بەنگین
1. بەنگینە؛ 2. پیاوی باوەڕپێکراوی ئاغا؛ 3. خۆشەویست و جێگای بڕوای ئاغای گوند لە کوردەواری کۆندا؛ بۆ نموونە لە کوردەواریدا کۆندا، کاتێک ئاغا و بەگەکانی کوردستان نۆکەریان راگرتووە، هەر نۆکەرێک بە پێی چاکە و زەحمەتی خۆی بەرانبەر بە ئاغا، نازنێوی وەرگرتووە و بووە بە جێگای باوەڕی ئاغا. نازنێوەکانیش، لە خوارەوە بۆ سەرێ، بریتی بووە لە: چاپەز، نۆکەر، مەیتەر، میراخوڕ، بابنۆکەر! بابنۆکەر، دوایین پلەی خزمەتکارییە لە لای ئاغا کە ئیتر پاش ئەوە هەر کام لەو بابنۆکەرانە جێگای بڕوای ئاغا بن، بە (بەنگین) بانگ دەکرێن؛ 4. زیرەک و لەجێگا چەقیو لە کاتی تەنگانەدا؛ 5. وەکوو گەڵای دار؛ وەکوو نیشانە؛ 6. نێوی کوڕی وەزیری برایم پاشای (یەمەن) ە لە بەیتی (مەم و زین) دا. بەنگین لەگەڵ (کاکەمەم) پێکەوە گەورە دەبن و دوایی بەنگین دەبێ بە نۆکەری بەوەفا و هەتاهەتایی کاکەمەم لە چیرۆکەکەدا.
ڤێنووس
ئافرۆدیت، ڤینۆس، بتی ئەوین و جووانیی یۆنانییەکان بووە؛ رۆمییەکان بە ئافرۆدیتیان گوتووە: ڤینۆس و ڤینۆسیش یەکەمین پەیکەرێکە کە بە رووتی نوێنراوە؛ هەزبوود شاعیری یۆنانیی بە ڤینۆسدا هەڵیداوە و شیعری گوتووە؛ ئافرۆدیت نەک لە جووانیدا تاک و بێهاوتا بووە بەڵکوو دەسەڵاتی ئەوەشی هەبووە کە ئەو کەسانەی سەرنجیان بەرەو لای رادەکێشرا، لە داو بخا و مەیلیان بداتێ، هەر ئەویشە کە مەیلی بە (پاریس) کوڕی پاشای (تەروا) دا. بەنرخترین پەیکەری ئافرۆدیت (ڤینۆس)، دەسکردی (پراکسیتێڵ)ە کە ئێستا لە (واتیکان) ە و پەیکەرێکی دیکەش کە بەنێوبانگە و (مثلۆس) لێی داتاشیوە، لە پاریسە و دوو پەیکەری دیکەی ڤینۆس لە (رۆم) و (فلۆرانس) ە.
مەگروون
نێوێکی کۆنی ئارامییە و لە پیرەمەگروون وەرگیراوە؛ روانگەئەکی دیکەش هەیە کە دەڵێ: مەگروون لە بنەڕەتدا (گروون) بووە کە زاراوە گۆڕیویەتی و واتای کەوڵکردن و پێستگرتنەوە دەدا.
زینە
1. زیندی، زینگ؛ 2. زی، دڕکەزی؛ 3. ژن.
باساک
گوندێکە لە بناری چیای کاژاو، لەلای بەرزنجە لە ناوچەی سلێمانی.
مەدهۆش
1. سەرگەشتە و سەرگەردان؛ 2. نازنێوی شاعیرێکی کورد لە کوردستانی باشوور.
ئەردەهان
شارێکی کوردنشینە لە باکووری کوردستان.
هاوتا
1. وەکوو، وێنەی؛ 2. هاولف، هاوبەش.
ئارینۆ
نێوی کوردیی گوندێک بووە لە باکووری کوردستان کە دەوڵەتی فاشیستی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.
زەها
1. بیچووهێنان؛ 2. هەوەڵشیری دایک، ژەک.