زۆرۆ
1. زۆران، زۆرەبازی؛ 2. کورتکراوەی نێوی (زۆراو)ە.
کەورین
1. کەڤرین، بەردین؛ 2. ئەمباری دەخڵ و دانەوێڵە؛ 3. بزنی سپی؛ 4. گوندێکە لەبن چیای (زۆزک) لە ناوچەی ڕواندز، لە باشووری کوردستان.
بۆکان
شارێکە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. بۆکان لە دوو وشەی (بەغ یان بوغ) و کۆی(ان) پێکهاتووە، بەغ و بوغ، بوگ یان بوک، واتە: خودا، بەخشندە، پێشەوا سەرۆک؛ لەسەردەمی زەڕدەشتییەکاندا دوو دەستە لە کار و باری بەڕێوەبردندا دەوریان هەبووە، (بوغەکان و موغەکان)، بوغەکان بەرپرسی کار و باری سەربازیی و موغەکان خەلیفەی کار و باری ئایینی بوونە؛ بەغ و بوغ، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بۆتە بۆگ و بۆک، کە لەگەڵ کۆی (ان) بووە بە بۆکان، واتە: جێگای خودا، پێشەوا، یان سەرداری جەنگیی زەڕدەشتییەکان؛ بۆکانیش شارێکی کۆنە و ماناییەکان لەوێدا ژیاونو، نموونەی دیکەشمان هەر لە دەوری شاری بۆکان و شوێنانی دیکەی کوردستاندا هەیە کە بەڵگە و گەواهن بۆ ئەم بانگاشەیەی ئێمە، وەکوو: گوندەکانی بۆگەبەسی، ئیسکی بەغدا، بێشاسپ، بێتووش، بێتبەگ، بەێتاس، بێژوێ و زۆری دیکە. بڕوانە بۆ بێتبەگ لە بەشی کوڕان.
پیچک
1. کفتەی ساواری سادە؛ 2. گیایەکە وەکوو پیاز بۆ کەلانە دەکاری دەکەن.
ئارۆن
1. نیشانەی چاکی؛ 2. نێودارێ له فەرماندەرانی مادی بچکۆڵه. بڕوانە وشەی ئار.
ئەنێش
ترس، خۆف، سام.
زێد
1. نیشتمان؛ 2. شار، گوند، یان شوێنێک کە لەوێ لەدایک بووبێتی.
ڕکان
باوەڕ، بڕوا. (رکانی پێ ناکەم).
ساراڵ
1. وشەیەکی تورکییە، واتە: زەرد؛ 2. ناوچەیەکی پڕلەوەڕ و بژوێنە لە رۆژاوای هەرێمی شاری سنە. ناوچەی ساراڵ بۆ ئاژەڵداریی یەکجار گرنگە و مەڕ و ماڵاتی زۆری لێ بەخێو دەکرێ. نیوبەشی شەگەل و مێگەلی گوندەکانی دوەروبەری سنە و تەنانەت شارەکانی نزیک سنەش بۆ پەروار، لەوێ بەخێو دەکرێ و دەنێردرێتە شارەکانی دیکەی ئێران و دەرەوەی ئێرانیش بۆ فرۆش.
کەتیرە
شیرەی وشکەوەبووی گەونی جەباری، کە بۆ دەرمان بەکار دەبرێ.