بناوان

1. بنەوان، کابان، ئەو کەسەی کە بەڕێوەبەری کاری ناو ماڵە‌؛ 2. بنا‌وان لە چۆم هەڵدەبەسرێ، بۆ بەرزکردنەوەی ئاو بۆ ئەو زەوی و زارانەی کە ئاویان پێ ناگات.

مێرا

1. گەوره و مەزن‌؛ 2. خۆشەویست؛ 3. جێگای رێز؛ 4. ئەو تاجەی کە لە گیا و گوڵ درووست دەکرێ بۆ سەر سەری ئەو کیژانەی کە لە جەژنی سەری ساڵی مەسیحی یان شەوی زستاندا بەشداری دەکەن؛ 5. مێرا یان میترا: نێوی پەیامبەری رێز و خۆشەویسییە؛ 6. ئەو یازدە نووک یان نێزەیەی کە وەکوو نیشانەی رۆشنایی ئایینی زەڕدەشت ماوەتەوە و هێمایە بۆ رووناکی هەتاو. مارد، مار، مێر، مێرا، لە ریشەی کۆنی کوردیی (مێهر یان میترا)، کە ئایینی بەر لە زەڕدەشتییەکان، واتە (میتراپەرەستی) بووه،‌ وەرگیراوە و دوای ئەم ئایینەی (میتراپەرەستی)، زەڕدەشتپەرستی هاتۆتە نێوان. ئەو نێوانەی کە لە کوردستان بە وشەی (مێر)، دەس پێدەکەن، وەکوو (مێردین، مێرگەسوور، مێرگەپان، مێراوەر، مێروەند، و هیدیکە)، دوور نییە بە ریشەی نێوی میترا و میتراپەرستییەوە نزیک بن. نیشانەی ئایینی زەڕدەشت ئێستاش لە چیای (چەمی رەزان) کە بە سینگی کێوێکی بەرزەوە لەناو (مەڕ یا ئەستێودان)ێکی گەورەدا هەڵکنراوە و بە فارسی دەبێتە دەخمە، گۆڕی فەروەرتیش دووهەمین پاشای مادەکان لەوێیه، هەر ماوە‌ و پارێزراوە. بڕوانە بۆ وشەی مارد و ماردین لە بەشی کوڕان.

ئاترۆسا

ئاترۆئاسا، ئاورئاسا، ئاگراسا، وه‌كوو ئاگر، ئاماژه‌ به‌ ئاورپه‌رست، ئاترۆزا، له‌ وێنه‌ی ئاگر، شتێک که‌ له‌ ئاگر که‌وتبێته‌وه‌.

ئاته‌ران

کۆی وشه‌ی ئاتر یان ئاگر.

بێشۆرا

گوندێکە لە لای مێگر لە کن رواندز لە کوردستانی باشوور.

وانیار

خوێندەوار، ئەو کەسەی خوێندنی تەواو کردووە.

مێلاق

1. ئاوونگ یان ئەو ترێیەی کە بە سرمیچی ماڵەوە هەڵیدەگرن بۆ یەکەم شەوی زستان بۆ خواردن؛ 2. گوڵێکی سووری ئاڵە.

بالیسان

1. شوێنی بەرز و پڕ لە بژوێن؛ 2. گەورە گوندێکە لە نزیک شاری هەولێر لە کوردستان.

مهاباد

وشەی (ماەئاباد)، لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) دا، نێوی کۆنی (نەهاوەند) بووە کە (ماەدینار) یشیان پێگوتووە! لە زاراوەی پالەوی کۆندا، واتە ئەو زاراوەیەی کە کوردانی کەلهوڕ یان کەڵوڕ قسەی پێدەکەن، بە (شار) گوتوویانە: (ماه). عەرەبیش ئەم وشەیەی کردووە بە مەدینە! لە زمانی پالەوی ئەوێستاییشدا بە شار گوتوویانە: ماه، هەر لەبەرئەمە بە (نەهاوەند) گوتوویانە: ماەبەسرە و بە (دینەوەر) یش ماەکووفە! عەرەبیش بە هەر دووکی گوتوون: ماهان! لە کۆندا واتە لە سەردەمی ساسانییەکان بە ناوچەکانی هەمەدان و کرماشان و دینەوەر و نەهاوەند و پێشکۆ، گوتوویانە: وڵاتی ماە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەم ناوە، پاشماوەی وشەی (ماد) و (مای) کۆنە کە ناوەندی وڵاتی ماد یان ئیمپەراتووریەتی ماد بووە. مەبەستیش لە (ماەکووفە)، دینەوەر و کرماشان بووە، تا هەڵوان، (ماەبەسرە)ش، نەهاوەند بووە هەتا دەگاتە (سیمەرە) لە ناوچەی لوڕستان. بە شوێنەمێنگە و ژینگەی مادەکانیشیان گوتووە: وڵاتی (ماد)، یان (مای). بە نەهاوەندیشیان گوتووە: ماەدینار. وشەی (ماە)، وشەی ئاڵشتکراوی (ماد)ە، کە نێوی تیرەی وڵاتی ڕۆژاوای ئێرانە. لە کۆپەڕەکەی ئەردەشێری پاپەکانیشدا ئەم وشەیە هەر هەمان وشەی کۆنی (مادیک) یان (ماد)ە کە لە زاراوەی کوردی پالەوی یان کەڵوڕیدا بە ماە نێوی هاتووە. لە کۆپەڕی مێژوونووسان و جوغرافیزانانی ئێرانیی و عەرەبیشدا نێوی ماە هاتووە و لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) یشدا کە لە پالەوییەوە کراوە بە فارسی، زۆر جار نێوی ماە هاتووە، چونکە وەیس کچی شاقاڕن و شاژنی شارۆ و خوشکی وەیرۆ و ژنی شامۆبد و خەڵکی وڵاتی ماد بووە، شاقاڕنیش پاشای وڵاتی ماد بووە. قازی ئەحمەد لە زمانی تۆفیق وەهبی کوردناسی زاناوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ: (مادەکان بەرەبەرە، لەگەڵ کوردەکان خزمایەتییان کرد و تێکەڵ بوون، جا کوردەکانی ئیمڕۆ، بەرهەمی ئەو پێوەندییەن.) دوایە دەڵێ: {نێوی ماد بە شێوەی (ماس) یان (ماسی) یا مەهاباد (ماەئاباد)، لە نووسراوە و سەنەد و بەڵگە مێژوویی یەکاندا هەروا مابووەوە.)؛ قازی ئەحمەد دەڵێ: وەختێ من چیرۆکی دڵداریی (وەیس و ڕامین) م کە بەرەبەری ساڵی (446) ی کۆچیی فەخرەدین ئەسعەدی گورگانیی لە زمانی پالەوییەوە بە شیعر کردوویە بە فارسیی، دەخوێندەوە، لە چەند جێگا نێوی (وڵاتی ماە) یا (ماەئاباد)م وەبەرچاو هات کە بۆ وەڕاستگەڕانی قسەی تۆفیق وەهبی دەکرێ وەک بەڵگەیەکی پتەو ئاماژەی پێبکرێ؛ (وڵاتی ماە)، لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) دا بە ناوچەی ڕۆژاوا و شیمالی ڕۆژاوای ئێران و ئاران و ئەرمەنستان دەگوترا کە پاتەختەکەی هەمەدان بووە و ئەم هەرێمە لە مێژوودا هەر ئەو مەڵبەندی مادە}؛ مەهاباد: نێوی پێغەمبەرێک بووە کە بەر لە زەڕدەشت هاتووە و لە خوارەوەی گۆلی ورمێ لە دایک بووە؛ وشەی (ماد) لە سەردەمی ساسانییەکاندا گۆڕدراوە بە (مای) و پاشان بوە بە (ماه).

کەتانە

1. کەتان، گیایەکە زۆر بەرز دەبێتەوە و پرزەی وەک دەزوو دەبێ؛ 2. پارچەیەکی سپیی ناسک و تەنکە، ژنان دەیکەن بە سەرپۆش؛ 3. گۆرانییەکی فۆلکلۆرە بە زاراوەی فەیلی لە هەوای هومایۆن، کە عەلی مەردان و صالح دیلان و ناسری ڕەزازی و حوسەین وەندی ئەم گۆرانییەیان چڕیوه و لەگەڵ کەتانەی حەسەن زیرەک جیاوازە‌.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!