پەلکەزێڕ

پەلکەی زێڕین، ئاماژە بە قژی زەرد.

ڕازە

چیرۆکی خەیاڵیی.

ڤێنووس

ئافرۆدیت، ڤینۆس، بتی ئەوین و جووانیی یۆنانییەکان بووە؛ رۆمییەکان بە ئافرۆدیتیان گوتووە: ڤینۆس و ڤینۆسیش یەکەمین پەیکەرێکە کە بە رووتی نوێنراوە؛ هەزبوود شاعیری یۆنانیی بە ڤینۆسدا هەڵیداوە و شیعری گوتووە؛ ئافرۆدیت نەک لە جووانیدا تاک و بێهاوتا بووە بەڵکوو دەسەڵاتی ئەوەشی هەبووە کە ئەو کەسانەی سەرنجیان بەرەو لای رادەکێشرا، لە داو بخا و مەیلیان بداتێ، هەر ئەویشە کە مەیلی بە (پاریس) کوڕی پاشای (تەروا) دا. بەنرخترین پەیکەری ئافرۆدیت (ڤینۆس)، دەسکردی (پراکسیتێڵ)ە کە ئێستا لە (واتیکان) ە و پەیکەرێکی دیکەش کە بەنێوبانگە و (مثلۆس) لێی داتاشیوە، لە پاریسە و دوو پەیکەری دیکەی ڤینۆس لە (رۆم) و (فلۆرانس) ە.

قەسیلە

جۆرێ کەچکی دارین.

کیژۆک

1. کچی بچکۆلە؛ 2. گوندیکە لە ناوچەی گەرمیان لەلای (کەلار) لە باشووری کوردستان.

پاکۆسا

نێوی کوردیی گوندێک بووە لە باشووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.

خدۆ

کورتکراوەی نێوی (خدر)ە و نێوی سەردارێکی کوردی زەعفەرانلوویی یە کە راپەڕینێکی چەکدارانەی هەڵگیرساند و لەسەریدا بوو کە کۆماری سووسیالیستی کوردستان لە خوراسان دابمەزرێنێ.

چان

1. جەنجەڕ، دەزگایەکی‌‌ درووستکراو لە دار و ئاسنە کە بۆ کوتانی گەنمی دروێنەکراو بەکار دەبرێ و پەڕەپەڕەی ئاسنی پێوەیە کە کوڵەشی گەنمەکە ورد دەکا و ئامادە دەبێ بۆ شەن و کەو کردن. 2. ئامرازێکە لە جۆماڵدا بەکاری دەبەن و جۆگەی ئاوی پێ خاوێن دەکەنەوە. 3. زەنگۆڵەی خەبەردارکردن.

سۆزگە

1. جێگەی پەیمانبەستن؛ 2. گوندێکە لەلای رواندز لە باشووری کوردستان .

ماد

نێوی کەونارای رەتەوەی کوردە کە لە سەدەی حەوتەمەوە تا کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین دەوڵەتی مادیان پێک هێناوە و یەکەمین پاشایان نێوی دیاکۆ بووە و دواهەمین پاشای ئەم ئیپەراتۆرییەش ئەژدەهاک بووە کە عەرەب بە زوحاک و فارسیش بە ئازیدهاک نێوی دێنن؛ مادەکان لەگەڵ مانایی یەکان کە لە باشووری زەریای ورمێدا ژیاون خزم بوونە؛ مادەکان دوای ئەوەی کە ئاشوورییەکانیان لەناو برد، واتە ساڵی 618ی بەر لە زایین، تیرەکانی: ئیلام، پارس، هیرکان، تەبەری و باکتەری هێناوەتە ژێر فەرمانی خۆیان؛ بنەمای سۆلانی مادەکان، بریتین لە: گۆتییەکان، لۆلۆییەکان، کاسییەکان، میتانییەکان، سۆبارییەکان، نەیرییەکان، مانایی یەکان، کوردۆکەکان و ئۆرارتۆکانیان کە لە بەردەنووسەکانی: سۆمەری، ئەکەدی، بابلی و ئاسووریدا زۆرجار نێویان هاتووە؛ پایتەختی مادەکان. شاری هەمەدانی ئێستا بووە، بەڵام بە پێی نووسینەکانی هێرۆدۆت، ساڵی 550ی بەرلە زایین بە دەستی کوورشی هەخامەنشی لە دەسە‌ڵات کەوتوون؛ لە ژیار و شارستانییەتی مادەکان شتێک لە دەسڕەسدا نییە بەڵام پارسەکان لە دابوکرداری و تەنانەت جلوبەرگی مادەکان کەڵکیان وەرگرتووە؛ هیچ بەردەنووسیکیش نیشاندەری هێڵ و نووسینی مادەکان نییە بەڵام لە بەردەنووسەکانی ئاشوور و لە بەردەنووسەکانی هەخامەنشیدا دەتوانین شوێنی ژیاری مادەکان هەڵکەین؛ چەند میناک لە شوێنەواری مادەکان ماون کە بنەڕەتی ژیاری مادەکان نیشان دەدا و ئەم شوێنەوارانە بریتین لە: 1. پەیکەری شێرێکی بەردین لە هەمەدان، 2. دیمەنی کەندەکاری کراوی پیاوێک بە جلوبەرگی مادییەوە لە گۆڕیچەیێک لەلای سەرپێڵ زەهاو، کە ئێستا بە (دووکانی داوود) بەنێوبانگە، 3. دیمەنی فرووهەر بە سەر بەردێکەوە لەلای شاری سەحەنە، 4. گۆڕیچە یان سەراویلکەیەک لە دێرانی لورستان کە بە (تاقی فەرهاد) بەنێوبانگە، 5. پەیکەری کەندەکاریکراوی پیاوێک لە حاڵی پەرستندا لە گۆڕیچەیێکی بچووک لە گوندی (نەوئێسحاقوەند)ی نزیک کرماشان، 6. دیمەنی پاشا و رۆحانییێک کە هەر دوو لایان مەشخەڵی ئاگرە لە (قزقاپان)ی لای دووکان لە ناووچەی سلێمانی. 7. شاری هەمەدان بە حەوت ‌قەڵای رەنگاورەنگەوە و کۆشکێک کە نیشاندەری ژیاری بریسکەداری مادەکانە!

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!