پێ نووسراوە، کەمیان بۆ ئەوە دەچن کە زەڕدەشت ئاوێستای بە زمانی مەوتەنی خۆی یانێ زمانی "مادیی" نووسیبێ، ئەوە بابەتێکە زۆری گفتوگۆ لەسەر کراوە، زۆرتر رێی تێدەچێ کە زمانی ئاوێستایی زاراوەیەکی مادیی بێ تا خوراسانیی یا باختەریایی. مەسەلەی مادیبوون و نەبوونی ئەو زمانەی کە ئێستا پێیدەڵێن: "ئاوێستایی" شتێکە هەروا دەمێنێتەوە تا ئەو رۆژەی دەربارەی زمانی مادیی زانیارییەکی ئەوەندە زۆر دەکەوێتە بەردەستی زانایان کە بتوانن دەگەڵ زمانی "ئاوێستایی"، بەراوردی بکەن و هەڵیسەنگێنن و رای خۆیان لەسەر دەرببڕن. ساڵی 1975 لە هەنگمتەنا یان هێگمەتانە پاتەختی "ماد"ەکان کۆشکێکی گەورە لەژێر خاک دەرکەوتووە، رۆژنامەکانی ئێران نووسیبوویان: تەختی جەمشید (پیرسپۆلیس)ێکی تازە لە هەمەدان دۆزرایەوە. بێگومان دەبێ ئەوە کۆشک و تەلاری پاشاکانی ماد بێ و هیوامان ئەوەیە ئاساری نووسراوی مادی لێدەرکەوێ و تیشکێکی تازە بخاتە سەر زمانی مادیی و تا رادەیەک لەدەست کوتان لە تاریکایی مێژوو رزگارمان بکا". بە کورتی بەر لەوەی کە ئایینی زەڕدەشت و ئاهوورامەزدا سەر هەڵبدا، بە پێی شوێنەوارەکانی شاری بۆکان و دەوروبەری، خودای گەورەی دانیشتوانی ناوچەکە (بەغ) بووە و ئەوەی کە روون بۆتەوە (مێهرپەرستی) یان دلۆڤانپەرستی ئایینی زاڵی ئەو سەردەمە بووە و دانیشتوانی ئەو شارانە رووگە و ئاورگەیان بۆ خودای (میترا) درووست کردووە و رێزگرتن لە ئاگر کە ئێستاش لەناو کورددا بەڕێز و خۆشەویستە، نەریتێک بووە کە لە ئایینی (میتراپەرستی)یەوە بۆ خەڵکەکە ماوەتەوە؛ خودای ئاناهیتایش لە کۆنەدێریکی ناوچەکەدا، خاوەنی ئاورگەی تایبەتی خۆی بووە و هەندێ لە مێژوونووسان دەڵێن: ئاگرپەرستی بە خودای (ئاناهیتا)وە بەسراوەتەوە؛ گردەکانی دەوروبەری بۆکان بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەم بانگاشەیە کە زۆرتر لە 30 گرد یان تەپۆڵکەی مێژوویین.
ئەرگۆش
ئەرگووش، گوندێکە لەلای سەرووی گوندی (مێرۆس)ەوە لەسەر سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان و لە ناو خاکی باشووری کوردستاندا هەڵکەوتووە، لە بن چیای گۆڤەند کە 366 کانی تێدایە.
شۆڕەلاو
لاوی جووانچاک.
ئارمیش
ئاورێشم، هەورێشم.
سەهەن
1. سەهەنگ، سێبەر، سێوەر؛ 2. کێوێکە لە نێوان کوردستان و ئازەرباییجان؛ 3. سینی نانخواردن؛ 4. سێبەری خەستی دار؛ 5. سەرمای زۆر؛ 6. جۆرێ ترێیە کە (سەهەنەیی) یا (سەهەنپەروەرەدە) شی پێدەڵێن.
زیمکان
دۆڵێکە لە ناوچەی سلێمانی لە کوردستان.