هۆناس

1. سەرپاڵەی دروێنە؛ 2. سۆنگەناس، سەبەبناس؛ 3. سوودناس.

ئار

1. لەو سەردەمەدا پێشبەندی (ئار) بە واتای (ئاگر و پاک) بۆ رێزدانان لەو شتانەی کە (پاک و پیرۆز) ‌بوونە بەکار براوە، وەک: ئاریاکیس، ئاریبانس و ئارچاری؛ لە راستیدا نێوی ئارچاری، چاری بووە کە هەر دەبێتە چێری. 2. وشەی (ئار) لە زمانی کوردیدا واتای ئاگر و رەنگی سوور دەدا کە لە ریشەی وشەی (ئار)ی ئەوێستایی یەوە هاتووە و واتای (ئاگرپەرست) و (سوور) دەدا،‌ لە زمانی پالەوی یان کوردیی کەڵوڕیشدا هەر ئەو واتایە دەدا و گوتراوە (ئارووس)؛ 3. (گەورە و مەزن)؛ 4. واتای (ئێش و ئازار) دەدا و لە زاراوەی کەڵوڕی (پالەوی)ی کۆنیشدا هەر ئەو مانایە دەدا؛ 6. هەروەها (ئار) مانای سپیکەلە یان چەرمەڵەش دەدا؛ 7. پاشگری بکەرە و بە هەندێ وشەی چووکەوە دەلکێ و نێوێکی دیکەی چاوگ ساز دەکا؛ وشەی ئاراراتیش دوور نییە لە وشەی ئار و ئاور کەوتبێتەوە، لەوانەیە ئەم وشەیەشیان بۆیە لەسەر ئەم کێوە دانابێ‌، چونکە کێوێکی سەر بە ئاگر یان گڕکانە، تورکەکانیش وشەی ئاگریان گۆڕیوە بۆ (ئاغر) و وشەی (داغ)یشیان کە وشەیەکی تورکییە و واتای چیا دەدا پێ زیاد کردووه و نێویان ناوە آغریداغ‌؛ حوکوومەتی تورک، وشەی (داغ)ی بۆیە بە وشەی کوردی ئاگرەوە ناوە و کردوویە بە (ئاغر)، لەبەر ئەوە بووە کە نێوی کوردیی لەو پارچەیە تێک بدەن و بیشێوێنن؛ چیای ئاگریی لەبەر ئەوەی کە گڕکانە و سەربەئاگرە، بوومەلەرزەی زەمەند و وێرانکاری لێ رادەبێ.

شایان

1. چەند شا؛ 2. شایەن؛ 3. هێژا؛ 4. سزاوار.

بەرجەوەن

بەرجەوەن واتە: بەرچاوان، ئەو شتەی کە چاو لەم گۆشەوە بۆ ئەو گۆشە دەیبینێ و دوو واتای هەیە: 1. پانۆراما؛ 2. چاوەدیار، چاوەناز، دیمەن..

پڕشنگ

تیرێژ، تیشکی رۆژ، پریشکی ئاگر.

دیاکۆ

نێوی یەکەمین پاشای (ماد) و دامەزرێنەری ئەو زنجیرە پاشایەتییەیە. ئەو پاشایەی کە گەزەنفۆنی یۆنانی نێوی هێناوە.

گوڵخونچە

خونچەی نیوەپشکووتوو.

داریان

1. قڵپبوونەوە؛ 2. داریانەوە، یەکسەر بە پێوە داریاوە؛ 3. گوندێکە لە نێوان (وەر و گێڵەوان) لە ناوچەی هەورامان لە رۆژهەڵاتی کوردستان .

خۆزان

شارەزا لە خۆ، بەڵەد لە جێگە و شوێنی خۆ.

نەسرین

گوڵێکی پەڕەوردی بۆنخۆشی سپییە کە لە نێرگز دەکا.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!