خلانکە

بازنه‌ی داری بێشکه‌، خرخاڵه‌.

ماریا

1. پاڵەوان و شەڕکەرەکانی هۆزی میتان یا مانای‌؛ 2. نێوی‌ هۆزێکی کورد بووە. بڕوانە ماردین لە بەشی کوڕان.

قەمرین

بەستەڵەک، شەختە، بەستنی ئاو، بوونە سەهۆڵ.

هۆرە

1. دەوروبەر؛ 2. پووازی ئەستوور بۆ قەڵشوێهاتنی دارێ کە بە تەور دەیشکێنن؛ 3. سەیرانگا؛ 4. جێگای زۆر بەرز؛ 5. سۆز و نارەنار؛ 6. کەلام یان سروودی ئایینیی ئەلحەق (یارسان)ەکان، پەیوەندیدار بە سەردەمی زەڕدەشت کە هەوایەکی کۆنە و لە مەراسم و ستایش و نیایشی ئایینییدا گوتراوە! هۆرە یەکجار کۆنە و بە زاراوەی کەڵوڕی و جافی دەگوترێ، هەم بە پێی ناوەکەی و هەمیش بە پێی مێلۆدییەکە، کە لە نێوان ئەلحەقەکاندا باوە و دەیچڕن، وا دەردەکەوێ کە هەر ئەو هەوا کۆنە بێ کە لە سەردەمی زەڕدەشتییەکاندا لە مەراسم و ستایشی ئایینییدا گوتراوه و لە کارنەمەی ئەردەشێری پاپەکاندا بە لحن اورامی (ئاوازی هەورامی) ناسراوە‌. هۆرە زۆرتر بە بێ مۆسیقا دگوترێ، بەڵام هەندێ جار لەگەڵ تەمبوور و بلوێریش گوتراوە! ئەم هەوایە وەک لە سەرەوە باسم کرد، ڕیتم و میزانی نییە و لە گوتندا ئازادە و بە دەنگی پچڕپچڕ دەگوترێ. هۆرە زۆرتر بە قوڕگ دەگوترێ و هۆرەبێژ، دەستێکی یان هەردوو دەستی لە پشت گوێ دەنێ و هەواکەی پێ دەچڕێ! لە باری زانستی مۆسیقاوە یەک پەردەیە و ئەگەر لە سۆلەوە دەست پێ بکا، هەر بە سۆل کۆتایی پێدێ! وشەی (هۆرە) لەبەر ئەوەی کە بۆ ستایشی ئەهوورامەزدا گوتراوە، لە واژەی (ئەهوورا) وەرگیراوە و هەر بەو شێوەیەی کە لە کۆندا گوتراوە، لەناو پەیرەوانی ئایینی یارساندا دەگوترێتەوە. هۆرە لەکاتی مردنی کەسێک، یان ڕوودانی کارەساتێک، بە هەوایەکی زۆر خەمگین دەگوترێ. شیعرەکانی هۆرە لە کۆندا هەڵگری گوتە پیرۆز و ئاسمانییەکانی ئاوێستا بووە، بەڵام لەو کاتەوە کە ئایینی ئیسلام لەناو کورددا جێگەی گرتووە، هۆرە لە لایەن دەروێش و سۆفییەکانی کوردستانەوە شێوەی ئایینیی گرتۆتە خۆی و بە هۆنراوەی عیرفانییش دەگوترێ. بێژگە لەمەش بە شیعری دڵدارییش دەگوترێ و هۆرە بەگشتیی، هەم لە شایی، هەمیش لەپرسەدا دەیچڕن. هۆرە وەکوو گاتاکان، بە شیعری بیست بڕگەیی دەخوێنرێ. هۆرە لە ناوچەکانی گۆران، سەنجابی، قەڵخانیی، زەهاو، خانەقین و کرماشان و ئیلام و لوڕستاندا باوە و دەگوترێ. هۆرە ئەوەندە بەسۆزە کە لەو ناوچانە (کزە) شی پێدەڵێن! هۆرە بەیانگەری داستانگەلی عاشقی و حەماسی و قارەمانانەیە و بەنێوبانگترین و کۆنترین هۆرە، هۆرەی (عەزیز و تەکش) ە، کە داستانێکی حەماسییە! جۆرەکانی هۆرە بریتین لە: گوڵەخاک، لوڕیچڕ، سووارانە، قەڵوەزیچڕ، قاچاخچیچڕ، دوودەنگیی (دووقۆڵیی)، غەریبیچڕ، ئەکوەرخانیی، کڵاودڕ، یەکدەنگیی، ئەرکەوازیچڕ، هەی سووار هەی سووار، گڵەوەدەر، یۆسۆ کڵاوزەر، باندەسانیی، شاحوسێنیی، سارۆخانیی، جڵەوشایی، تەرز، مەجنوون، سەحەریی، باریە، دۆباڵا، غەریویی، بانبنەیی و پاموورەیی. دوو جۆری جیاوازی هۆرەشمان هەیە کە کۆنن، وەکوو: موور بۆ شیوەن و هەرا بۆ شەڕ لەگەڵ دوژمن.

گوڵخواز

جووانویست، کەسێک کە حەزی لە شتی وێنەی گوڵە.

شاران

ملوانکە یان گەردانەی لە گوێز و بادام.

سەرکەش

1. سەرکێش، سەرەڕۆ؛ 2. یاخی و ملنەدەر؛ 3. زۆردار و بەکار؛ 4. ملنەدەر و گوێنەدەر؛ 5. کێوێکە لە ناچەی گێڵان غەرب لە کوردستان.

لالەش

زیارەتگای ئێزدییەکانی کوردستانە کە لە نێوان دهۆک و شنگال لە بادینان هەڵکەوتووە.

ئامێدی

ئامات، ئاماد، ئامێد، شارێکی خۆش و دڵگیره‌ له‌ سه‌ر لووتکه‌ی چیایه‌کی به‌رز، به‌رانبه‌ر به‌ سیلاڤ، یان سۆلاڤ له‌ کوردستانی باشوور. خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ زۆربه‌ی مه‌سیحی بوون و به‌ر له‌ هێرشی ئیسلام بۆ سه‌ر کوردستان چوونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و چیایه‌ و ئه‌و شاره‌یان له‌وێ ساز کردووه‌. بۆ چوونه‌ ناو ئه‌و شاره‌ ته‌نیا یه‌ک رێگا هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌ چیایه‌کی به‌رانبه‌رییه‌وه‌ بۆی ده‌چێ، ده‌نا چووار ده‌وری تا ده‌گاته‌ ئه‌و رێیه‌ی که‌ ده‌چێته‌ سه‌رێ بۆ شاره‌که‌، لێژ و هه‌ڵدێر و قه‌دپاڵی هه‌زاربه‌هه‌زاره‌ و خواره‌وه‌شی چۆمی گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام سه‌دام حسێن، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و ترس له‌ پێشمه‌رگه‌ رێگایه‌کی دیکه‌ی لێ کرده‌وه که‌ له‌ باری مێژوویییه‌وه‌ بایه‌خی هێنا خوارێ‌. بڕوانه‌ ئامێخ.

ژیلەمۆ

سکڵی وردی داری مێو، وردە سکڵ بن خۆڵەمێش کە دیسان دەتوانی ئاوری پێ بکەیتەوە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!