سلیوان

سلیڤان، نێوی تیرەیەکی کوردە؛ شێخ موحەممەدی مەردۆخ لە مێژووی کورد و کوردستاندا دەڵێ: لەوە دەچێ کە لکێک بن لە هۆزی زازا لە دەوروبەری مووش و سەرا وماردین، لە باکووری کوردستان.

حاجیلە

گوڵێکی سپی ناوزه‌رده‌، گیایه‌که‌ له‌ناو ده‌خڵ ده‌ڕوێ.

ژەنگال

1. موورووی شین؛ 2. جۆرێک کۆترەکیویلەیە کە لە هەرێمی لوڕستان زۆرە.

ئارسان

نێوی هۆزێکی کوردە لە لای خوڕەماوا. بڕوانە وشەی ئار.

ساوان

ساو بە هەورامی واتە: گوڵ، (ساوان) یش دەبێتە: گوڵان.

ژیلیا

1. سەربزێو، بەجموجووڵ؛ 2. گوندێکە لە گەلیی لێتان سەربە ناوچەی رواندز لە باشووری کوردستان.

خەزان

1. خەزام، بەرۆش، مەنجەڵ، تێانە، قازان؛ 2. زەردبوونی گەڵای دار لە پاییزدا، گەڵاخەزان، گەڵاڕێزان، خەزەڵوەر؛ 3. تیانەی گەرماو یا حەمام.

زەردەشت

1. زەڕدەشت، زەڕەتاوەشتەرای، یان زەڕاوەشتەرای لە دوو وشەی (زەڕا) بەواتای (نوور) و (وەشتەرای) بەمانای (داباری) پێکهاتووە؛ 2. نێوی پێغەمبەری زەڕدەشتییەکانە خاوەنی کۆپەڕی ئاوێستا؛ 3. نێوی کۆنی شاری سەردەشت لە کوردستان کە شوێنەواری (ئاهوورامەزدا) و (ئەهریمەن) و (هێتی) و (گورگان)یش لێ ماوە؛ بڕوانە بۆ سەردەشت؛ کۆچکردوو مامۆستا زەبێحی لە پێشەکی "قامووسی زبانی کوردی" دا نووسیویە: زۆربەی ئەو زانا و رۆژهەڵاتناسانەی خەریکی ساقکردنەوەی ئاوێستا بوونە، رایان وایە زمانی ئاوێستایی یەکێک لە زمانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی خێزانە زمانی ئێرانییە و زەڕدەشت کۆپەڕەکەی خۆی لە دەوروبەری چەرخی حەوتەمی پێش عیسا لە باکتەریا "باختەر یان بەڵخ" نووسیوەتەوە؛ بەڵام پرۆفسۆر "پوورداوود" مامۆستای زانستگەی تاران و ئاوێستازانی بەنێوبانگی ئێرانیی لە سەرەتایەکدا کە بۆ "یەسنە" ی بەشێک لە ئاوێستا نووسیوە دەڵێ: (لەناو دەنگ و باسی مێژوونووسانی یۆنان و رۆما، خەبەری "خستانۆس" دەربارەی زەمانی زەڕدەشت جێگای باوەڕە و دەتوانین دەرکەوتنی پێغەمبەری ئێران لە دەوروبەری ساڵی 1080ی پێش عیسا بزانین؛ هەروەها کەم زانا و مێژووزان و کۆنینەناس هەن کە باوەڕیان نەبێ "زەڕدوشت" خەڵکی رۆژاوای ماد نەبێ، بەجۆرێکیتر گەلێکیان رایان وایە کە زەڕدەشت لە دەوری دەریاچەی ورمێ "چەئێچەستە" لە کوردستانی ئێستای ژێر دەسەڵاتی ئێران لە دایک بووە، بەڵام کاتێ باس هاتە سەر ئەو زمانەی کە ئاوێستای پێ نووسراوە، کەمیان بۆ ئەوە دەچن کە زەڕدەشت ئاوێستای بە زمانی مەوتەنی خۆی یانێ زمانی "مادیی" نووسیبێ، ئەوە بابەتێکە زۆری گفتوگۆ لەسەر کراوە، زۆرتر رێی تێدەچێ کە زمانی ئاوێستایی زاراوەیەکی مادیی بێ تا خوراسانیی یا باختەریایی. مەسەلەی مادیبوون و نەبوونی ئەو زمانەی کە ئێستا پێیدەڵێن: "ئاوێستایی" شتێکە هەروا دەمێنێتەوە تا ئەو رۆژەی دەربارەی زمانی مادیی زانیارییەکی ئەوەندە زۆر دەکەوێتە بەردەستی زانایان کە بتوانن دەگەڵ زمانی "ئاوێستایی"، بەراوردی بکەن و هەڵیسەنگێنن و رای خۆیان لەسەر دەرببڕن. ساڵی 1975 لە هەنگمتەنا یان هێگمەتانە پاتەختی "ماد"ەکان کۆشکێکی گەورە لەژێر خاک دەرکەوتووە، رۆژنامەکانی ئێران نووسیبوویان: تەختی جەمشید (پیرسپۆلیس)ێکی تازە لە هەمەدان دۆزرایەوە. بێگومان دەبێ ئەوە کۆشک و تەلاری پاشاکانی ماد بێ و هیوامان ئەوەیە ئاساری نووسراوی مادی لێدەرکەوێ و تیشکێکی تازە بخاتە سەر زمانی مادیی و تا رادەیەک لەدەست کوتان لە تاریکایی مێژوو رزگارمان بکا". بە کورتی بەر لەوەی کە ئایینی زەڕدەشت و ئاهوورامەزدا سەر هەڵبدا، بە پێی شوێنەوارەکانی شاری بۆکان و دەوروبەری، خودای گەورەی دانیشتوانی ناوچەکە (بەغ) بووە و ئەوەی کە روون بۆتەوە (مێهرپەرستی) یان دلۆڤانپەرستی ئایینی زاڵی ئەو سەردەمە بووە و دانیشتوانی ئەو شارانە رووگە و ئاورگەیان بۆ خودای (میترا) درووست کردووە و رێزگرتن لە ئاگر کە ئێستاش لەناو کورددا بەڕێز و خۆشەویستە، نەریتێک بووە کە لە ئایینی (میتراپەرستی)یەوە بۆ خەڵکەکە ماوەتەوە؛ خودای ئاناهیتایش لە کۆنەدێریکی ناوچەکەدا، خاوەنی ئاورگەی تایبەتی خۆی بووە و هەندێ لە مێژوونووسان دەڵێن: ئاگرپەرستی بە خودای (ئاناهیتا)وە بەسراوەتەوە؛ گردەکانی دەوروبەری بۆکان بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەم بانگاشەیە کە زۆرتر لە 30 گرد یان تەپۆڵکەی مێژوویین.

پرووسکە

پرۆسک، پریشکی ئاگر، پزووسکەی ئاور.

ئاترۆدات

ئه‌م نێوه‌ نێوێکی مادییه‌ و نێوی یه‌کێ له‌ نێوداره‌کانی ماد بووه‌ له‌ سه‌رده‌می پێش ده‌سه‌ڵاتداریی هه‌خامه‌نشییه‌کان. به‌ڵام حه‌مه‌ سدێق میرزا، له‌ کۆپه‌ڕی کورد و دیرۆکه‌تاڵانکراوه‌که‌یدا نووسیویه‌تی: (ئاترۆدات نێوێکی ئه‌فسانه‌یییه‌ که‌ که‌تسیاسی مێژوونووس، له‌ جێگای بابی کوورشی هه‌خامنشی هه‌ڵیبژارد و یه‌کێ له‌ خاڵه‌ لاوازه‌کانی تێبینییه‌که‌ی که‌تسیاس وابزانم ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ له‌ گه‌نجینه‌ نووسراوه‌کانی قڕاڵیه‌تی پارسدا وه‌ریگرتووه‌، یان له‌ زمانی خه‌ڵک بیستوویه‌تی.)

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!