زایا

1. وەچە، بەرە؛ 2. ژنێک کە زکوزای زۆر دەکا.

پێزان

1. شارەزا؛ 2. بەئەمەگ، چاکەلەبەرچاو.

فەرکان

1. روونووسی، لە رووی شتێک نووسینەوە؛ 2. دەستوور، فەرمان.

زەری

1. زەڕی، جۆرێک پارچەی زەردی ریشاڵریشاڵە؛ 2. جووانی سپیپێستی ئاماڵزەرد؛ 3. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە بە زاراوەی کرمانجی.

مێدیا

1. ماد، مەدیا، میدیا، نێوی دەوڵەتی مادەکان بووە؛ 2. ئەو شوێنەی کە مادەکانی لێ ژیاون؛ (میدی) یەکان لە رەگەزی هێند و ئورووپی بوونە و لە سەدەی نۆیەمی بەر لە زایین، لە ‌رۆژهەڵاتی زەلیای کاسپین یان قەزوێنەوە چوونەتە رۆژاوای باکووری کێوەکانی ئێران واتە وڵاتی (میدیا) و وردەوردە دەسە‌ڵاتیان بە سەر دراوسێکانیشیاندا پەیدا کردووە و لە کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین، حوکوومەتێکی سەربەخۆیان دامەزراندووە و نەتەوەی پارسیشیان خستۆتە ژێر دەسە‌ڵاتی خۆیان و شاری هەگمتەنا یان هەکمتان، هەمەدان) ی ئێستایان کردووە بە پایتەخت، بەڵام ساڵی 550ی بەر لە زایین بە دەست کوورشی هەخامەنشی بەزیون و لە دەسە‌ڵات کەوتوون. وشەی ماد دواتر لە سەردەمی ساسانییەکاندا بووە بە (مای) و پاشان عەرەب کردوویەت بە (ماه)، بۆ میناک بە دینەوەریان گوتووە: ماه بەسرە و بە نەهاوەندیش: ماه کووفە! بڕوانه بۆ وشەی ماد.

سەرهات

1. سەرگوریشتە، بەسەرهات؛ 2. رووداو، بوویەر.

زێوەرکۆ

نێوی گوندێک بووە لە ناوچەی کووت لە باشووری کوردستان که خەڵکەکەی هەڵداژراونەتە شوێنانی دیکە و عەرەبیان هێناوەتە جێگایان.

کۆڕەنگ

هەموو رەنگێک پێکەوە، کۆی هەموو رەنگێک. ئەم نێوە، نێوێکی تازەیە کە دایکان و باوکان بە زەوقی خۆیان درووستیان کردووە و لە دوو وشەی (کۆ) بە واتای: هەموو شتێک پێکەوە و (رەنگ) بە واتای نما و چۆنییەتی دیمەنێک، کە پێکەوە دەبێتە: (هەموو رەنگێک پێکەوە) ساز کراوە.

مانیان

1. بێهاوتا و نادر؛ 2. نێوی کۆنی میتانییەکانە کە پێیان دەگوترێ: مانایی (میتانی)؛ 3. مانیان نێوی گوندێکە لەلای فیرووزاوای شیراز لە ناوچەی کووهەک کە بە ڕەگەز کوردن؛ 4. تیرەیەک بوونە لە کورد کە ئێستا هیچ شوێنەوارێکیان لێ لەپاش بەجێ نەماوە، مەگەر ڕۆژێک دۆزراوەکانی وڵاتی ماد چۆنییەتی ژیانیان بێنێتە دەست؛ 5. وشەی (مانیان)، لە وشەی (مانی) وەرگیراوە، بەواتای بەسراوە بە مانی، لە تیرەی مانی؛

گارۆسا

نێوی هۆزێکی کورد بووە لە ناوچەی وان کە بە دەستی دەوڵەتی عوسمانی هەڵداژراونەتە قبرس و لەوێ ماونەتەوە و لە نێوان تورکدا زمان و فەرهەنگی خۆیان وردە وردە لەبیر کردووە و بوونە بە تورک.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!