تابلۆ

نووسراو یان بە قەڵەم کێشراو بۆ هەڵواسین.

شاریا

گوندێکە لە کوردستانی باشوور.

باڤڵ

بافڵ، باڤێڵ، بابڵ؛ 1. قەڵوەز، تاڤگە، ئاوهەڵدێر، سەروەشێن؛ 2. باڤڵ، لە ئاوێستادا بە (پاڤر) هاتووە و واتای تاڤگە دەدا.

کوردۆ

1. گۆڕدراوی وشەی (کارداک) و پاشان (کاردۆ)یە کە ریشەکەی وشەی (کورد)ە؛ 2. جۆرێک قەتاری کوردییە لە بەیات کورددا؛ بەیات کورد کە گۆشەیەکی بێ چارەکی بەیاتە، لەناو زۆر میللەتی دنیادا هەیە و بەنێوبانگە!؛ وشەی کوردیش هەر لە کۆنەوە هەبووە، بەڵام بەم شێوەگەلەی خوارەوە: کاردا، کارداک، کاردۆخ، کوردۆ؛ ئەو شاعیرانەش کە لە کۆندا نێوی کوردیان لە هۆنراوە و هەڵبەستدا هێناوە، ئەمانەی خوارەوەن: (منتهی الارب)، (فردۆسی)، (بیهقی)، (سوُزَنی)، (مولوی)، (روُدَکی)، (عمارە)، (سعدی)، (غزالی لوکری)، (اَنجمن آرا). بە تایبەت روودەکی بۆ خۆی کورد بووە، بە پێی ئەم شیعرەی کە گوتوویەتی: از رخت و کیای خویش، من رفتم و پردختم چون کـٌـــرد بماندستـم تنها من و این باهــــــو بەو جۆرەی کە مێژوو نیشانی دەدا، نێوی کورد دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵی بەر لە ئێستا، کە لە سەردەمی بەردێ نوێدا سەرقاڵی کشتوکاڵ بووە، بەڵام کۆنترین بەڵگەیەک کە نێوی کۆمەڵگای کوردی بە شێوەیەکی رەسمیی و فورمیی تێدا تاپۆ کراوە و بەڵگەیێکی جوغرافی مێژوویییە، دەگەڕێتەوە بۆ هەشتسەد ساڵی پێش ئێستا، واتە سەردەمی سەلجووقییەکان، کە حەمدوڵڵا مستەوفی باسی دەکا و ئەویش پێکهاتەیێکی کۆمەڵایەتی جوغرافییە، نەک پێکهایێکی کۆمەڵایەتی سیاسی! نەخشەی کوردستان لە کۆندا ئەمە نەبووە کە ئێستا هەیە، کوردستان بە پێی نووسینی جوغرافیناسانی کۆن، سنووری کوردستان بازنەیەک بووە کە خاکی کوردستانی دەورە داوە و بازنەکەش بە قەراخ ئازەرباییجاندا هاتۆتە خوارێ بۆ قەزوێن و سوڵتانییە و هەمەدان و دەماوەند و بەشێک لە ناوچەی شیراز تا ئەهواز و ئابادان هەتا سەر کەنداوی فارس، لەو لاشەوە لە لای بەسرەوە بۆ کووت و عەمارە و مەندەلی و خانەقین و جەبەل عەمرەین و بەشێک لە تیکریت و دیجلە و فۆرات و مووسڵ و ئەسکەندەروونە و حەتای و سێواس و مووش و ئەرزنجان و قارس و ئەرزەڕۆم هەتا هاتۆتەوە لای ئەرمەنستان. بڕوانە بۆ کاردۆ.

زریاب

1. ئاوی زێڕ؛ 2. ئاوی پاک و خاوێن؛ 3. مۆسیقازانێکی کورد بووە خەڵکی شارۆچکەی (باشیک) ی لای نەینەوای کۆن یان (مووسڵ)ی ئێستا و لەسەردەمی عەباسییەکاندا ژیاوە، زریاب ساڵی 825 ی زایینی عەباسییەکانی بە جێهێشتووە و چۆتە ئەندەلووس و عەبدولرەحمان کوڕی ئەلحەکیم (206 تا 238) کردوویەتی بە هاونشینی خۆی و دیاریی و پێشکەشیی زۆری پێ رەوا دیوە؛ زریاب شاگردی ئیسحاقی کوڕی برایمی مووسڵی بووە کە ئەوانەش هەر کورد و خەڵکی باشیک و مۆسیقاری زەبەردەس بوونە؛ زریاب ژەنیاری عوود بووە و سیمی پێنجەمی عوود ئەو بەو سازەی زیاد کردووە؛ مۆسیقای فلامینکۆ کە بنەماکەی کوردییە، لە شوێنەوارە نەمرەکانی زریابە و لە سپانیاش زریاب هەر بە کورد ناسراوە.

ژاژا

گیایەکە بۆنخۆش.

باسار

وێژەری بەرنامەی رادیۆ و تەلەڤزیۆن.

ژاژڵە

1. ژاژەڵان، ژاژۆک، چیتەڵان، قامیشەڵان؛ 2. نێوی گوندێکە لەپشتی ماوەت بەرانبەر بە چیای ئالان کە رۆباری چۆمان بە نێوان ئەم گوندە و چیای ئالاندا تێدەپەڕێ و بە بەر چیای ئاسۆسدا دەڕوا و دەڕژێتە لەمپەری دووکان لە باشووری کوردستان .

شیلان

جۆرێک موورووی وردی سوورە؛ 2. دلێق، جلێق، بەری دارێکی سووری بتەوی دڕکاوییە، کە شەش گەز هەڵدەچێ و گوڵی زەردی تۆپ و پڕ دەکا و بەری سووری ورد و خرت و شیرین و بەچێژ دەگرێ، لە شێوەی سرینچک (سنجوو)، کە دەخورێ و بۆ دەرمانیش بەکار دێ.

پەترۆسا

نێوی کوردیی گوندێک بووە لە باکووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!