ئاناهیتا

1. ناهید، خاوێن، پاک؛ 2. شوێنێکی کەونارایه ‏لەپاڵ که‌نگاوەر؛ 3. فریشتەی پارێزەری ئاو. ئاناهیتا: له‌ (یه‌شته‌کان)دا به‌شی 1، لاپه‌ڕه‌ی 167 نووسراوه: ناهید، ژنێکی جه‌وان، به‌ژن جووان و باڵابه‌رز و که‌ڵه‌گه‌ت و چه‌له‌نگ، ڕه‌گه‌ز ئازاده‌ و ده‌روونپاک، باسکه‌ سپییه‌کانی به‌ قه‌را شانی ئه‌سپ ده‌بێ، مه‌مکی قوته‌ و پشتێنێکی ته‌نگی له‌ نێوقه‌د به‌ستووه‌ و له‌سه‌ر فایتوونی خۆی ڕێشمه‌ی چوار ئه‌سپی یه‌کڕه‌نگ و هاوبه‌ژنی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و لێده‌خوڕێ. ئه‌سپه‌کانی فایتوونه‌که‌ی بریتین له‌: با و باران و هه‌ور و خوناوکه‌. ناهید به‌ گه‌وهه‌ر ڕازاوه‌ و تاجێکی زێڕنی به‌ شکڵی چه‌رخێک له‌سه‌ره‌ که‌ سه‌د گه‌وهه‌ری ترووسکاوه‌ی به‌ سه‌ره‌وه‌یه‌. له‌ لێواره‌کانی ڕیشووی چیندار هه‌ڵواسراوه‌، تۆقێکی زێڕینی له‌ ملدایه‌ و گواره‌ی چووارسووچی ده‌ گوێدا. پاتاوه‌ دره‌وشاوه‌کانی به‌ به‌ندی زێڕین قایم کردووه‌. باڵاپۆشێکی له‌ که‌وڵی سی به‌بر که‌ وه‌ک زێڕ و زیو ده‌ترووسکێنه‌وه‌ به‌خۆیدا داوه‌، جلی زێڕینی پڕچینی له‌به‌ر کردووه‌، له‌ ته‌وقی ئاسمان دامه‌زراوه‌.

فاتلیە

فاتمی بچووک و ڕەزاشیرین، فاتیلێ، فاتە، فاتێ، فاتمۆکێ، فاتم، فاتمێ، هەموویان لە نێوی فاتم وەرگیراوە و بە پێی زاراوە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ سەربەند و ناوبەندی چەند گۆرانیی کوردین.

ئاپۆره

حه‌شیمه‌ت، کۆمای خه‌ڵک پێکه‌وه‌.

بنژیل

پاژینە، خشوخاڵ و دەخڵودانی بن بێژنگ.

بازیان

نێوی دێهاتێک و ئەشکەوتێک و دەربەندێکە لە لای سلێمانی لەو لای تاسڵووجە، لە سەر رێگای سلێمانی بۆ چەمچەماڵ، کە یەکێ لە شەڕەکانی شێخ مەحموودی مەلیک لە گەڵ بەریتانیا لەوێ رووی داوە. بەردێک لە پەنا ئەو دەربەندیە که بە بەردە قارەمان بەنێوبانگە و شێخی نەمر لەوێ لە پەنا ئەو بەردەدا بریندار بووە و کەوتۆتە دەستی بەریتانیا. برنجی بازیان بەنێوبانگە.

خورماڵ

شارۆچکه‌یه‌که‌ له‌ باشووری کوردستان.

خانیل

خانیک و خانیل نێوی دوو هۆزی کورد بوونە لە ناوچەی شیراز، کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان و دواتر ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بوونە و زۆربەشیان بە دەستی تورک و عەرەب لەناو چوون. ئێستەخری جوغرافیزانی گەورە لە 340 ی کۆچیدا نووسیویەتی: بنەماڵەکوردەکانی شیراز ئەوەندە زۆرن که لە ئەژمار نایەن؛ ابن حوقل لە ساڵی 367 ی کۆچیدا نووسیویەتی: کوردەکانی پارس یان شیراز سەرووتر لە 100 تیرەن کە من بۆ خۆم نێوی زۆرتر لە 30 تیرەیانم نووسیوە: خەسروی، شاکانی، ستامیری، ئآزەرکانی، بەندادمیری، رامانی، میرەکی، شاهۆیی و هیدیکە؛ مقدیسی ساڵی 375 ی کۆچی لە کۆپەڕی کتاب (احسن التقاسم فی معرفەالقالیم) نووسیویەتی: 33 هۆزی کورد لە پارس دەژین کە ئەژماریان 500 بنەماڵەن؛ ابن بلخی لە فارسنامەدا نووسیویەتی: شان و شەوکەتێک کە لەشکری فارس هەیەتی لەبەر بوونی کوردەکانە؛ یاقووتی حەمەوی لە سەدەی شەشەمی کۆچیدا باسی شاری کورد (شهر کرد) ی شیرازی کردووە و زۆر لە نووسەرانی دیکەی دنیا باسی کوردەکانی ناوچەی شیراز یان فارسیان کردووە کە لە دەوروبەری ساسانییەکاندا بوونە چونکە بەر لە هێرشی عەرەب بۆ سەر ناوچەکە، شیراز شوێنەمێنگەی ئەو کوردانە بووە کە لە سەردەمی مادەوە لەوێ ژیاون هەتا سەردەمی ساسانییەکان.

گوڵبەدەم

تەرزی ناسک، خەیار و هەناری ساوا.

ساز

1. ئامرازی مۆسیقا؛ 2. دڵخۆش؛ 3. دەوڵەمەند؛ 4. ئامادە؛ 5. بارگە و کەلوپەلی سەفەر؛ 6. پاشگری بەواتا سازێنەر.

سڵسڵە

بەنەموورووی سەرولا.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!