بازۆ

بازی بچووک.

لێزمە

رێژنە، رەهێڵە، شەس لاسامەی باران.

باشووک

نێوی کوردیی کێوێک بووە لە باکووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.

سەرپەل

1. چاخی دەستپێکردنی بارانی بەپەڵە؛ 2. لقی بەرەوژووری دار؛ 3. نانێ کە لەسەر سکڵ ببرژێ؛ 4. سەرکردەی 3 هەتا 50 کەس پێشمەرگە.

کەسپەر

چاوشین، چاوکاڵ.

ڕێژە

لێرەدا بە واتای سان و خۆنیشاندانی سپا و لەشکر دێ.

ڕازان

1. ئامادەبوون، وەکوو: ئەرێ هەر نەڕازان؛ 2. بە زاراوەی کرمانجیی واتە: خەوتن، نوستن، وەکو و: نەکە کەچێ دیا تە رازایە. واتە: مەکە کچێ دایکت خەوتووە؛ 3. حەکایەت و چیرۆک، سەرگەرمی قسە و باس، وەکوو: دانیشتوونەتە پای رازان نایبڕنەوە؛ 4. ناوچەیێکە لە 70 کیلۆمیتری شاری خوڕەماوا لە لوڕستان.

جاوان

1. ئەم وشەیە لە کۆندا (گاوان) بووە بە واتای گادار و ئاژەڵدار، بەڵام زاراوەی عەرەبی کردوویەتی بە جاوان و پاشانیش فارس به جابان؛ 2. گاوان هۆزێکی گەورەی کورد بوونە کە ئێستا شوێنەواریان بەم نێوە نەماوە، وەلێ دوور نییە ئەم هۆزە هەر هۆزی (جاف) بووبێ کە عەرەب ئاوەها گۆڕیبێتی و کردبێتی بە جاوان. بڕوانە گاوان. لە سەردەمی هێرشی عەرەب بۆ کوردستان، شاری تکریت، شاری سەلاحەدینی ئەیۆبی، لە ئێراق لە لایەن هۆزی (گاوان)ەوە پارێزراوە و زۆر جار لە ساڵەکانی 607 بۆ 616 ی زایین، شەڕی خوێناویی لە نێوان عەرەبە بیاوانگێڵەکان و هۆزی گاواندا رووی داوە کە دواتر بە زاڵبوونی ئیسلام لەوێ، ئەو هۆزەیان تەفروتوونا کرد و زۆربەی زۆریان هەڵداشتن بۆ خوراسان.

خانیان

1. هۆزێکی کوردە لە (جزیر و بۆتان) کە شێخ موحەممەد مەردۆخی کوردستانی لە مێژووی (کورد و کوردستان) دا دەڵێ: لە دەوروبەری بایەزید دەژین. بڕوانە خانی لەسەرەوە؛ 2. خانیان گوندێکە لە ناوچەی شاسواری شیراز کە قسەکردنیان تێکەڵێکە لە کوردیی و گیلەکی؛ 3. گوندێکە لە ناوچەی مەراغە و کوردیی قسە دەکەن.

زریزە

زنجیرۆکەی باریک.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!