خۆکار
ئامرازێ کە سەربەخۆ کار دەکا و کاری دەست ئەنجام دەدا.
کامیار
پیرۆز، سەرکەوتوو، کەسێ بە مراد و مەبەستی خۆی گەییشتبێ.
ڕەشیش
نمنمی باران، نەرمەباران.
خێرا
گورجوگۆڵ و بهدهستوبرد، لهکاروباردا ئازا و لێهاتوو.
کۆڕەنگ
هەموو رەنگێک پێکەوە، کۆی هەموو رەنگێک. ئەم نێوە، نێوێکی تازەیە کە دایکان و باوکان بە زەوقی خۆیان درووستیان کردووە و لە دوو وشەی (کۆ) بە واتای: هەموو شتێک پێکەوە و (رەنگ) بە واتای نما و چۆنییەتی دیمەنێک، کە پێکەوە دەبێتە: (هەموو رەنگێک پێکەوە) ساز کراوە.
ئانگارێس
نێوی بەیتبێژێکی سەردەمی مادەکان بووە کە بەیتبێژی دیوەخانی ئەژدەهاک بووە، ئانگارێس بە بەیت، ئەژدەهاکی لە هاتنی کوورش بۆ گرتنی وڵاتی ماد ئاگادار کردووە؛ ماری بۆییس خانم لە کۆپەڕی (خونیاگەری لە ئێرانی گەورە)دا نێوی هێناوە؛ بەڵام لە کۆپەڕی (کورد و دێرۆکە تاڵانکراوەکەی)، کە حەمە سدێق میرزا نووسیویەتی، هاتووە کە: ژنێک ئەژدەهاکی لەم کارەساتە، واتە لەشکرکێشی کوورش بۆ سەر وڵاتی ماد ئاگادار کردووە، جا نازانم ئانگارێس نێوی ژنانەیە یان پیاوانە! چونکە بۆ (نەکیسا)یش، نووسەرانی فارس دەڵێن: نەکیسا نێوی ژنانەیە! (نەکیسا) یەکێ لە مۆسیقازان و بەیتبێژە کوردەکانی سەردەمی ساسانییەکان بووە و هاوچەرخی (باربەت)ی فارس بووە کە پێکەوە بە بەیت لە بارەگای ساسانییەکاندا شەڕە گۆرانییان کردووه و ئێستاش ئەو نەرێتە هەر لەناو کورددا، واتە: شەڕەگۆرانیی هەر ماوە و لە کۆندا لە دیوەخانی ئاغا و بەگەکانی کورددا هەبووە. بڕوانە بۆ (هۆنیا) لە بەشی کچان.
ئاوەلان
1. شوێنی ئاوەزا کە گیای لێ سەوز دەبێ؛ 2. شاخێکە بەرانبەر کێوی ئاژوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان .
ڤارکان
نێوی هەوارێکە لە ناوچەی دەرسیم، لە کوردستانی تورکیە.
جاموور
1. ئەم نێوە لە بنەڕەتدا (چەرموو)ە، بە واتای سپی و چەرمگ، بەڵام تورک ئەم نێوەی گۆریوە و کردوویەتی بە جاموور؛ دیارە نە تەنیا ئەم نێوە، بەڵکوو هەزاران نێوی دیکەی کردووە بە تورکی. بۆ وێنە ئەگەریش جاموور بێ، لە بنەڕەتدا (گاموور) بووە، (گا و موور)، واتە جووت و گا و نیر و ئاموور، کە واتای چاندەکار و وەرزێر دەدات، واتە ئەو خەڵکەی کە کاری کشتوکاڵ دەکا؛ بەڵام سوور دەزانم کە جاموور نییە و (چەرموو)ە، بە واتای سپی، چونکە لە کوردستان ئەم نێوە، وەکوو پاشنێویش بە زۆر نێوی دیکەوە لکاوە، بۆ وێنە (کێلەچەرموو) و (کوچک چەرموو) و زۆری دیکە؛ 2. گوندێکە لە باکووری کوردستان، کە لە بنخاکدا دۆزراوەتەوە و 9000 ساڵ لەمەوبەر هەبووە و دوکتۆر رابێرت برایدوود، لە زانکۆی شیکاگۆ، لەسەری لێکۆڵینەوەی کردووە.
دیاکۆ
نێوی یەکەمین پاشای (ماد) و دامەزرێنەری ئەو زنجیرە پاشایەتییەیە. ئەو پاشایەی کە گەزەنفۆنی یۆنانی نێوی هێناوە.