ئەژی

1. دەژی، نامرێ؛ 2. دەهێنێ، هەڵدەگرێ. وەکوو ئەوەندە پارە هەڵدەگرێ و بەو نرخە گران نییە؛ 3. نێوی (ئەژی گۆران)ی شاعری کوردی کوڕی مامۆستا (گۆران)ی شاعیری پایەبەرزی کورده.

قەڵخان

1. قەڵغان، سپەر، سپێر؛ 2. دڕووەکەنگری وشکەوەبوو.

کەنی

کنا، کچ؛ کەنی و کنا دوو وشەی هەورامین، ژنان کاتێک پێکەوە قسە دەکەن، بە تایبەت لە ناوچەی سنە، ئەگەر یەکێکیان قسەکەی ئەوی دیکەی لا سەیر بێ، دەڵێ: دا بەسیەتی کەنی، یان بەسیەتی کنا! واتە بەسیەتی کچێ!

نامۆ

نائاشنا، نەشناس، نەناسراو، بیانی، بێگانە، غەریب.

ئارخەیان

1.دڵنیا، خاترجەم؛ 2. بێخەم، بێترس و دوودڵی .

بامەڕنی

1. هۆزێک کە ئیش و کاری ئاژەڵداریی بووبێ؛ 2. نێوی هۆزێکی کوردە؛ 3. گەورەگوندێکە بەرانبەر چیای سووارەتووکە لە باشووری کوردستان.

پەساردە

وەڵاوە نراو، لە قەراخەوە دانراو.

دارا

`1. دەوڵەمەن، لۆرت، بوودە، زەنگین؛ 2. دەرمانی چاوئێشە؛ 3. جۆرێک کۆتاڵ؛ 4. شارێکی کوردنشین بووە لە نێوان ماردین و نوسەیبین لە باکووری کوردستان؛ 5. نێوی کوڕی بارام پاشای (ماد) ە؛ 6. نێوی هەشتەمین پاشای گرێوارەی (کەیانییەکان)ە.

دەهاک

ئاژدەهاک، بە زاراوەی پالەوی کۆن، یان کەڵوڕی ئەمڕۆ، 1. (ئاژ) واتە: بەنرخ، بەڕێز، پیرۆز؛ 2. (دەهاک)یش دەبێتە: کوێخا، ئاغای گوند؛ 3. گەورەی تیرە و هۆز؛ 4. دەهاک نێوی هۆزێکی کوردی سەردەمی ساسانییەکان بووە کە دوای شەڕی قادسیە، بە دەستی سەلمانی فارسی و ئەبوو گاوانی کورد، بەرەبەرە بوون بە موسوڵمان.

سرۆ

واتای (بێژ) دەدا، وەکوو: کابرا زۆر چەقەسرۆیە، واتە قسەی زۆر دەکا؛ پاشگری وشەدووانەی چەقەسرۆیە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!